موسڵ دوای كاره‌ساته‌كه‌؛ خه‌ڵك له‌ ناڕه‌زاییدایه‌ و پارێزگار سڕ ده‌كرێت

موسڵ دوای كاره‌ساته‌كه‌؛ خه‌ڵك له‌ ناڕه‌زاییدایه‌ و پارێزگار سڕ ده‌كرێت
نه‌ینه‌وا، 22ی ئازاری 2019، ناڕه‌زایی خه‌ڵكی به‌هۆی روداوی نقومبونی به‌له‌مێك و خنكانی ده‌یان كه‌س له‌ موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

هێشتا بارودۆخه‌كه‌ له‌ موسڵ له‌وپه‌ڕی ئاڵۆزیدایه‌، خه‌ڵك توڕه‌ن و له‌ شه‌قامه‌وه‌ چه‌ندین داواكارییان هه‌یه‌ له‌ نێویاندا دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار، كه‌ هه‌ر زوو سه‌رۆكوه‌زیران ده‌سه‌ڵاته‌كانی سڕ كرد.

پارێزگای نه‌ینه‌وا و ته‌واوی ناوچه‌كانی عیراق له‌ ماته‌میندایه‌، به‌هۆی خنكانی نزیكه‌ی 100 هاوڵاتی له‌ ئه‌نجامی نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری له‌ موسڵ.

ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئازار، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای به‌هار و وه‌رزی گه‌شتكردن، به‌له‌مێك به‌ ده‌یان كه‌سه‌وه‌ له‌ روباری دیجله‌ له‌نێو شاری موسڵ نقوم بوو، به‌هۆیه‌وه‌ و به‌پێی دوایین ئاماره‌كان؛ زیاتر له‌ 95 كه‌س خنكاون و هێشتا به‌شێكی تر له‌ خه‌ڵك دیارنیه.

له‌و روداوه‌دا، زۆرینه‌ی قوربانییه‌كان ژن و منداڵ بون، كه‌ بۆ گه‌شت رویان له‌و دورگه‌ گه‌شتیارییه‌ی سه‌ر روباره‌كه‌ كردبوو، به‌ڵام ته‌نیا 55 كه‌س له‌و كاره‌ساته‌دا توانرا رزگاربكرێن.

دۆخه‌كه‌ له‌ موسڵ شێواوه‌، له‌لایه‌ك ماته‌مینی و شیوه‌نی كه‌سوكاری قوربانیانه‌، له‌لایه‌كی تر هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان به‌ دوای بێسه‌روشوێنه‌كاندا به‌رده‌وامی هه‌یه‌، سه‌رباری ناڕه‌زایی توندی خه‌ڵك به‌رانبه‌ر ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌یان كه‌س له‌ نزیك شوێنی روداوه‌كه‌وه‌، خۆپیشاندانیان دژی لێپرسراوانی نه‌ینه‌وا و عیراق ده‌ستپێكرد، داوایانكرد پارێزگار ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ و به‌رپرسانی روداوه‌كه‌ سزابدرێن.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ فه‌رمانێكدا بڕیاریدا به‌ پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یران بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ینه‌وا، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌رۆكی زانكۆی نه‌ینه‌وا، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس، به‌بێ پارێزگار.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی سه‌ركوه‌زیران ئه‌و فه‌رمانه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ پارێزگاریش نێردراوه‌ تا پێوه‌ی پابه‌ند بێت.

ئه‌و فه‌رمانه‌ی دوای ئه‌وه‌هات ئه‌مڕۆ خۆپیشانده‌رانی ناڕازی هێرشیانكرده‌ سه‌ر كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ كاتی سه‌ردانی بۆ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌.

له‌كاتی هێرشكردنه‌ سه‌ر پارێزگار، كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی به‌ نێو خه‌ڵكدا به‌ خێرایی رۆیشتووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س برینداربون، له‌ نێویاندا په‌یامنێری سایتی یه‌ڵا، كه‌ رێكخراو و ناوه‌نده‌كانی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نوسان به‌هۆیه‌وه‌ به‌یاننامه‌ی ئیدانه‌ و ناڕه‌زاییان بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22ی ئازار له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نائاساییدا بۆ تاوتوێی روداوه‌كه‌ی موسڵ، گه‌یشتنه‌ شه‌ش بڕیار له‌ یه‌كێكیاندا ره‌وانه‌كردنی پارێزگاره‌ بۆ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌.

خه‌ڵه‌ف حه‌دیدی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ وتی "ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیاریدا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پارێزگار به‌هۆی روداوه‌كه‌ و هه‌روه‌ها هێرشی پاسه‌وانه‌كانی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی توره‌ و ناڕازی".

له‌ سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌وه‌، چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستبه‌كاربون، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ خاوه‌نی دورگه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ و خاوه‌نی به‌له‌مه‌كه‌ و چه‌ندین كرێكاری ئه‌و شوێنه‌ ده‌رچوو.

هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی خه‌ڵكی ناڕازی موسڵ، رێگه‌یان نه‌دا به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌دا قسه‌ بۆ میدیاكان بكات و به‌ هوتافكێشان ناچاریان كرد، له‌رێی ئۆتۆمبێلێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت.

روداوه‌كه‌ی موسڵ، جگه‌ له‌ راگه‌یاندنی ماته‌مینی گشتی له‌ ته‌واوی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا، له‌لایه‌ن زۆربه‌ی حزب و لایه‌نه‌كانه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی نیگه‌رانی بۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ وتاری هه‌ینیشیدا، مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كان داوایكرد به‌رپرسان له‌و روداوه‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ئاشكرابكرێن.

له‌ چه‌ندین پارێزگا و شاری دیكه‌ی عیراقیش، له‌ نێویاندا كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، خه‌ڵك و رێكخراوه‌كان به‌ داگیرساندنی مۆم ماته‌مینی و دڵته‌نگی خۆیان راگه‌یاند.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT