نه‌زاهه‌ چاره‌نوسی 76 ملیار دیناری نه‌ینه‌وا ئاشكراده‌كات

نه‌زاهه‌ چاره‌نوسی 76 ملیار دیناری نه‌ینه‌وا ئاشكراده‌كات
دراوی عیراقی

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ ئاشكرایده‌كات، له‌ سه‌رده‌می پارێزگاری پێشوی نه‌ینه‌وا بڕیاری 76 ملیار دینار راكێشراوه‌، به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ش به‌ كاش لای لێپرسراوان بووه‌ یاخود له‌ نێو ماڵه‌كانیاندا ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 22ی نیسان ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، به‌پێی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی به‌شێك له‌ لێپرسراو و فه‌رمانبه‌رانی دیوانی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ تۆمه‌تی ئیختلاس و به‌فیڕۆدانی پاره‌ی ده‌وڵه‌ت، ده‌ركه‌وتووه‌ 76 ملیار دینار به‌ شێواز و له‌ژێر ناوی جیاواز له‌ بودجه‌ی پارێزگاكه‌ ده‌رهێنراوه‌.

ده‌رباره‌ی زانیاری راكێشانی پاره‌ی تایبه‌ت به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، نه‌زاهه‌ له‌رێی تیمێكه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی كردووه‌ و توانراوه‌ بڕه‌ پاره‌كه‌ له‌ قاسه‌كانی باڵه‌خانه‌ی پارێزگا بدۆزنه‌وه‌، كه‌ پێچه‌وانه‌ی رێنمایی و یاسا هه‌ڵگیرابون، به‌بێ ئه‌وه‌ی بخرێنه‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ باس له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕی پێنج ملیار دینار ده‌كات، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ئه‌ندازیاری كارگێڕی و فه‌رمانبه‌رێكی دیوانی پارێزگاوه‌ له‌ بانكێكی حكومی دانراون، بانكه‌كه‌ش له‌وه‌ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ بڕی هه‌شت ملیار دیناری دیكه‌ش داده‌نێن.

تیمه‌كه‌ی نه‌زاهه‌ توانیویانه‌ ده‌ستبگرن به‌سه‌ر به‌ڵگه‌ی راكێشانی نزیكه‌ی 13 ملیار دیناری تایبه‌ت به‌ گه‌شه‌پێدانی گونده‌كان، له‌گه‌ڵ راكێشانی زیاتر له‌ 44 ملیار دینار له‌ بودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان بۆ ساڵی 2018.

له‌و دۆسیه‌یه‌دا حه‌وت تۆمه‌تبار ده‌ستبه‌سه‌ركراون، كه‌ ئه‌ركی جیاوازیان هه‌بووه‌ له‌ دیوانی پارێزگا و نزیك بون له‌ تۆمه‌تباری هه‌ڵاتوو نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری پێشوو، وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نه‌زاهه‌دا هاتووه‌.

له‌به‌شێكی تری لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر حه‌وت ملیار و 500 ملیۆن دیناری كاش له‌لای سه‌رۆك و ئه‌ندامی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك، جگه‌ له‌ ملیارێك و 425 ملیۆن دینار و چه‌كێكی بانكی 74 ملیۆن دیناری له‌ قاسه‌ی سه‌رۆكی به‌شی ئه‌ندازه‌ی كارگێڕی له‌ دیوانی پارێزگا.

به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ی له‌لای لێپرسراو و فه‌رمانبه‌رانی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ فۆتۆ: نه‌زاهه‌

له‌ نێو ماڵێكی یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كاندا، نه‌زاهه‌ بڕی ملیارێك و 200 ملیۆن دیناری دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیگرتووه‌ به‌سه‌ر زیاتر له‌ سێ ملیار دینار له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی بانكی ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ری پارێزگا به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كان بووه.

نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری پێشوی نه‌ینه‌وا دوای لابردنی له‌و پۆسته‌ به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی عیراق‌ له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیران و به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، دوو فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌وه‌ بۆ ده‌ركراوه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ و له‌ موسڵ نه‌ماوه‌.

ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌كردوه‌ له‌ دۆسیه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌دا ژماره‌یه‌ك لێپرسراو و فه‌رمانبه‌ری پارێزگا ده‌ستبسه‌ركراون، به‌ بڕیاری دادوه‌ر و مادده‌ی 315 له‌ یاسای سزادانی عیراقی.

له‌و مادده‌ یاساییه‌دا هاتووه‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك یان راسپێردراو به‌ خزمه‌تی گشتی به‌ زیندانی سزاده‌درێت ئه‌گه‌ر تێوه‌گلا له‌ ئیختیلاس یان شاردنه‌وه‌ی پاره‌ یاخود ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌ ئه‌ستۆیدا بووه‌.

نه‌زاهه‌ بڕیاریداوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ بخرێنه‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی و هیچ كه‌سێك ده‌سه‌ڵاتی مامه‌ڵه‌ و خه‌رجكردنی نه‌بێت تا یه‌كلابونه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان.

لێكۆڵینه‌وه‌كانی نه‌زاهه‌ و ده‌ستگیركردنی لێپرسراوانی نه‌ینه‌وا، دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ی ئێواره‌ی 21ی ئازار دێت له‌ موسڵ، كه‌ به‌هۆی نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاریه‌وه‌ له‌ روباری دیجله‌، زیاتر له‌ 200 كه‌س خنكان و هێشتاش ته‌رمی زۆرینه‌ی قوربانییان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

پێشتر و له‌ سه‌روبه‌ندی روداوه‌كهدا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ فه‌رمانێكدا پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ینه‌وا و ئیداره‌دانی پارێزگاكه‌ راگه‌یاند، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌رۆكی زانكۆ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس، به‌بێ پارێزگار.

لابردنی پارێزگار، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی ده‌یان كه‌س له‌ خه‌ڵكی موسڵ و كه‌سوكاری قوربانیان له‌ نزیك شوێنی روداوی نقومبونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ و داوایانكرد جگه‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پارێزگار ته‌واوی به‌رپرسانی روداوه‌كه‌ش سزا بدرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT