گردبوونه‌وه‌ له‌ موسڵ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

گردبوونه‌وه‌ له‌ موسڵ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت
نه‌ینه‌وا، نیسانی 2019، گردبونه‌وه‌ی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی شه‌هوان له‌ موسڵ بۆ داواكاری خزمه‌تگوزاری فۆتۆ: ئه‌حمه‌د به‌له‌

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ نه‌ینه‌وا، بڕیاریدا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو جۆره‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی هاوڵاتیان، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی به‌كارنه‌هێنرێت بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی له‌ شاری موسڵ.

ئه‌و بڕیاره‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هات كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ی نیسان لیوا نه‌جم جبوری، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا بڵاویكرده‌وه‌ و تێیدا هاوڵاتیان ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ی له‌ ئێستادا هه‌موو جۆره‌ گردبونه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌ و مۆڵه‌تی پێنادرێت.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ی گردبونه‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه‌دایه‌، چونكه‌ "زۆر كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن گردبونه‌وه‌كان بقۆزنه‌وه‌ بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی".

هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌ش له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، له‌و دۆخه‌ی ئێستا پارێزگاكه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕێت، هه‌موان به‌ یه‌ك تیم كاربكه‌ن و دوربكه‌نه‌وه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌بێته‌ هۆی لێكترازان.

بڕیاره‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان دوای ئه‌وه‌هات، ژماره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌ جیاوازه‌كانی شاری موسڵ گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و مانگرتنیان ئه‌نجامدا، بۆ داواكاری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن شانه‌ی قه‌یرانه‌كانه‌وه‌.

شانه‌ی قه‌یرانه‌كان به‌فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ ئازاری ئه‌مساڵ پێكهێنرا بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ینه‌وا و ئیداره‌دانی پارێزگاكه‌، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌رۆكی زانكۆ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس، به‌بێ پارێزگار.

نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا چه‌ند رۆژێك دوای روداوه‌كه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، دوای ناڕه‌زایی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی لێكه‌وته‌كانی روداوه‌كه‌دا.

ئێواره‌ی 21ی ئازار له‌ موسڵ، به‌هۆی نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاریه‌وه‌ له‌ روباری دیجله‌، زیاتر له‌ 200 كه‌س خنكان و هێشتاش ته‌رمی به‌شێك له‌ قوربانییان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

شاری موسڵ، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ حوكمڕانی داعش، له‌ ته‌مموزی 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌ و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت، تائێستاش هه‌زاران خێزانی سنوره‌كه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT