به‌شێكیان له‌ كه‌مپێكی سوریا بون

28 رزگاربوی ده‌ستی داعش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نه‌ینه‌وا

28 رزگاربوی ده‌ستی داعش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نه‌ینه‌وا
نه‌ینه‌وا، نیسانی 2019، شادبونه‌وه‌ی باوكێكی ئێزیدی به‌ كوڕه‌ رزگاربوه‌كه‌ی له‌ شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئیبراهیم ئێزیدی – نه‌ینه‌وا

28 رزگاربوی ده‌ستی داعش، له‌ نێویاندا ئێزیدی و توركمانی شیعه‌، له‌ مه‌راسیمێكدا راده‌ستی كه‌سوكاریان كرانه‌وه‌ له‌ شنگال و ته‌له‌عفه‌ر، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ سوریاوه‌ بۆ عیراق.

یه‌كشه‌ممه‌ 14ی نیسان له‌ گوندی بۆرك له‌ قه‌زای شنگال، 27 هاوڵاتی ئێزیدی به‌ كه‌سوكاریان شادبونه‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێندران، ئه‌وه‌ش دوای رزگاركردنیان له‌گه‌ڵ توركمانێكی خه‌ڵكی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا.

جه‌میلا حه‌یده‌ر، یه‌كێك بوو له‌ رزگاربوانی ئێزیدی و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای مانه‌وه‌م له‌گه‌ڵ داعش، ئێمه‌ هه‌ڵاتین بۆ كه‌مپی هۆلی، ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌وێم و نه‌متوانی خۆم رزگار بكه‌م، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك ماڵی ئێزیدیان هاتن و منیان له‌ كه‌مپه‌كه‌ ده‌رهێنا".

ئه‌و كچه‌ هێشتا سێ له‌ براكانی بێسه‌روشوێنن و ته‌نیا داوای ئه‌وه‌بوو هه‌وڵه‌كان بۆ ئازادكردنی ته‌واوی هاوڵاتیانی ئێزیدی چڕبكرێنه‌وه‌.

له‌ شه‌ڕی دوامۆڵگه‌ی داعش، زیاتر له‌ 215 هاوڵاتی ئێزیدی له‌ ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ رزگاركراون و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ نێو ئاواره‌كانیشدا له‌ سوریا، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌مپی هۆلی رفێنراوی زیاتری ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بدۆزرێنه‌وه‌.

شنگال، نیسانی 2019، مه‌راسیمی راده‌ستكردنه‌وه‌ی رزگاربوانی ئێزیدی به‌كه‌سوكاریان فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، 23ی ئازاری 2019 كۆتاییهاتنی ته‌واوه‌تی داعشی له‌ سوریا راگه‌یاند، دوای پێنج ساڵ له‌شه‌ڕ به‌پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌وه‌ش هیچ ناوچه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ست و حوكمڕانی ئه‌و رێكخراوه‌دا نه‌ما.

دواشه‌ڕی ئه‌و هێزه‌ به‌رانبه‌ر داعش، له‌ ناوچه‌ی باهۆزی خۆرئاوای فورات له‌ سوریا بوو، كه‌ زیاتر له‌ 40 رۆژی خایاند.

رێ ئیبراهیم فه‌رحان، كه‌سوكاری یه‌كێك له‌ رزگاربوانی ئێزیدی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "نزیكه‌ی پێنج ساڵه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی خزمه‌كانی خۆمان بوین رزگاربكرێن، ئه‌مڕۆ ئامۆزایه‌كم گه‌ڕایه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش خۆشحاڵیه‌كی زۆره‌ دوای كۆتایی داعش رفێنراوانمان رزگارده‌كرێن و ده‌دۆزرێنه‌وه‌".

"جه‌ژن له‌ ئێمه‌ بوو به‌ دوو جه‌ژن، جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سۆر و هاتنه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان"، رێ ئیبراهیم داواشیكرد به‌رده‌وامی بدرێت به‌ گه‌ڕان به‌ دوای بێسه‌روشوێناندا.

نه‌مانی حوكمڕانی داعش له‌ كاتێكدایه‌، هێشتا هه‌زاران هاوڵاتی له‌ نێویاندا ژن و منداڵی ئێزیدی بێسه‌روشوێنن و نه‌دۆزراوه‌نه‌وه‌، كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رفێنران و گومان هه‌بوو له‌دوامۆڵگه‌ی رێكخراوه‌كه‌دابن.

هاوڵاتیانی ئێزیدی، له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ ئابی 2014دا روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه،‌ شه‌ش هه‌زار و 417 كه‌سیان رفێنران، كه‌ هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار ژن و منداڵ و پیاو دیارنییه.

شێخ زیاد، هاوسه‌رۆكی ماڵی ئێزیدیان له‌ رۆژئاوای كوردستان (سوریا) پێشتر بۆ‌ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌ كه‌ گومانده‌كه‌ن دوای كۆتایی داعش ژماره‌یه‌ك له‌ رفێنراوانی ئێزیدی له‌ نێو كه‌مپه‌كاندا بن، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خێزان و كه‌سوكاری داعشی تێدایه‌.

له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا و دوای كۆتایی داعش له‌ سوریا، تیمێكی تایبه‌ت به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕان بۆ چاره‌نوسی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كرد، به‌ڵام ته‌نیا سێ كه‌سیان رزگار كرد و گه‌ڕانه‌وه‌ عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT