ژنانی ته‌له‌عفه‌ر چیتر به‌هره‌كانیان ناشارنه‌وه‌

ژنانی ته‌له‌عفه‌ر چیتر به‌هره‌كانیان ناشارنه‌وه‌
نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، ناوه‌ندی داهێنان بۆ ژنان له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر كرایه‌وه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

ئه‌حلام رۆژه‌كانی له‌ نێو چوار دیواری ماڵه‌كه‌یدا به‌سه‌ر ده‌برد، هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵێك به‌هره‌ی جیاوازی هه‌یه‌، له‌ به‌رگدرویی و جوانكاری، ته‌نیا كه‌سێكی ده‌ویست ده‌ستی بگرێت و پێویستیه‌كانی كاره‌كه‌ی بۆ دابینبكات.

"كاتێك كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی داهێنان بۆ ژنانم بیست، یه‌كسه‌ری سه‌ردانم كرد و ئه‌وه‌ی ده‌مویست له‌وێ دۆزیمه‌وه‌"، ئه‌حلام كه‌ له‌ 20 ساڵی ته‌مه‌نیدایه‌ ده‌ڵێت "پێموایه‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ و گرنگه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و ده‌رخستنی رۆڵی ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا".

ئه‌و ناوه‌نده‌ كه‌ به‌مدواییانه‌ له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا كراوه‌ته‌وه‌، شوێنی نمایش، قاوه‌خانه‌، هۆڵی كۆبونه‌وه‌ی تێدایه‌ و كه‌شێك بۆ پشووی خانمان ده‌ره‌خسێنێت.

ئه‌و ناوه‌نده‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ و گرنگه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و ده‌رخستنی رۆڵی ئێمه‌

مریه‌م (24 ساڵ)، سودمه‌ندێكی تری ئه‌و ناوه‌نده‌یه‌ و ده‌ڵێت ژنانی ته‌له‌عفه‌ر ونن و په‌راوێزن به‌هۆی دابونه‌ریته‌وه‌، به‌شێكیش به‌هۆی نه‌بونی ناوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌ خۆیانه‌وه‌، بۆیه‌ "ئومێد ده‌كه‌ین له‌دایكبونی ئه‌و ناوه‌نده‌ كرانه‌وه‌یه‌ك بێت بۆ به‌هێزكردنی رۆڵی ژنان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان".

له‌ ناوه‌ندی داهێنان بۆ ژنان، هه‌وڵی پاڵپشتی ده‌درێت بۆ نیشاندانی به‌هره‌ی به‌شداربون، به‌ ئامانجی ده‌ركه‌وتن و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا، به‌وته‌ی سودمه‌ندبوانی پرۆژه‌كه‌ش، گرنگی هه‌یه‌ له‌ به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشته‌وایی.

"ئه‌و ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ی هه‌وڵی به‌دیهێنانی ده‌ده‌ین و یه‌كه‌مجاره‌ له‌ ته‌له‌عفه‌ر، به‌هێزكردنی ئاسایش و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی سنوره‌كه‌ شوێنێكی تێدا نه‌بوو ژنان له‌رێیه‌وه‌ بتوانن به‌هره‌كانیان ده‌ربخه‌ن و به‌رۆڵی خۆیان هه‌ڵبستن" قه‌مه‌ر عه‌لی، یه‌كێك له‌ به‌رێوه‌به‌رانی ناوه‌نده‌كه‌ وای وت.

به‌وته‌ی قه‌مه‌ر، ناوه‌نده‌كه‌ گرنگی ده‌دات به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ژنانی ته‌له‌عفه‌ر، یان كه‌مكردنه‌وه‌یان، له‌و بواره‌شدا شاره‌زاییان هه‌یه‌ و هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی، كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن.

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، خولی چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ ژنان له‌ ناوه‌ندی داهێنان له‌ ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

له‌ ناوه‌نده‌كه‌دا، پسپۆڕی ده‌رونی هه‌یه‌، بۆ پاڵپشتی ژنان و چاره‌سه‌ری ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی پێویستی به‌ هاوكاری هه‌یه‌.

روا ئه‌حمه‌د، به‌شداربویه‌كی ناوه‌نده‌كه‌یه‌ و پێیوایه‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر، رۆڵی ژنان به‌ ته‌واوی ون بوو، بیرۆكه‌ی پرۆژه‌كه‌ش له‌ پێویستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان پێشنیاریان كرد.

"له‌ پلانی ناوه‌نده‌كه‌دا زۆر چالاكی دانراوه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ ژنان ده‌كه‌ن، له‌ نێویاندا فێركاری و ته‌رفیهی، به‌جۆرێك خولی به‌هێزكردن بۆ خوێندكارانی قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی خوێندن ده‌كه‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی خول بۆ پیشه‌كانی دورمان، جوانكاری، ئارایتش، كاری ده‌ستی، چێشتلێنان، وێنه‌كێشان، زمان و چه‌ندین به‌رنامه‌ی هه‌یه‌".

روا ده‌ڵێت پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌ كردنه‌وه‌ی ناوه‌نده‌كه‌ كراوه‌ له‌لایه‌ن ژنانی ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌، بۆیه‌ پلانیان هه‌یه‌ ناوه‌ندی هاوشێوه‌ له‌ شاره‌كانی تر بكه‌نه‌وه‌.

پلانی ناوه‌نده‌كه‌دا زۆر چالاكی دانراوه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ ژنان ده‌كه‌ن

"ته‌له‌عفه‌ر ژنانی زۆر به‌هره‌دار له‌ خۆده‌گرێت، بۆیه‌ ناوه‌نده‌كه‌ رۆڵی ده‌بێت له‌ گه‌شه‌پێدانی ئه‌و به‌هره‌یه‌ و دابینكردنی پێداویستییه‌كان و سه‌رپه‌شتیكردن به‌ ئامانجی هه‌ستانه‌وه‌ و پێشكه‌وتن وه‌ك ژنانی شاره‌كانی تر" روا وای وت.

هاوشێوه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی تر، زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ته‌له‌عفه‌ر روبه‌ڕوی پێشێلكاری و رفاندن بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ رفێنران له‌ نێویاندا ژن و منداڵ، كه‌ تائێستاش چاره‌نوسی زۆرینه‌یان دیارنییه‌.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعەمەزهەب‌ پێكهاتون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرت و له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT