راكان سه‌عید: سوپاس بۆ ئاسۆ مامه‌ند و یه‌كێتی
"ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه‌كانمان له‌ سلێمانی سه‌ركه‌وتوو بوو"

راكان سه‌عید: سوپاس بۆ ئاسۆ مامه‌ند و یه‌كێتی<br>"ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه‌كانمان له‌ سلێمانی سه‌ركه‌وتوو بوو"
راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و ئاسۆ مامه‌ند، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی

كه‌ركوك ناو

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ستایشی هه‌وڵی لێپرسراوانی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات، له‌ به‌رانبه‌ر ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك ده‌ستگیركراو له‌ زیندانه‌كانی سلێمانی.

12 به‌ندكراوی عه‌ره‌ب له‌ شوباتی ئه‌مساڵ وه‌كو قۆناغی یه‌كه‌م، به‌ڵام به ‌نهێنیی و دور له‌ چاوی راگه‌یاندنه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕێنرانه‌وه‌، پێنجشه‌ممه‌ 11ى نیسان، 24 به‌ندكراوی تر به ‌ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار (ئاراس شێخ جه‌نگی) گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك.

راكان سه‌عید له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ دره‌نگانی شه‌وی شه‌ممه 13ی نیسان بڵاویكردۆته‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌ریی نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی راده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئازادكردنی به‌ندكراوان، بۆ ئه‌وه‌ش سوپاسی لێپرسراوانی یه‌كێتی، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتار و پاڵپشتی سه‌رۆك كۆمار ده‌كات.

پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ڵێت "سوپاسی هه‌وڵه‌كانی لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی كه‌ركوكی یه‌كێتی ئاسۆ مامه‌ند و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و رێكخستنه‌ ده‌كه‌ین... "، به‌هۆی ئازادكردنی ده‌ستگیركراوان له‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگای سلێمانی، كه‌ له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كیان له‌ قۆناغێكی دیكه‌دا گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك.

به‌وته‌ی جبوری ئازادكردنی به‌ندكراوه‌كان، دوای گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ی نێوان ئیداره‌ی كه‌ركوك و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی هات.

هه‌روه‌ها سوپاسی لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كانی سلێمانی ده‌كت بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكارییه‌كه‌یان و راده‌ستكردنی به‌ندكراوه‌كان به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ تایبه‌تییه‌كانی كه‌ركوك.

كه‌ركوك/11ی نیسانی 2019/ پرۆسه‌ی راده‌ستكردنی 36 به‌ندكراوی عه‌ره‌ب له‌ زیندانه‌كانی سلێمانییه‌وه‌ بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركوك

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، به‌ر له‌ دوو مانگ و نیو برایه‌کى راکان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ 11 که‌سى دیکه‌ له‌ زیندانه‌كانی ئاسایشی‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌ هه‌وڵى تاکه‌که‌سى راكان سه‌عید و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی یه‌كێتی راده‌ستى ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى که‌رکوک كرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ‌دوور له‌ چاوى راگه‌یاندنه‌کان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌نجامدرا.

راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و 24 به‌ندكراوه‌ی قۆناغی دووه‌م‌، به‌ ئاماده‌بونى ئیسماعیل حه‌دیدى، راوێژکارى سه‌رۆک کۆماری عیراق و كه‌سایه‌تی دیاری عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركوك، ئاراس شێخ جه‌نگی، نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار و لێپرسراوانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌ نێویاندا سه‌عد حه‌ربیه‌، فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسیۆنى که‌رکوک و نوێنه‌رى پارێزگارى که‌رکوک، ئه‌نجامدرا.

ئه‌و به‌ندكراوانه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ 55كم باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك ده‌ستگیركراون، به‌شێكیان له‌کاتى ئاواره‌بونیان له‌ بازگه‌کان یان له‌كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی، ئه‌وه‌ش به‌هۆى نه‌بونى به‌ڵگه‌ى ته‌واو، به‌وته‌ی رمله‌ حه‌مید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و لیژنه‌ی گه‌ڕان به‌دوای به‌ندكراوانی عه‌ره‌ب.

ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر دروستبووه‌، دوای ژماره‌یه‌ك خۆپیشاندانی فراوانی كه‌سوكاری بێسه‌رشوێنان و ده‌ستگیركراوان.

به‌ر له‌ هێرشی داعش بۆ عیراق، پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب به‌رده‌وام ناوی 400 به‌ندكراویان له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا راده‌ستی هه‌ردوو ئاسایشی یه‌كێتیی و پارتی ده‌كرد كه‌ ئه‌وكات باره‌گاكانیان له‌ كه‌ركوك بون و داوای ئازادكردنیان ده‌كردن، هه‌رچه‌نده‌ ئاسایش بونی ئه‌و 400 ناوه‌ی له‌ زیندانه‌كانی خۆیی و هه‌رێمی كوردستان ره‌تده‌كرده‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT