سه‌دا 41ی ئاواره‌كانی موسڵ و شنگال له‌ زێدی خۆشیاندا ئاواره‌ن

سه‌دا 41ی ئاواره‌كانی موسڵ و شنگال له‌ زێدی خۆشیاندا ئاواره‌ن
نه‌ینه‌وا، كه‌مپێكی ئاواره‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش له‌ موسڵ فۆتۆ: IOM

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

هێشتا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی موسڵ و شنگال، له‌ زێدی خۆیان و شوێنی نیشته‌جێبونیاندا ئاواره‌ن، ئه‌وانه‌یشی له‌ كه‌مپه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌ لانیكه‌م تا ساڵێكی دیكه‌ نیازی گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه.

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ له‌ دوایین راپۆرتیدا بڵاویكرده‌وه‌، هێشتا هه‌زاران خێزانی ئاواره‌ی شه‌ڕی داعش، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وا به چه‌ند هۆكارێك ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی پێشتریان نین، ئه‌وه‌ش به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی.

له‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ سه‌دا 41ی ته‌واوی ئاواره‌كانی موسڵ و شنگال له‌ شوێنی ره‌سه‌نی خۆیاندا ئاواره‌ن، به‌ڵام به‌شێك له‌ ئاواره‌كانیش خه‌ڵكی قه‌زای حه‌ویجه‌ی كه‌ركوك، ئه‌وانیتر بێجی له‌ سه‌ڵاحه‌دین، فه‌لوجه‌ و ره‌مادی له‌ ئه‌نبار، ته‌له‌عفه‌ر و به‌عاج له‌ نه‌ینه‌وا.

رێكخراوی كۆچ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ هێشتا له‌ كۆی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ی شه‌ڕی داعش، نزیكه‌ی ملیۆنێك و 700 هه‌زار كه‌س له‌ ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه‌.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌؛ سه‌دا 61ی رێژه‌ی ئاواره‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ قۆناغی ئاواره‌یی درێژخایه‌ن، چونكه‌ سێ ساڵ زیاتر به‌ ئاواره‌ییبونیاندا تێپه‌ڕیووه‌.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌كراوه‌ زۆرینه‌ی ئاواره‌كان ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه‌، یان پرۆسه‌كه‌ زۆر سستی به‌رێوه‌ده‌چێت، زۆرینه‌ش نیازی مانه‌وه‌یان هه‌یه‌ لانیكه‌م بۆ 12 مانگی تر له‌ كه‌مپ و شوێنه‌كانی ئاواره‌ییبونیاندا.

له‌ هۆكاره‌كانی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ؛ روخاندنی خانوه‌كانیانه‌، ئه‌وه‌ش به‌لای سه‌دا 52ی ئاواره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ و سه‌دا 38ی ئاواره‌كانی ناو كه‌مپه‌وه‌ به‌ره‌به‌ستێكی سه‌ره‌كییه‌.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT