به‌ پشتیوانی به‌غدا؛ هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵكردن له‌ دانیشتوانی گوندێكی كه‌ركوك ده‌كرێت

به‌ پشتیوانی به‌غدا؛ هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵكردن له‌ دانیشتوانی گوندێكی كه‌ركوك ده‌كرێت
كه‌ركوك/10ی ئازاری 2019/ كۆبونه‌وه‌ی دانیشتووانی گوندی ته‌رجيل له‌ ناحیه‌ی له‌یلان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی - كه‌ركوك

ژماره‌یه‌ك خێزانی عه‌ره‌ب ده‌چنه‌ سه‌ر گوندی ته‌رجيل له‌ ناحیه‌ی له‌یلان كه‌ ته‌واوی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و داوای جێهێشتنی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان لێكردون، خێزانه ‌كورده‌كان كه‌ تاپۆی زه‌وییه‌كانیان هه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان لێكردون و كێشه‌كه‌ به‌ ‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی 2018ه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، كاتێك راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌پێی چه‌ندین نوسراو داوای ئاسانكاریی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه عه‌ره‌به‌كان كرد بۆ ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵیانه‌ی كه‌ به‌پێی بڕیاری به‌عس له‌ حه‌فتاو هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شێوه‌ی ‌گرێبه‌ست به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌دا دابه‌شكرابوو.

فایق شوکور زەینه‌ڵ، دانیشتوى گوندى تەرجيل، كه‌ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی ئازار خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان داوای چۆڵكردنی گونده‌كه‌یان لێكرد، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "خاوه‌نی تاپۆی ئه‌م زه‌وییانه‌ین، بەڵام لەساڵى 1987و به‌ بڕیاری حزبی به‌عس زه‌وییه‌كانمان لێسه‌ندرایه‌وه‌ و به‌گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی هاورده‌دا دابه‌شكرا، تا ساڵی 2003، ئێستا جارێكی تر ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ هاتو‌نه‌ته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت ده‌ستبگرن به‌سه‌ر زه‌وییه‌كانماندا".

كه‌ركوك/10ی ئازاری 2019/ گوندی ته‌جه‌ل له‌ ناحیه‌ی له‌یلان باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی
كه‌ركوك/10ی ئازاری 2019/ گوندی ته‌رجيل له‌ ناحیه‌ی له‌یلان باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

"چەند گلەییمان لە ئیدارەى ئێستای کەرکوک هەیە، دوو ئەوەنده‌ گلەیی و رەخنەمان لە ئیدارەى کوردی هەیە، کە نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن... ئه‌مه‌ چەندین جار هەڵدەکوتنە سەرمان، بەغدا باش دەزانێت کە کارکردن بە گرێبەست راوەستاوه‌، بەڵام ئه‌وان به‌ پشتیوانی ئیداره‌ی ئێستا كه‌ركوك هاتونه‌ته‌ سه‌رمان"، فایه‌ق شوكور وایوت.

زیاتر وتی "ئێمه‌ گوندەکه‌مان چۆڵناکەین و داواده‌كه‌ین به‌زوترین کات کێشەکە چارەسەربکرێت، بەرلەوەى خوێن لە نێوانماندا بڕژێت".

به‌پێی بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ باكوری سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی به‌عس، كه‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كورد به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكرا، ئه‌وه‌ش له ‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه‌ كورده‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ روخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003، كورد ته‌واوی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌.

حه‌سەن عەلى، دانیشتوى گوندى تەرجيل بە (کەرکوک ناو)ی وت "هه‌موو گوندەکانی ناوچه‌كه‌ روبه‌ڕوی ئه‌م كێشه‌یه‌ بونه‌ته‌وه‌... ئه‌گەر یاسا سەروەربێت دەبێت زەوییەکان بۆ خاوەنى راستەقینەى خەڵک بگەڕێتەوە".

وتیشی "ئەو کەسانەى کە هاتبون بۆ سه‌ر گونده‌كه‌مان نوسراویان پێبوو، به‌ڵام نه‌مانزانی چ لایه‌نێك پشتیوانیان ده‌كات".

ئەو کەسانەى کە هاتبون بۆ سه‌ر گونده‌كه‌مان نوسراویان پێبوو، به‌ڵام نه‌مانزانی چ لایه‌نێك پشتیوانیان ده‌كات

محه‌مەد ویس عەلى، بەڕێوەبەرى ناحیەى لەیلان، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ له ‌ساڵی 1987 ئه‌م زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌یان به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌ به‌ بیانوی پشتێنی ئه‌منی، دوای ساڵی 2003 گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی خۆیان بۆ پارێزگاكانی به‌غداو خواروی عیراق، به‌ڵام له‌ئێستادا جارێكی تر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌".

"ئەو خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌، دەچن نوسراوێك لە بەڕێوەبەرایەتى زەویوزاری بەغداوە دەهێنن و دێن داوا له‌ كورد ده‌كه‌ن زه‌وییه‌كانیان چۆڵبكه‌ن، به‌ڵام من راستییه‌كه‌ی ده‌ڵێم كورد تاپۆی ئه‌و زه‌وییانه‌یان هه‌یه‌ به‌ر له‌و گرێبه‌ستانه‌ی عه‌ره‌ب"، محه‌مه‌د وه‌یس كه‌ خۆی توركمانی سوننه‌یه‌ وایوت.

وتیشی "ئاگادارى پارێزگارى کەرکوک و حکومەتى ناوەندی دەکەمەوە کە ئەم کێشەیە پشتگوێنەخەن، ئه‌گەرنا کێشەى زۆر گەورەى لێدەکەوێتەوە و هاوڵاتیان و حکومەتیش زەرەرمەند ده‌بن".

محه‌مەد ویس عەلى، بەڕێوەبەرى ناحیەى لەیلان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

محه‌مەد ویس عەلى، بەڕێوەبەرى ناحیەى لەیلان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "ئه‌گەر خەڵکى قەزاى مەحمودیە لە خواروى بەغداوە رازیبن ئێمە بچینە سەر ماڵ و حاڵى ئەوان و لێی نیشته‌جێبین، ئه‌وا ئێمه‌ش رازی ده‌بین... تا لێرە  دەسەڵاتداربم بە هیچ شێوەیەک رازى نابین لیژنەی پشكنین دەربچێت بۆ سەر زەوییەکان، چونکە هەمومان راستییەکان دەزانین ئیتر چی پێویست دەکات خۆمان هەڵخەڵەتێنین".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT