ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ 24 كاتژمێردا

ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ 24 كاتژمێردا
دياله‌، 2018، هه‌ڵمه‌تێكی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ گوندێكی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

گه‌نجێك كوژرا و چه‌ند كه‌سێكی تر برینداربون، به‌هۆی بۆردومانی هاوه‌ن له‌ دیاله‌ و ده‌یان كه‌سیش له‌ ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستگیركران به‌ تۆمه‌تی جیاواز، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا.

ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 13ی ئازار له‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ له‌ پارێزگای دیاله‌، به‌هۆی بۆردومانی گه‌ڕه‌كێكی كۆنی ناحیه‌كه‌وه‌ به‌ هاوه‌ن گه‌نجێك كوژرا و پێنج كه‌سی تر برینداربون.

وه‌سفی ته‌میمی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌وه‌ی رویدا تاوانێكی ناشرین بوو به‌رانبه‌ر خه‌ڵكانی بێتاوان، به‌هۆیه‌وه‌ كوژراوێك و پێنج بریندارمان هه‌یه‌ كه‌ باری ته‌ندروستییان جێگیر نیه‌".

"گه‌ڕه‌كه‌كانی قه‌ته‌په‌ مه‌ینه‌تی زۆریان روبه‌روبۆته‌وه‌ له‌ شه‌ڕی بۆردومانی هاوه‌ن به‌درێژایی مانگه‌كانی رابردوو، ئه‌وه‌ش ناوبه‌ناو روده‌دات و بێتاوان ده‌كاته‌ قوربانی جگه‌ له‌ زیانی زۆر بۆ ماڵ و باڵه‌خانه‌كان" به‌وته‌ی ته‌میمی.

سه‌رباری كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ عیراق به‌ڵام هێشتا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ سه‌قامگیری ته‌واوی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و ناوبه‌ناو هێرشی چه‌كداری و روداوی جیاوازی ئه‌منی روده‌ده‌ن.

دیاله‌، شوباتی 2019، ناوه‌ندی ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی حه‌شدی شه‌عبی
دیاله‌، شوباتی 2019، ناوه‌ندی ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌                    فۆتۆ: راگه‌یاندنی حه‌شدی شه‌عبی

ئه‌بو ئیسماعیل، باوكی یه‌كێك له‌ برینداره‌كانی دیاله‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆردومانه‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بوو كه‌ هێشتا له‌ ده‌وروبه‌ری ناحیه‌كه‌ و چیای حه‌مرین ماون"، رونیشیكرده‌وه‌ گه‌ڕه‌كی كۆنی قه‌ره‌ته‌په‌ هه‌شته‌م جاره‌ ببێته‌ ئامانجی بۆردومانی هاوه‌ن له‌ 13 مانگی رابردودا.

دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌ره‌ته‌په‌، له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت به‌ سه‌رپه‌رشتی حه‌شدی شه‌عبی، دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی داعش له‌ كۆتایی 2014دا.

ئه‌حمه‌د موسا، چاودێری ئه‌منی له‌ دیاله‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌ ئامانجگرتنی گه‌ڕه‌كی كۆنی قه‌ره‌ته‌په‌ كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی تێدایه‌ له‌ پیلانه‌كانی داعشه‌ بۆ دروستكردنی فیتنه‌ له‌و ناحیه‌یه‌دا"، وتیشی "شه‌ڕی هاوه‌ن زۆر مه‌ترسیداره‌ و مشتومڕ له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی ناحیه‌كه‌ دروستده‌كات و توانای داعش نیشانده‌دات بۆ به‌ ئامانجگرتنی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌كاتێكدا به‌رده‌وام ده‌وترێت داعش كۆتایی هاتووه‌".

داواشیكرد هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی ئه‌نجامبدرێت بۆ كۆتایی به‌ شه‌ڕی هاوه‌نه‌كان له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ به‌وپێیه‌ی بۆته‌ هۆی دروستبونی ترس و دڵه‌ڕاوكێ.

جگه‌ له‌ دیاله‌، رۆژانه‌ش له‌ سنوری پارێزگای كه‌ركوك، به‌ تایبه‌ت ناوچه‌كانی باشور و خۆرئاوا روداوی ئه‌منی تۆمارده‌كرێت.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك شه‌وی رابردو له‌ ناحیه‌ی ره‌شاد هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی ئه‌نجامدراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، چه‌ندین مۆڵگه‌ی داعش و تونێل خاپوركراوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ندین پارچه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی.

نه‌ینه‌وا، 12ی ئازاری 2019، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ به‌ری راستی موسڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی
نه‌ینه‌وا، 12ی ئازاری 2019، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ به‌ری راستی موسڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

له‌ سنوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینیش شه‌وی رابردو، بۆمبێكی چێنراو له‌ گه‌ڕه‌كێكی قه‌زای دوزخورماتوو ته‌قییه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌قینه‌وه‌كه‌ هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌".

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌یان كه‌س له‌ شه‌و و رۆژێكدا ده‌ستگیركراون به‌ تۆمه‌تی جیاواز، به‌پێی وته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

لیوا سه‌عد مه‌عن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق دوێنێ چوارشه‌ممه‌له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ هێزه‌كان توانیویانه‌ باندێكی نۆ كه‌سی له‌ نه‌ینه‌وا ده‌ستگیربكه‌ن، له‌ نێویاندا چوار ژن، كه‌ پیشه‌یان به‌كارهێنان و بازرگانیكردن بووه‌ به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ و بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌.

ئه‌و بانده‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی ناوخۆ رونیكردۆته‌وه‌، له‌كاتی ده‌ستگیركردنیاندا كچێكی رفێنراوی خه‌ڵكی به‌غدایان له‌ژێر ده‌ستدا بووه‌، له‌گه‌ڵ بڕێك مادده‌ و حه‌بی هۆشبه‌ر.

هه‌ر دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 13ی ئازار لیواروكن حه‌مه‌د نامس جبوری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ هێزه‌كانیان نۆ كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیركردووه‌، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر و زانیاری هاوڵاتیان.

له‌ نێو ده‌ستگیركراوه‌كاندا؛ سێ كه‌سیان له‌ ئه‌منیه‌ت داعش و پێنجیان له‌ دیوانی حه‌سبه‌دا كاریانكردووه‌، دوایین كه‌سیشیان چه‌كدار بوه‌ له‌ دیوانی جوند، به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT