كێشه‌ی سه‌ره‌كی خوێندكارانی شنگال و سنونێ به‌كاتی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

كێشه‌ی سه‌ره‌كی خوێندكارانی شنگال و سنونێ به‌كاتی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت
نه‌ینه‌وا/2019/ سێ قوتابی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

رێکخراوی یه‌زدا 18 پاسی بۆ گواستنه‌وه‌ی خوێندكارانی شنگال و ناحیه‌ی سنونێ له‌ خۆرئاوای نه‌ینه‌وا دابینكرد، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو كارئاسانیكردن بۆ خوێندكاران، چونكه‌ هاتوچۆ یه‌كێك بوو له‌ له‌مپه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌و ناوچه‌یه‌.

جه‌میل چومه‌ر، لێپرسراوی رێکخراوی یه‌زدا له‌ قه‌زای شنگال به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ئێمه‌ له یه‌كی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه‌ پڕۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ و هاتۆچۆكردنی خوێندکارانی شنگالمان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عیراق كرد، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند رێکارێکی یاسایی و ده‌ستنه‌که‌وتنی پاسی گونجاو، پڕۆژه‌كه‌ که‌مێک دواکه‌وت".

ئه‌و پاسانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ده‌یویست له‌ هه‌ردوو پارێزگای نه‌ینه‌وا و دهۆك ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت، بۆیه‌ رێكخراوه‌كه‌ گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عیراق واژۆكرد، چونكه‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ پاسی مۆدێل به‌رزی هه‌یه‌ و بۆ گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران گونجاوه‌.

"ئێستا 18 پاس گه‌یشتونه‌ته‌ شنگال و ناحیه‌ی سنوێ و له‌م هه‌فته‌یه‌دا گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران بۆ خوێندنگه‌كانیان ده‌ستپێده‌كات"، جه‌میل چومه‌ر وایوت.

له‌م هه‌فته‌یه‌دا گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران به‌ پاس بۆ خوێندنگه‌كانیان ده‌ستپێده‌كات

پێشتر (كه‌ركوك ناو) له‌ راپۆرتێكیدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌دان خوێندكاری شنگال و ده‌وروبه‌ری گرفتی هاتوچۆیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی وێرانبونی زۆرێك له‌ خوێندنگه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعشدا و كردنه‌وه‌ی چه‌ند خوێندنگه‌یه‌كی كه‌م.

به‌شێك له‌ خوێندكاران ناچارن رۆژانه‌ له‌ سه‌روی 10كم به‌پێی یان به‌ ئۆتۆمبێلی نه‌گونجاو بۆ گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران هاتوچۆ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌پێی راپۆرته‌كه‌ كه‌ تیایدا جه‌ختكرابۆوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌و هۆیه‌وه‌ حاڵه‌تی وازهێنانی خوێندكاران هه‌بووه‌.

لێپرسراوانی رێكخراوی یه‌زدا – ئه‌و رێكخراوه‌‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریی ئێزیدییه‌كان-، جه‌ختده‌كه‌نه‌‌وه‌ له‌وه‌ی به‌پێی پڕۆژه‌كه‌یان سێ هه‌زار خوێندكار سودمه‌ند ده‌بن.

نه‌ینه‌وا/نیسانی 2019/ رێكخراوی یه‌زدا 18ی پاس بۆ گواستنه‌وه‌ی خوێندكارانی شنگال دابینده‌كات فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌زدا

جه‌میل چومه‌ر وتی "گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ سێ مانگه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتنمان به‌ده‌ستهێنا له‌وانه‌یه‌‌ بۆ ساڵی داهاتوو نوێی بکه‌ینه‌وه‌".

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی گرنگه‌ و جێی ده‌ستخۆشییه‌، به‌ لێپرسراوانی رێکخراوه‌کان وتووه‌ با پاسه‌کان به ‌یه‌کسانی به‌سه‌ر خوێندنگه‌کان دابه‌شبکرێن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خوێندکاران به‌بێ جیاوازیی لێی سودمه‌ندبن".

"ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی خوێندکارانی ئێمه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کات"، قایمقامی شنگال وایوت.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی خوێندکارانمان چاره‌سه‌ر ده‌کات

واحیدا خێرو، خوێندکاری پۆلی شه‌شه‌می ناوەندییه‌ له‌ قوتابخانه‌یه‌كی كوردی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم له‌ شنگال، پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كێشه‌مان‌ ئه‌وه‌یه‌ لە زۆربەی شوێنەکانی شنگال قوتابخانەی کوردی نییه‌، بۆیە ناچارین رۆژانه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر هاتوچۆ بكه‌ین، مامۆستامان كه‌مه‌ و له‌ زۆر شوێن ده‌رگای قوتابخانه‌كان هێشتا داخراون".

"قوتابییه‌كی زۆر وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌، چونكه‌ پاره‌ی هاتوچۆیان نییه‌"، واحیدا وایوت.

عالییه‌ داود خدیدا، (16 ساڵ)، كچه‌ خوێندكارێكی چواری زانستی، خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سور، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كه‌ رۆژانه بۆ خوێندن ده‌چێته‌ ناحیه‌ی سنونێ و ده‌ڵێت روبه‌ڕوی زۆر ناڕەحه‌تی ده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت رۆژانه‌ له‌ پاسێكدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "25 كورسی تیایه‌‌، به‌ڵام نزیكه‌ی 50 خوێندكار سه‌رده‌كه‌ون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT