هه‌وڵده‌درێت كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك بكات

هه‌وڵده‌درێت كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك بكات
به‌غدا/14ی ئازاری 2019/ كۆبونه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌شیر حه‌داد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، فۆتۆ: نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مان

كه‌ركوك ناو

فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عیراق، داواده‌كه‌ن  كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی بكات له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، بڕیاریشه‌ پێكه‌وه سه‌ردانی ناوچه‌كانی جێناكۆك بكه‌ن له‌ عیراق.

ئه‌و بۆچونه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیاندا هات له‌گه‌ڵ به‌شیر حه‌داد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ی ئازار له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو.

بەشیر حەداد، له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ "لە کۆبونەوەکەدا چەند خاڵێک خرانەڕوو بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە پەیوەستانەی کە پێویستە فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەری یەکدەنگ بن".

"ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە جێگری پەرلەمانی عێراق بە خاڵێکی جەوھەری ناوبرد، بۆیە پێویستە ھاودەنگی فراکسیۆنەکانی لەسەر بێت... لە بەرەنجامی قسەکانیاندا چەندین بۆچونی جیاواز ھەبوو، بەڵام زۆربەی فراکسیۆنەکانی کورد لە پەرلەمانی عیراق لەگەڵ ئەو بۆچونەبون کە کورد بە یەک لیست بەشداربێت لە ھەڵبژاردنەکاندا لە کەرکوك"، به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌.

زۆربەی فراکسیۆنەکانی کورد لە پەرلەمانی عیراق لەگەڵ ئەو بۆچونەبون کە کورد بە یەک لیست بەشداربێت لە ھەڵبژاردنەکاندا لە کەرکوك

هه‌رچه‌نده‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، كانونی دووه‌می ئه‌مساڵی پێشنیاركردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ پارێزگای كه‌ركوكیشه‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌و پرسه‌ له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر نه‌دراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقدا هاتووه‌ "فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ھەموو فراکسیۆنەکان بەیەکەوە سەردانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دیموگرافیای ناوچەکە بن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT