خه‌ون به‌ خۆره‌تاوه‌وه‌ ده‌بینن
لافاو ده‌چێته‌ خێوه‌تی ئاواره‌كانه‌وه‌

خه‌ون به‌ خۆره‌تاوه‌وه‌ ده‌بینن<br>لافاو ده‌چێته‌ خێوه‌تی ئاواره‌كانه‌وه‌
كه‌ركوك/ دوو ژنی ئاواره‌ شیر به‌ منداڵه‌كانیان ده‌ده‌ن له‌كاتی ئاواره‌بونیان له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

په‌یامنێرانی كه‌ركوك ناو

"هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانمان ته‌ڕبون و له‌ناوچون، ته‌نانه‌ت پێخه‌فێك نییه‌ خۆمانی پێ داپۆشین، منداڵه‌كانمان سه‌رمایانه‌"، زامل کازم، له‌ كه‌مپی له‌یلان یه‌ك له‌ كه‌ركوك وایوت، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی به‌رده‌وامبونی چه‌ند رۆژێك له‌ بارانبارین ئاو چووه‌ ناو خێوه‌ته‌كه‌یه‌وه‌.

زامل، گله‌یی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت زۆرینه‌ی ئه‌م خێوه‌تانه‌ زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ نه‌گۆڕدراون و به‌رگه‌ی سه‌رما و گه‌رما ناگرن، وتی "له‌ كه‌مپه‌كه‌ی ئێمه‌ ژماره‌یه‌ك خێوه‌ت كون بون و ئاو چۆته‌ ژوره‌وه‌".

ئه‌وه‌ كێشه‌ی ده‌یان خێزانی تری ئاواره‌یه‌ له‌ كه‌مپه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك، دیاله‌ و نه‌نیه‌وا و داوای هاوكاریی به‌ په‌له‌ ده‌كه‌ن.

كه‌ركوك/1ی نیسانی 2019/ لافاو له‌ناو قه‌زای داقوق دروستبووه‌ فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

زامل كازم وتی "له‌ چاوه‌ڕوانى خۆره‌تاوداین بۆ ئه‌وه‌ى که‌لوپه‌ل و پێخه‌فه‌كانمان وشكبكه‌ینه‌وه‌".

له‌ چاوه‌ڕوانى خۆره‌تاوداین بۆ ئه‌وه‌ى که‌لوپه‌ل و پێخه‌فه‌كانمان وشكبكه‌ینه‌وه‌

لانیكه‌م هه‌فته‌یه‌كه‌ شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستانی گرتۆته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ لافاو له‌ زۆرینه‌ی ناوچه‌كان دروستبووه‌ و زیانی ماددی به‌ هاوڵاتیان و ئاواره‌كانیش گه‌یاندووه‌.

یونس ئەنوەر، دانیشتوی کەمپی ئەڵوەنی یەک له‌ خانه‌قین، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاو چۆته‌ ناو ژمارەیەک لە کابینەی ئاواره‌كان و زیانی هه‌بووه‌، به‌هۆی زۆری بارانه‌كه‌شەوه‌ ئاوەڕۆی کەمپەکە پڕبووە و بۆنێکی زۆر ناخۆش ئاواره‌كانی هه‌راسانكردووه‌، چونكه‌ ئاوی ئاوه‌ڕۆكان هاتونه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌".

هاوکات، به‌ بڕیاری ئیداره‌ی كه‌مپی ئه‌ڵوه‌ن یه‌ك له‌ خانه‌قین‌، كاره‌بای كه‌مپه‌كه‌ كوژێنراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بەهۆی مه‌ترسی شۆرتی كاره‌باوە.

لە قه‌زای خانەقین سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، نزیكه‌ی هه‌زار و 300 خێزانی ئاواره‌ له‌ دوو كه‌مپ نیشته‌جێبون، كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینن.

عەلی غازی، بەڕێوبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت "چەند حاڵەتێكی ئاوچونه‌ ژوره‌وه‌ بۆ كابینه ‌و خێوه‌تی ئاواره‌كان هه‌بووه‌، به‌ڵام حاڵه‌ته‌كان زۆر نین".

كه‌ركوك/2ی نیسانی 2019/ كه‌مپێكی ئاواره‌كان له‌ ناحیه‌ی له‌یلان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌و دۆخی ئاواره‌كانی خانه‌قینی به‌ "باش" وه‌سفكرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مپه‌كان له‌ ‌به‌رزاییدا دروستکراون و ئاو له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ناوه‌ستێت.

ته‌نیا له‌ قه‌زای خانه‌قین، له‌ یه‌ك كاتژمێردا دوشه‌ممه‌ 1ی نیسان 46ملم باران باری. ئه‌وه‌ش به‌پێی كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی دواین ئاماری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، هێشتا نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 750 هه‌زار عیراقی له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، كه‌ زیاتر له‌ 530 هه‌زار كه‌سیان له‌ كه‌مپه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌ کە زۆرینه‌یان ئاواره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وان.

سێ رۆژە به‌ بڕیاری ئیداره‌ی پارێزگاكان، تیمه‌كانی فریاكه‌وتن له‌نێو كه‌مپه‌كاندا له‌ ئاماده‌باشیدان.

شوعیب محمه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری که‌مپی یه‌حیاوه‌ له‌ ناحیه‌ى له‌یلان له‌ كه‌ركوك، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "نزیکه‌ى 15 خێوه‌ت ئاویان تێچووه‌، پێخه‌ف و که‌لوپه‌له‌کانیان ته‌ڕ بووه‌، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ خێوه‌ته‌كان كۆن بون و به‌رگه‌ی بارانه‌كه‌یان نه‌گرتووه‌".

"ده‌بوو به‌ر له‌ وه‌رزى زستان خێوه‌تی نوێیان به‌ ئاواره‌كان بدایه‌".

ده‌بوو به‌ر له‌ وه‌رزى زستان خێوه‌تی نوێیان به‌ ئاواره‌كان بدایه‌

له‌ كه‌ركوك و له‌ 24 كاتژمێری 1ی نیسان بۆ 2ی نیسان زۆرترین رێژه‌ی بارانبارین له‌ ناحیه‌ی له‌یلان بووه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 32 ملم بووه‌.

دۆخی ئاواره‌كانی شنگال له‌ نه‌ینه‌وا، له‌ناوچه‌كانی تر خراپتره‌، به‌هۆی بارانبارینه‌وه‌.

خودێدا خرتو، لە کەمپی سەردەشت لە سنوری قەزای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاوی باران هاته‌ ژێر خێوه‌ته‌كه‌وه‌ و هه‌مو شتێكمان له‌ناوچوو، ئارد، برنج و هه‌موو كه‌لوپه‌ل و شمه‌كه‌كانمان ته‌ڕبون، ژیانمان زۆر سه‌خت بووه‌".

خودێدا لەگەڵ حەوت برا و سێ خوشكی پێکەوە لەناو خێمەیەکی زۆر کۆن دەژین، سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیان ته‌ڕ نه‌بێت به‌ ته‌نه‌كه‌ ئاوی ژێر خێمه‌كه‌مان لاده‌برد".

دۆخی كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆك به‌پێی وته‌ی ئیسماعیل مسته‌فا، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاروباری ئاواره‌کان باشتربووه‌.

ئه‌و به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ئێمه‌ سه‌رپه‌رشتی 17 که‌مپی ئاواره‌ ئێزیدییه‌کان ده‌که‌ین، باران نه‌چۆته‌ ناو هیچ خێمه‌یه‌ک، تیمه‌کانمان به‌رده‌وام له‌ ‌ئاماده‌باشیدان".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT