چالاكوانان فشارده‌كه‌ن
وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدیانیش خۆی كاندید ده‌كات

چالاكوانان فشارده‌كه‌ن<br>وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدیانیش خۆی كاندید ده‌كات
نه‌ینه‌وا/5ی شوباتی 2019/ به‌خاكسپاردنی ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییان له‌ باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ قه‌زای شێخان فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ژماره‌ی کاندیده‌کان بۆ جێگره‌وه‌ی میری ئێزیدییان بۆ حه‌وت كاندید به‌رزبۆوه‌، له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوانده‌كرا به‌شێكیان بكشێنه‌وه‌، سستی به‌ڕێوه‌چونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش چالاكوانانی ئێزیدی نیگه‌رانكردووه‌ و ده‌یانه‌وێت فشاربكه‌ن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13ی نیسان، عامر مه‌حمود، وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدییان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "له‌سه‌ر داوای ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ هاوڵاتییانی ئێزیدی، به‌ فه‌رمی خۆم بۆ جێگره‌وه‌ی میری ئێزیدییان كاندید كردوو ئێستا حه‌وت كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ین".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ تا ئێستا هیچ یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان نه‌كشاونه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆكان بۆ ئه‌و پرسه‌ به‌رده‌وامه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ په‌رستگای لالش به‌ ئاماده‌بونی ئه‌ندامانی جڤاتی روحانی ئێزیدییان و هه‌موو کاندیده‌کان، گفتوگۆ له‌سه‌ر ده‌ستورێكی نوێی ئێزیدییه‌كان كراو بڕیاره‌ ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندبكرێت بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌وته‌ی عامر مه‌حمود.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، کۆمه‌ڵێک له‌ چالاکوانانی ئێزیدی له‌ ناحیه‌ی باعه‌درێ‌ سه‌ر به‌ قه‌زای شێخان، له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا، جه‌ختیانكرده‌وه‌ "ده‌بێت به‌ زوترین کات میرێکی نوێ بۆ ئێزیدییان دابنرێت".

ده‌بێت به‌ زوترین کات میرێکی نوێ بۆ ئێزیدییان دابنرێت

کاروان حه‌جی، یه‌كێك له‌و چالاکوانه‌ ئێزیدییانه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناحیه‌ی باعه‌درێ‌ شوێنی بڕیاردانی گرنگه‌ بۆ ئێزیدییه‌کان، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌کو چالاکوانانی ئێزیدی به‌ پێویستمانزانی داوابكه‌ین په‌له‌بکرێت له‌ هه‌ڵبژاردنی میری ئێزیدییان".

"هه‌ڵبژاردنی میر له‌مکاته‌دا زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و میره‌ بتوانێت خه‌می ئێزیدییه‌كان بخوات و‌ به‌دواداچون بكات بۆ ئه‌و کچ و ژنه‌ ئێزیدیانه‌ كه‌ چاره‌نوسیان نادیاره‌، دوای رفاندنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌"، كاروان زیاتر وتی "ئێمه‌ چیتر قبوڵناكه‌ین دیاریكردنی میر دوابكه‌وێت و هه‌ڵویستمان ده‌بێت".

 پێگه‌ی میر له‌ نێو ئێزیدییه‌كاندا، له‌ نێو هه‌مان بنه‌ماڵه‌دا بووه‌ و ده‌بێته‌ نوێنه‌ری ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ ئاستی جیهان، له‌ دوای ئه‌ویش باباشێخ، وه‌كو مه‌رجه‌عی دینی ئێزیدیی له‌ روی ئایینه‌وه‌ كاره‌كان راییده‌كات.

له‌ 28ی کانونی دوه‌می 2019 ته‌حسین سه‌عید به‌گ میری ئێزدییان له‌ عیراق و جیهان، دوای مانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ک له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌ شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا کۆچی دواییکرد، هه‌ر له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ 5ی شوباتی ئه‌مساڵدا، له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌که‌یدا له‌ قه‌زای شێخان له‌ده‌ستی نه‌ینه‌وا به‌خاکسپێردرا و بڕیاربوو دوای چله‌ی مردنی، كه‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازاری ده‌كرد، جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ شوێنه‌كه‌ی له‌نێو بنه‌ماڵه‌كه‌ی دیاریبكرایه‌.

پێشتر عامر مه‌حمود، وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدیان له‌ لێدوانێكدا بۆ‌ (که‌رکوک ناو)، جه‌ختیكرده‌وه‌ "سێ هێز؛ پارتی، یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی ده‌ستیان خستۆته‌‌ ناو پرۆسه‌ی دانانی میری ئێزدییان، خودی بنه‌ماڵه‌ی میر-یش تائێستا له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێكنه‌كه‌وتن".

"من نازانم یه‌كێتیی و پارتی پشتگیریی كام له‌ كاندیده‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام توشی سه‌رسوڕمان بوین نازانین بۆچی هێزه‌کانی نزیك له‌ په‌که‌که له‌ شنگال‌ پشتگیریی له‌ عسمه‌ت ته‌حسین به‌گ – كوڕی میری كۆچكردوی ئێزیدیان- ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌و خۆی كاندید نه‌كردووه‌"، وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میر وایوت.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ حازم  ته‌حسین به‌گ – کوڕی میر ته‌حسین به‌گ-، کامیران خه‌یری به‌گ، شێرزاد فاروق به‌گ، هه‌رمان میرزا به‌گ، سالم نه‌جمان به‌گ، میران سه‌باح جاسم به‌گ، ئه‌و شه‌ش کاندیده‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت ببن به‌ میری ئێزیدیان. هه‌مویان خه‌ڵکی ناحییه‌ی باعه‌درێ سه‌ر به ‌قه‌زای شێخانن و له‌ بنه‌ماڵه‌ی میرن، هیچ كام له‌وان ئاماده‌نین بكشێنه‌وه‌. له‌ ئێستادا وته‌بیژی بنه‌ماڵه‌ی میریش (عامر مه‌حمود) خۆی كاندید كردووه‌. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT