لەخه‌ڵكه‌وه

له‌ خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ر، بــاسما ماڵه‌كه‌ی كرد به‌ مۆزه‌خانه‌

2019-05-19

له‌ خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ر، بــاسما ماڵه‌كه‌ی كرد به‌ مۆزه‌خانه‌
مۆزه‌خانه‌كه‌ی باسما فۆتۆ: عەمار عەزیز

ناوم باسما هورزــه‌، ته‌مه‌نم 60 ساڵه‌ و له‌ منداڵییه‌وه‌ حه‌زم به ‌كاری هونه‌ری و وێنه‌كێشان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ قۆناغه‌كانی خوێندنیشدا وانه‌ی هونه‌ر لای من خۆشه‌ویستترین بوو، هه‌ر من وانیم، زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی خێزنه‌كه‌مان نیگاركێشن.
سه‌ره‌تای كاره‌كانم له‌ دروستكردنی په‌یكه‌ری دایكه‌ مریه‌م و سه‌ید مه‌سیح-ـه‌وه‌ بوو، ئه‌وه‌ش سێ مانگی پێچوو، چونكه‌ له‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ره‌نگاوره‌نگدا رازاندمنه‌وه‌.
له‌به‌ر هۆگری زۆرم بۆ هونه‌ر، له‌ ساڵی 2010 بڕیارمدا ماڵه‌كه‌م بكه‌م به‌ مۆزه‌خانه‌، چونكه‌ خانوه‌كه‌م له‌ به‌شی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه‌سازی هونه‌ری بوو، بۆیه‌ ئێستا هه‌ر كه‌سێك بێته‌ ئه‌لقوش سه‌رێك له‌ ماڵه‌كه‌ی منیش ده‌دات.
جگه‌ له‌ نیگاركێشی، له‌ نوسین و ده‌رهێنانی دراما و شانۆییدا كارده‌كه‌م، به‌شداربوم له‌ ده‌یان دراما و شاتۆ وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی سه‌ره‌كییم بینیووه‌ و به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ شانۆییه‌كانم له‌ ئه‌لقوش و چه‌ند شارێكی تری عیراق، به‌ تایبه‌ت له‌كاتی بۆنه‌كاندا نمایشكراون.
رۆژانه‌ به‌ كاری نوێی هونه‌ریییه‌وه‌ سه‌رقاڵم، له‌گه‌ڵ ئیشی ده‌ستی له‌ نێویاندا جلوبه‌رگی كه‌لتوری ناوچه‌ی ئه‌لقوش، بۆ كاره‌كانی پێشتر پێشانگام له‌ دهۆك، باشیك و ئه‌لقوش كردۆته‌وه‌، به‌رنامه‌م بۆ چه‌ند كارێكی تری دراما و نیگاركێشی هه‌یه‌.
زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ خزمه‌تی که‌لتوری پێکه‌وه‌ژیان ده‌كه‌م له‌ ناحیه‌ی ئه‌لقوش-ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام هیچ رێزێک له‌ ماندووبونه‌كانم نه‌گیراوه‌، مامه‌ڵه‌كانم پێشكه‌شی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ تا موچه‌یه‌كی مانگانه‌م پێبدرێت، به‌ڵام ئه‌ویش بێسود بووه‌ و هاوكاری ناكرێم.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT