له‌سه‌ر هه‌ڵاتنی زیندانییه‌ك ده‌ستگیركرابون

به‌رێوه‌به‌ر و پێنج كارمه‌ندی نه‌هێشتنی تاوانی داقوق ئازادكران

به‌رێوه‌به‌ر و پێنج كارمه‌ندی نه‌هێشتنی تاوانی داقوق ئازادكران
كه‌ركوك، 2017، هێزێكی ئه‌منی له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی داقوق و پێنج كارمه‌ندی ئازادكران، دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند رۆژێك به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنیاندا به‌هۆی هه‌ڵاتنی به‌ندكراوێكی ئافره‌ت له‌ قه‌زاكه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی.

چوارشه‌ممه‌ 10ی نیسان به‌رێوه‌به‌ر، ئه‌فسه‌رێك و هه‌شت پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌ داقوق ده‌ستگیركران، به‌ ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌یسی هه‌ڵاتنی زیندانییه‌ك.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ قه‌زای داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "14ی نیسان به‌ بڕیاری دادوه‌ر به‌رێوه‌به‌رو پێنج پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی داقوق ئازادكران".

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ هێشتادا ئەفسەری لێكۆڵینه‌وه‌ی نوسینگه‌ی نه‌هێشتنی تاوان و سێ له‌ پۆلیسه‌كانی هه‌مان به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

"ئه‌و موختاره‌یشی به‌هۆی هه‌ڵاتی ئافره‌ته‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوو به‌ بڕیاری دادوه‌ر و كه‌فاله‌ت ئازاد كرا" سه‌رچاوه‌كه‌ واده‌ڵێت.

به‌ندكراوه‌ ئافره‌ته‌كه‌ شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 10ی نیسان له‌ماڵی موختاری گه‌ڕه‌كێكی قه‌زاكه‌ هه‌ڵاتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی داقوق، نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ بۆ گرتوخانه‌ی گرتن و گواستنه‌وه‌ی كه‌ركوك بگوازێته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT