كورد له‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو جلی كوردی پۆشی

كورد له‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو جلی كوردی پۆشی
كه‌ركوك/10ی ئازاری 2019/ ئاهه‌نگی خوێندنگه‌ كوردییه‌كان له‌رۆژی جلی كوردیدا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

خوێندكاران و مامۆستایانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو به‌ جلی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌وامیان كرد، ئه‌وه‌ش له‌ رۆژی جلی كوردیدا. به‌ڵام زانكۆی كه‌ركوك به‌ بڕیار جلی نه‌ته‌وه‌یی قه‌ده‌غه‌كردووه‌.

له‌ زۆرینه‌ی خوێندنگه‌‌ كوردییه‌كان، مامۆستایان و خوێندكاران به‌ جلی كوردییه‌وه‌ پێشوازییان له‌و رۆژه‌ كرد، ئاهه‌نگیان گێڕا و گۆرانیان وت.

خوێندنگه‌ی كوێستان له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ی كه‌ركوك تایبه‌ت كرا به‌ رۆماڵی میدیاكان له‌ رۆژی جلی كوردیدا، تیایدا له ‌وتاری خوێندنگه‌كه‌ جه‌ختكرایه‌وه‌ "شانازی ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م جله‌ ده‌پۆشین و وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو به‌رگری له‌ پۆشینی جل و كلتوری خۆمان ده‌كه‌ین، ده‌توانین بڵێین ناوازه‌ترین جلی نه‌ته‌وه‌ییه‌".

شانازی ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م جله‌ ده‌پۆشین و وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو به‌رگری له‌ پۆشینی جل و كلتوری خۆمان ده‌كه‌ین

هه‌روه‌ها شێرزاد ره‌شید كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی، وتی "ئه‌مڕۆ هه‌موو خوێندنگه‌ كوردییه‌كان به‌ جلی كوردییه‌وه‌ ده‌وامده‌كه‌ن و شانازی به‌ جلی نه‌ته‌وه‌یی و كلتوری خۆمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ له‌ باووباپیرانمانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ و هیوادارین له‌یاده‌كاندا به‌رده‌وام خوێندكاران و مامۆستایان ئه‌م جله‌ بپۆشن".

كه‌ركوك/10ی ئازاری 2019/ خوێندكارێكی خوێندنگه‌ی كوێستان وتاری ده‌ستپێكردنی ئاهه‌نگی رۆژی جلی كوردی ده‌خوێنێته‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك/10ی ئازاری 2019/ خوێندكارێكی خوێندنگه‌ی كوێستان وتاری ده‌ستپێكردنی ئاهه‌نگی رۆژی جلی كوردی ده‌خوێنێته‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

دوزخورماتوو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ جلی كوردی

له‌ قه‌زای دوزخورماتوو سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، به‌شێك له‌ خوێندنگه‌ كوردییه‌كان به‌جلی كوردییه‌وه‌ ده‌وامیان كرد، جگه‌له‌وه‌ش خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ش له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌هه‌مان شێوه‌ جلی كوردییان پۆشی.

هارون نه‌جات، مامۆستاى خوێندنگەى دواناوەندى کوردستانى کچان لە قه‌زای دوزخورماتوو، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "خوێندنگەکەمان وەک هەمیشە یادى جلى کوردیمان کردۆتەوە و ئەمڕۆش زۆرینه‌ی خوێندكارانمان به‌ جلی كوردیه‌وه‌ ده‌وامیان كرد".

"کێشە و گرقتمان نەبوو و ناچارنه‌كراین بۆ ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌م یاده‌"، هارون وایوت.

نەوزاد قادر، له‌ یەکێتى مامۆستایانی كوردستان لە قەزاى دوزخورماتوو وتی "بە هەموو خوێندنگە کوردییەکانمان وتووە بە ئارەزوی خۆیان و هەر خوێندنگەیەک پێی باشە دەتوانێت ئه‌و یادەکە بكاته‌وه‌".

بە هەموو خوێندنگە کوردییەکانمان وتووە بە ئارەزوی خۆیان و هەر خوێندنگەیەک پێی باشە دەتوانێت ئه‌و یادەکە بكاته‌وه‌

وتیشی "ژمارەیەک خوێندنگه‌ یاده‌كه‌یان نه‌كرده‌وه‌ چونكه‌ چاوه‌ڕێی نوسراوی ره‌سمی په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكه‌ بون، هەرچەندە ئێمە پەروەردەى قەزاى دوزخورماتومان ئاگادارکردەوە و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕى بۆ ئه‌وه‌".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدابوو دۆخی كورد له‌ قه‌زای دوزخوماتوو باش نه‌بوو دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكۆتبه‌ری رابردوو كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌كانی تری جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشێی كرد، به‌هۆیه‌وه‌ خێزانه‌ كوردیه‌كانی ئه‌و قه‌زایه‌ ئاواره‌بون.

له‌ چه‌ند مانگی رابردودا دۆخی كورد له‌ قه‌زاكه‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوا، له‌سه‌دا 80ی ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و خوێندن و ده‌وامیان ئاسایی ده‌ستپێكردۆته‌وه‌.

له‌ زانكۆی كه‌ركوك، به‌پێی بڕیارێكی پێشوی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، ده‌وامكردن به‌ جلێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، ئه‌و بڕیاره‌ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانه‌ و ئه‌مڕۆش جارێكی تر په‌یڕه‌وكرایه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT