ئاگری نه‌ورۆز ده‌برێته‌ قه‌ڵای كه‌ركوك

ئاگری نه‌ورۆز ده‌برێته‌ قه‌ڵای كه‌ركوك
كه‌ركوك/20ی ئازاری 2017/ كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز له‌سه‌ر قه‌ڵای دێرینی شاره‌كه‌ و هه‌ڵكردنی هه‌ردوو ئاڵای عیراق و هه‌رێمی كوردستان پێكه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

حزبه‌ كوردییه‌كان، له‌دواین دانیشتنیاندا بڕیاریاندا ئاهه‌نگه‌كانی ئازار به ‌هاوبه‌شی بكه‌نه‌وه‌، له‌نێویاندا ئاگری نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ببه‌نه‌ سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌ندێك نیگه‌رانی هه‌یه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ رێگریكردن له‌ فرۆشتنی ئه‌و شتومه‌ك و یارییانه‌ی به ‌ئاڵای هه‌رێمی كوردستان نه‌خشێنراون له‌ به‌شیك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیاندا، كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا خوێندیانه‌وه‌، حزبه‌ كوردییه‌كانی له‌ كه‌ركوك جه‌ختیانكرده‌وه‌ "یاده‌كانی 16ی ئازار له‌وانه‌ رۆژی كییمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، راپه‌ڕین و نه‌ورۆز به‌ هاوبه‌شی ده‌كه‌ینه‌وه‌".

"20ی ئازار ئاگری نه‌ورۆز له‌سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ڕاستیدا هه‌ندێك ورده‌كاریمان پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك خه‌ڵكی تردا باسی بكه‌ین، چونكه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و رۆژه‌ یه‌كلاینه‌بوینه‌ته‌وه‌، نازانین ئه‌و رۆژه‌ هه‌ڵیده‌كه‌ین یان نا"، به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یان.

20ی ئازار ئاگری نه‌ورۆز له‌سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك ده‌كه‌ینه‌وه‌

له‌ 16ی ئازاری ساڵی 1988 حزبی به‌عسی روخێنراو شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیابارانكرد، به‌هۆیه‌وه زیاتر له‌‌ پێنج هه‌زار كه‌س بونه‌ قوربانی، ساڵانه‌ له‌و رۆژه‌دا یادی ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌كرێته‌وه‌.

هاوكات ساڵانه‌ له‌ 20ی ئازاز و له‌ جه‌ژ‌نی نه‌ورۆزدا (یه‌كه‌م رۆژی ساڵی نوێی كوردی) ئاگر ده‌كرێته‌وه‌ و جلوبه‌رگی كوردی ده‌پۆشرێت، له‌ هه‌مان رۆژداو له‌ ساڵی 1991 پێشمه‌رگه‌ هێرشیكرده‌ سه‌ر كه‌ركوك و چه‌ند رۆژێك حزبی به‌عسی له‌و شاره‌ ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش بۆ كورد بۆنه‌یه‌كی تره‌.‌

جەنگی عزەدین، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری یادەکانی ئازار و ئەندامی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک، به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "لیژنەیەک لەلایەن حزبە کوردستانییەکانی کەرکوکه‌وه‌ دروستکراوە بۆ ئاماده‌كاریی یاده‌كان، به‌ڵام تائێستا شێوازی ئاگركردنەوەی نەورۆز به‌ تەواوی رون نییە، بەڵام یادەکە لەسەر قەڵای کەرکوک وه‌کو ساڵی پاڵ دەکرێتەوە".

هه‌موو ئه‌وانه‌، نیگه‌رانی یادە ئەحمەد، گه‌نجێكی دوکانداری  گەڕەکی فەیلەقی شاری کەرکوکی ناڕه‌وانده‌وه‌‌، كاتێك هه‌فته‌ی رابردوو وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هێزێکی سەربازی چونه‌ته‌ سەر دوکانەکەیی و "هه‌موو ئەو کۆلارانەیان بردووە کە به‌ ئاڵای کوردستان نه‌خشێنرابوون".

هه‌موو ئەو کۆلارانەیان بردووە کە به‌ ئاڵای کوردستان نه‌خشێنرابوون

یاده‌ وتی "کۆلارەکانیان برد و پێیانوتم کە چیتر نەیفرۆشێت، چونکە قەدەغەیە".

به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ ئاهه‌نگی جلی كوردیدا، ئاڵای كوردستان له‌ هه‌ندێك خوێندنگه‌ هه‌ڵواسرابوو، كاتێك وتاریان ده‌دا و هیچ كێشه‌كیش روینه‌دا.

كه‌ركوك/ئازاری 2019/ كۆلاره‌یه‌كی نه‌خشێنراو به‌ ئاڵای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاسمانی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

كه‌ركوك/ئازاری 2019/ كۆلاره‌یه‌كی نه‌خشێنراو به‌ ئاڵای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاسمانی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

به‌ڵام یادە، بە گریانەوە قسەی بۆ (کەرکوک ناو)ی وت "من بۆ كۆلاره‌كانم ناگریم، بەڵکو بۆ ئەوە دەگریم کە دەسەڵاتی هه‌ڵدانی ئاڵایه‌كمان نییه‌".

به‌پێی دوو سه‌رچاوه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چه‌ند دوكانێكی گه‌ڕه‌كی فه‌یله‌قی كه‌ركوكیان ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان نه‌فرۆشن.

به‌ڵام له‌ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا، تیمی (كه‌ركوك ناو)، تێبینیكرد ده‌یان منداڵان هه‌مان ئه‌و كۆلاره‌یه‌ ده‌فرۆشن و هه‌ڵده‌كه‌ن كه‌ ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی پێوه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT