عیراق لە راگوزەردا

زەهرا خانەقین رەنگڕێژ دەكات

  • 2019-08-20
زەهرا خانەقین رەنگڕێژ دەكات
زەهرا نەعمان، تەمەن 30 ساڵ لە کاتى وێنەکێشاندا

ناوم زەهرا نوعمانە و 30 ساڵم، لە خانەقین دەژیم، رۆژانە بە فڵچە و بۆیە دەستدەكەم بەڕەنگڕێژكردنی سیمای شارەكەم، دەمەوێت شەقامەكان جوانتر بكەم.

سەرەتا بۆ ماوەی ساڵێك کاری وێنەکێشانی سەر دەرگا، پەنجەرە، دیوار و شوێنەگشتییەکانم دەكرد، دواتر هەندێك دیمەنی شارم بینی پێم جوان نەبون، بۆیە بیرمكردەوە ئەو شوێنانە رەنگڕێژ بكەم.

هەر لە منداڵییەوە حەزم بە کاری وێنەکێشان بوو، زۆرجار دوای تەواوبونی ئەرکەکانی خوێندنم وێنەم کێشاوە و بۆیەم بۆ ماڵی خۆشمان کردووە، ئەم خولیایەم بەردەوام بوو تاکو پێگەیشتم. ئێستا 15 ساڵە ئەزمونی وێنەكێشانم هەیە. قۆناغی ١٢ی ئامادەییم لە ئێران تەواوكرد، كە گەڕاینەوە خانەقین، كێشەی زمانم بۆ دروستبوو لە خوێندنگە تێنەدەگەیشتم، بۆیە دوركەوتمەوە. بەڵام كۆڵمنەداو بڕیارمدا بەردەوامبم، تا پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی خانەقینم تەواوكرد.

خەڵكی دەستخۆشیم لێدەكەن، ئەوانەشی توانجم لێدەدەن بەڕەنگكردنی زیاتر و جوانتر وەڵامیان دەدەمەوە، هیچ شتێك لەم ئامانجەم رامناگرێت. ئەگەر پشتگیری بكرێم كچانی تر فێردەكەم. رەنگەکان تێكەڵدەكەم، شار جوانتر و دەرونی خۆشم ئاسودە دەكەم، لەپاڵ ئەوەشدا پەیامی ئاشتیی و پێكەوەژیان بە خەڵكی قەزاكە دەدەم.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT