"هه‌وڵده‌دات بۆ پرۆژه‌ی نادیار وه‌ریبگرێت"

پارێزگاری كه‌ركوك به‌‌ دۆسیه‌یه‌كی 63 ملیار دیناری تۆمه‌تبارده‌كرێت

پارێزگاری كه‌ركوك به‌‌ دۆسیه‌یه‌كی 63 ملیار دیناری تۆمه‌تبارده‌كرێت
راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

 كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت تۆمه‌تبارده‌كرێت به‌هه‌وڵی وه‌رگرتن و خه‌رجكردنی 63 ملیار دینار به‌ناوی پرۆژه‌ی نادیاره‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، هه‌رچه‌نده‌ لێپرسراوێكی باڵای ئیداره‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كه‌ كه‌ دواتر ده‌رخسته‌یان بۆ ده‌كرێت.

ئه‌و داواكارییه‌ی پارێزگار هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به‌ ئامانجی تاوتوێی بودجه‌ی ته‌رخانكراوی پارێزگاكه‌ بكات له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی پترۆدۆلار بۆ ساڵی 2019، دوای ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌ په‌ككه‌وتنی كۆبونه‌وه‌كان.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "راكان سه‌عید جبوری داواكارییه‌كی پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌ن كردوه‌ ره‌زامه‌ندی بده‌ن له‌سه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ بودجه‌ی پترۆدۆلار كه‌ ده‌گاته‌ 63 ملیار دینار، تا بگوازرێته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی به‌كارهێنان و له‌ پرۆژه‌كانی پارێزگاكه‌دا خه‌رجبكرێت".

راكان جبوری داوای 15 واژۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی پاره‌كه‌

"پارێزگاری كه‌ركوك هه‌وڵده‌دات ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی رابكێشێت دوای ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رونیكرده‌وه‌ "راكان جبوری داوای 15 واژۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات ئه‌گه‌ر نیسابی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نیش ته‌واو نه‌كرا و كۆبونه‌وه‌كه‌ شكستیهێنا، ئه‌وه‌ش راوێژكاری یاسایی جه‌ختی لێكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌و ژماره‌یه‌ له‌ واژۆ جبوری ده‌توانێت پاره‌كه‌ له‌ به‌غدا رابكێشێت".

هه‌روه‌ها وتی "هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر راكان جبوری داوای 15 واژۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی كرد بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌ و خه‌رجكردنی، ئێكه‌ پرسیارمان لێكرد ئایا وه‌زاره‌تی پلاندانان رازی ده‌بێت به‌ گواستنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ واژۆ، ئه‌وكات ئه‌و وتی وه‌زاره‌ت به‌و رێكاره‌ رازی نابێت ته‌نیا به‌ ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌ن نه‌بێت له‌سه‌ر پلانه‌كه‌".

كه‌ركوك، 9ی نیسانی 2019، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

 

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كه‌ركوك، دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ په‌كیكه‌وت كه‌ رۆڵێكی سه‌ره‌كی چاودێری بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن.

ئه‌ندامێكی تری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و پلانه‌ی له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ هیچ ورده‌كارییه‌كی تێدا نییه‌، ته‌نیا ناوی پرۆژه‌كه‌ نوسراوه‌، له‌وه‌دا یاریكردن هه‌یه‌ به‌بۆچونی ئێمه‌، بۆ نمونه‌ باسی دابینكردنی ده‌رمان ده‌كات بۆ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان و له‌ پرۆژه‌یه‌كدا ده‌ڵێت دابینكردنی ده‌رمان بۆ هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك"، ئه‌وه‌ش به‌ بڕوای ئه‌و ئه‌ندامه‌ رێی تێناچێت و جێی قبوڵكردن نییه‌.

"عه‌ره‌ب ده‌ستبه‌حێ رازی ده‌بن كاتێك ده‌بیستن پاره‌ بۆ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان خه‌رجده‌كرێت به‌ڵام هیچ شتێك و ورده‌كارییه‌ك له‌سه‌ر كاغه‌ز نییه‌" به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن.

ئه‌و پلانه‌ی له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ هیچ ورده‌كارییه‌كی تێدا نییه‌

حكومه‌تی عیراق، بۆ چه‌ند ساڵێك ناردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركوكی راگرت، به‌هۆیه‌وه‌ شاره‌كه‌ روبه‌ڕوی كێشەی دارایی بۆوه‌ و سەرجەم پڕۆژەكان وەستێنران، تا له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا به‌دوو جار بودجه‌ ره‌وانه‌ كراو و به‌شێكی ته‌رخانكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان، به‌بێ چاودێری ئه‌نجومه‌ن.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ به‌هۆی هه‌ستیاری دۆسیه‌كه‌وه‌ ئاماده‌نه‌بوو ناوی بهێنرێت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "راكان جبوری هه‌وڵده‌دات دڵی كورد به‌ده‌ستبهێنێت له‌هه‌مانكاتدا توركمان و عه‌ره‌ب رازی بكات تا ده‌نگبده‌ن بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ به‌غدا".

كه‌ركوك، 2019، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌كی كه‌ركوك له‌لایه‌ن راكان سه‌عیده‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

راكان سه‌عید، كه‌ پێشتر جێگری پارێزگاری كه‌ركوك بوو له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ پۆستی پارێزگار به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌وه‌ش به‌ بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی عیراق و دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌و پۆسته له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌.

دوای چه‌ندین هه‌وڵی (كه‌ركوك ناو)، سه‌رچاوه‌ی باڵای حكومی له‌ ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، به‌ مه‌رجی ناونه‌هێنانی قسه‌یكرد به‌وپێیه‌ی مۆڵه‌تی لێدوانی نییه‌، وتی "هه‌ندێك پرۆژه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌ مانگی تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ تێچونه‌كه‌ی به‌ ژماره‌ و دیراسه‌ی وردی پیسپۆڕان پێشكه‌شبكرێت، دوای ئه‌وه‌ش ده‌رخسته‌ی پرۆژه‌كه‌ و ورده‌كارییه‌كانی تر ده‌درێته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا".

"پێدانی ورده‌كارییه‌كانی پرۆژه‌كه‌ به‌ ئه‌نجومه‌ن مه‌رجه‌، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌و مه‌رجه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ ده‌دات له‌ به‌غداوه‌ بۆ كه‌ركوك، واته‌ كاتێك ره‌زامه‌ندی نیشانده‌دات كه‌ ورده‌كارییه‌كانی دواتر پێبگات".

به‌بڕوای سه‌رچاوه‌كه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك، ناكرێت پرۆژه‌كان به‌پێی ته‌واوی بودجه‌ پێشكه‌شبكرێت، به‌ پرۆژه‌كانی قه‌زا و ناحیه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێشنیاری پرۆژه‌ ده‌كه‌ن، دواتر ده‌بێته‌ مه‌رج كه‌ ده‌رخسته‌ی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌كان هه‌بێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی "بودجه‌ی ئه‌مساڵ زۆر ورد به‌ ژماره‌ و داواكارییه‌كانه‌وه‌، عیراق هیچ كاتێك بودجه‌یه‌كی به‌و جۆره‌ ئاسته‌ی به‌رزه‌ی به‌خۆوه‌ نه‌بینیووه‌ له‌ ژماره‌ و ورده‌كاری به‌پێی ئه‌و پلانه‌ داراییه‌ی دانراوه‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT