چیرۆكی من
تاڵاوی دیلیه‌تی به‌ دنياى ناساند
ئیمان عه‌بدوڵا فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

یه‌كه‌مجار چه‌كدارانی داعش تیروپشكیان كرد بۆ كچه‌ رفێنراوه‌كان؛ ناوی من بۆ پیاوێكی ته‌مه‌ن 40 ساڵ ده‌رچوو

تاڵاوی دیلیه‌تی به‌ دنياى ناساند

  • 2019-12-08

له‌ ژیانی ژێر ده‌سته‌یی داعشدا، خه‌ونی گه‌وره‌ی ئیمان ئازادیی بوو، به‌وه‌ش گه‌یشت و هه‌ر نه‌وه‌ستا، تا كچانی تری هاوئایینیی رزگاربكات.

كه‌م كۆڕ و كۆنفرانس هه‌بوو، ئه‌و كچه‌ ئێزیدییه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی رۆژانی تاڵی دیلیه‌تی خۆی به‌شداری تێدانه‌كات، ته‌نیا له‌ پێناو یه‌ك ئامانجدا؛ هانی جیهان بدات له‌ ئاست رفێراواندا بێده‌نگ نه‌بن.

"دوای رزگاربونیشم، به‌رده‌وام بووم له‌ ژیان و چه‌ند مانگێك له‌ نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ژێر ده‌ستی داعش كارمكرد" ئیمان وای وت.

ئیمان عه‌بدوڵا ئیلیاس (18 ساڵ)، له‌ تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵدا، یه‌كێك بوو له‌ براوه‌كانی خه‌ڵاتی جیهانی دایكه‌ تێرێزا وه‌ك به‌شێك له‌ نوسینگه‌ی رفێنراوان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بێده‌نگنه‌بونی به‌رانبه‌ر داعش و هه‌وڵه‌كانیه‌وه‌ بۆ ئاشته‌وایی.

ئه‌و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌؛ ده‌زگای هارمۆنی فوه‌نده‌یشن، ساڵانه‌ له‌ هیندستانه‌وه‌ ده‌یداته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ ئاشتی، پێكه‌وه‌ژیان و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیدا.

ئه‌و رێگه‌یه‌ی ئیمان-ی به‌ خه‌ڵاته‌كه‌ گه‌یاند، چیرۆكی راوه‌ستانی بوو دژ به‌ رابردوویه‌كی پڕ له‌ توندوتیژی و خوێناویی، ئه‌ویش سه‌رده‌می په‌لامار و حوكمڕانی داعشه‌.

مه‌رجی ئازادكردنم له‌به‌ركردنی 102 ئایه‌تی قورئان بوو

دوو خوشك و دوو برا، له‌گه‌ڵ دایك و باوكیاندا له‌ 3ی ئابی 2014 كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش، كاتێك نیشته‌جێی گوندی ته‌لقه‌سه‌بی قه‌زای شنگال بون له‌ خۆرئاوای نه‌ینه‌وا.

ئیمان له‌ 15 مانگدا سێجار له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كڕین و فرۆشتنی پێوه‌كرا.

"یه‌كه‌مجار چه‌كدارانی داعش تیروپشكیان كرد بۆ كچه‌ رفێنراوه‌كان؛ ناوی من بۆ پیاوێكی ته‌مه‌ن 40 ساڵ ده‌رچوو به‌ ناوی جه‌عفه‌ر، به‌ ئه‌بو كه‌ره‌م بانگیان ده‌كرد و كه‌سێكی زۆر خراپ بوو، ده‌ستدرێژی كرده‌سه‌رم".

دوای پێنج رۆژ، چه‌كداره‌كه‌ی داعش ئیمان به‌ چه‌كدارێكی تر ده‌فرۆشێت، به‌ هه‌زار دۆلار، "ئه‌ویش له‌ ئه‌بو كه‌ره‌م خراپتر بوو، ژنه‌كه‌یشی له‌ خۆی خراپتر، تا زۆری لێكرد و منیان فرۆشته‌وه‌ به‌ كه‌سێكی تر".

ئه‌بو ئه‌حه‌مه‌د، سێیه‌م كڕیاری ئیمان بوو، پزیشكێكی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا بوو له‌ نێو داعش، له‌ماڵی ئه‌وه‌وه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئازادیی ئیمان ده‌ستیپێكرد.

"مه‌رجی ئازادكردنی منی به‌ سته‌وه‌ به‌ له‌به‌ركردنی 102 ئایه‌تی قورئان، له‌ مانگێك و چوار رۆژدا مه‌رجه‌كه‌ییم به‌جێهێنا، 102 ئایه‌تی قورئانم له‌به‌ركرد و ئازادی كردم".

eman
ئیمان له‌ مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی دایكه‌ تێرێزا له‌ هیندستان

ئیمان و خێزانه‌كه‌ی، دوای ساڵێك و سێ مانگ له‌ دیلی رزگاربون و به‌هاوكاری نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیی،‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری ژێرده‌ستی داعشیان به‌ره‌و دهۆك به‌جێهێشت.

ئه‌و نوسینگه‌یه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، دۆسیه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار رفێنراوی ئێزیدی لایه، له‌ كچ و ژن و منداڵ، كه‌ هێشتا چاره‌نوسی نزیك به‌ نیوه‌یان نادیاره‌.

ئیمان له‌گه‌ڵ رزگاربونیدا، نه‌یتوانی ده‌سته‌وه‌ستان بێت به‌رانبه‌ر رفێنراوانی تری هاوئاینیی، ده‌یویست هه‌م شه‌ڕانگێزی داعش به‌ دنیا بناسێنێت و هه‌میش له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی مه‌ینه‌تی كچانی ئێزیدیدا، رێگه‌یه‌ك بۆ هاوكاریكردنیان بدۆزێته‌وه‌.

له‌ ساڵیادێكی روداوه‌كانی ئابی 2014ی شنگال، ئیمان بۆ یه‌كه‌مجار چیرۆكه‌كه‌ی خۆی باسكرد، له‌وێدا و راسته‌وخۆ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری بۆ هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و و نوسینكه‌ی رفێنراوان نیشاندا.

هیچ شتیكی دنیا نیه‌ كه‌مێك له‌ ئازاری رۆژانی ژێرده‌سته‌یی داعش كه‌مبكاته‌وه‌

"وتارێكی جوان و رێكوپێكم پێشكه‌شكرد، سه‌رنجی ئاماده‌بونی ساڵیاده‌كه‌ی راكێشا"، ئه‌وكات ئیمان له‌ نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان بوو، كه‌ دواتر و به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ وازیهێنا.

ئێستا ئیمان خوێندكاره‌ له‌ قۆناغی 11ی زانستیی، له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ كوردستان – دهۆكیش كۆرسی فێربونی زمانی ئینگلیزی ده‌خوێنێت، تا باشتر به‌سه‌رهاتی كچانی ئێزیدی به‌ دنیا بناسێنێت.

"هه‌ستێكی زۆر خۆش بوو خه‌ڵاتی دیكه‌ تێرێزام وه‌رگرت، هه‌رچه‌نده‌ هیچ شتیكی دنیا نیه‌ كه‌مێك له‌ ئازاری رۆژانی ژێرده‌سته‌یی داعش كه‌مبكاته‌وه‌، به‌ڵام لانیكه‌م واده‌كات خه‌مه‌كانم بۆ سه‌ركه‌وتن بگۆڕم" ئیمان وای وت، كه‌ بڕیاریداوه‌ كۆڵنه‌دات و هێشتا پێیوایه‌ له‌ سه‌ره‌تای رێگه‌كه‌دایه‌.

 

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT