لەخه‌ڵكه‌وه

ئه‌حمه‌د و جه‌میل؛ دوو جابی و دوو هیوای گه‌وره‌

2019-04-28

ئه‌حمه‌د و جه‌میل؛ دوو جابی و دوو هیوای گه‌وره‌
موسڵ، نیسانی 2019، ئه‌حمه‌د و جه‌میل به‌هۆی قه‌ره‌باڵغیه‌وه‌ له‌ پاسه‌كه‌ دابه‌زیون و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ پشوو ده‌ده‌ن فۆتۆ: عه‌لی ئه‌یاد

ئه‌حمه‌د (16 ساڵ)، له‌گه‌ڵ جه‌میل-ی هاوڕێی له‌سه‌ر شه‌قامی شوێنی وه‌ستانی پاسه‌كان دانیشتون، روده‌كه‌نه‌ خه‌ڵك و به‌ ده‌نگی به‌رز هاوارده‌كه‌ن؛ نه‌فه‌رێك بۆ به‌ری راست، ئه‌وه‌تا پاسی وادی حه‌جه‌ر، مه‌نسور جه‌دیده چه‌ند نه‌فه‌رێكی ماوه‌ تا بڕوات.

ئه‌و دوو مێرمنداڵه‌، له‌ به‌ره‌به‌یانه‌وه‌ تا ده‌مه‌ئێواره‌ هاوار له‌ خه‌ڵكی ده‌كه‌ن تا دوو نه‌فه‌ر زیاتر بچنه‌ ناو پاسه‌كانه‌وه‌، ئیشی ئه‌وان جابی-یه‌ و له‌ نێو پاسه‌كه‌ به‌ پێوه‌ ده‌وه‌ستن، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌ربگرن.

جه‌میل بۆ بژێوی خێزانه‌كه‌ی وازی له‌ خوێندن هێناوه‌، "قه‌ره‌باڵغی بژێوی ئێمه‌ی بڕیووه‌، ناچارین نزیكه‌ی كاتژمێرێك بوه‌ستین تا له‌ به‌ری چه‌په‌وه‌ ده‌چنه‌ به‌ری راستی موسڵ"، جه‌میل وای وت.

ژماره‌یه‌ك له‌ نه‌فه‌ره‌كان، له‌ پاسه‌كان داده‌به‌زن و به‌پێ له‌ پرده‌كه‌ ده‌په‌ڕنه‌وه‌، چونكه‌ زۆرجار به‌وشێوه‌یه‌ خێراتر ده‌كه‌ن وه‌ك له‌ ئۆتۆمبێل.

ئه‌حمه‌د و جه‌میل، له‌ شه‌قامه‌كه‌دا دانیشتبون تا پردی چوار به‌ره‌و به‌ری راست بكرێته‌وه‌، ئه‌حمه‌د وتی "قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌ وایكردووه‌ له‌گه‌ڵ نه‌فه‌ره‌كان ببینه‌ هاوڕێ، هه‌ركاتێكیش پاسه‌كان ده‌وه‌ستن به‌وهۆیه‌وه‌، داده‌به‌زین و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ داده‌نیشین تا پشویه‌ك به‌ قاچه‌كانمان بده‌ین".

هه‌موو رۆژه‌كانی ئه‌حمه‌د و جه‌میل دوباره‌یه‌، جه‌میل به‌رده‌وام خه‌ون به‌ بژێوییه‌كی باشتره‌وه‌ ده‌بینێت تا بچێته‌وه‌ خوێندن، ئه‌حمه‌دیش ده‌یه‌وێت له‌ داهاتوودا ببێته‌ ئه‌فسه‌ر و موسڵ بپارێزێت.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT