گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئێزیدخان
منداڵانی رزگاربوو ده‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر ئایینی ئێزیدی

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئێزیدخان<br>منداڵانی رزگاربوو ده‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر ئایینی ئێزیدی
دهۆك، نیسانی 2019، دوو خوێندكاری ئێزیدی له‌ خوێندنگه‌ی كانی سپی له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتوو فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

له‌ كابینه‌یه‌كی بچوكی نێو كه‌مپه‌كه‌دا، ده‌یان كچ و كوڕی منداڵ به‌ جلوبه‌رگی كلتورییه‌وه‌ له‌ ته‌نیشتی یه‌كتریدا دانیشتون و به‌ ده‌نگی به‌رز، ده‌سته‌واژه‌ و ده‌قه‌ ئاینییه‌كانی ئێزیدیی ده‌ڵێنه‌وه‌.

كچه‌كان جلێكی سه‌رتاپا سپی له‌به‌رده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ هێله‌ك و كڵاوی ره‌شی نه‌خشێنراو، كوڕه‌كانیش قاتی كوردی و جامانه‌ی سوریان به‌ستووه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌رۆژانی دیلی لای داعش له‌سه‌ری راهێنراون، ئه‌وان ئێستا له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی ره‌گه‌ز سڵ له‌ بینینی یه‌كتری ناكه‌نه‌وه‌.

ئه‌و منداڵ و مێردمنداڵانه‌، به‌رله‌وه‌ی بچنه‌ خوێندنگه‌ی كانی سپی له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتووی پارێزگای دهۆك، ئایینی باوباپیرانی خۆیان له‌ بیر نه‌مابوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌یانزانی وتنه‌وه‌ی ئه‌و وانانه‌ بوو داعش فێری كردبون، كاتێك له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر بون.

"چه‌كدارانی داعش به‌ ئێمه‌یان وت ئایینی ئێزیدی دروست نیه، رۆژانه‌ وانه‌ی خوێندنی قورئانمان هه‌بوو، چه‌ند کتابێکی تری عه‌قیده‌یان به‌ ئێمه‌ ده‌وته‌وه‌ و ده‌یانوت ئێوه‌ کافرن و ده‌بێت ببنه‌ موسوڵمان، بۆیه‌ فێری نوێژ و قورئان خوێندنیان ده‌كردین" مازن سه‌لیم، بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

مازن مێردمنداڵێكی ئاواره‌ی كۆمه‌ڵگای خانه‌سۆره‌ له‌ شنگال و له‌گه‌ڵ 10 منداڵی تری ئێزیدی، له‌مساڵدا له‌ژێر ده‌ستی داعش له‌ سوریا رزگاركران و ئێستا له‌ كه‌مپی بێرسیڤ نیشته‌جێیه‌.

چه‌كدارانی داعش به‌ ئێمه‌یان وت ئایینی ئێزیدی دروست نییه

منداڵانی رزگاربوی ئێزیدی له‌ ژێر ده‌ستی داعش، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ كه‌مپ و زێدی خۆیان، ده‌چنه‌ به‌ر خوێندنی ئایینی، بۆ نه‌هێشتنی كاریگه‌ری بیری داعش و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئایینی ئێزیدی.

مازن و هاوڕێیه‌كانی، دوای چه‌ندین هه‌فته‌یه‌ له‌ خوێندن و ئاشناكردنه‌وه‌یان به‌ ئاینی ئێزیدیی، چونه‌ سه‌ردانی په‌رستگای لالش، شوێنی پیرۆزی پێكهاته‌كه‌ له‌ قه‌زای شێخان و دوای چه‌ند رێوڕه‌سمێكی تر، به‌ فه‌رمی له‌ ئیسلامه‌وه‌ بۆ ئاینی خۆیان گه‌ڕانه‌وه‌.

"سوپاس بۆ خوا گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌ر ئایینی خۆم، من شانازی به‌ ئایینی باب و باپیرانی خۆمه‌وه‌ ده‌كه‌م، تا له‌ ژیاندابم ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌كه‌م نابم" مازن واده‌ڵێت.

له‌ خوێندنگه‌ی كانی سپی منداڵانی رزگاربوی ئێزیدی ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئاینی خۆیان فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

رێكخراوی داعش، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌ ئابی 2014 و رفاندنی هه‌زاران هاوڵاتی ئێزیدی، فشاره‌كانیان ده‌ستپێكرد بۆ گۆڕینی ئایینه‌كه‌یان به‌ ئیسلام، بۆ ئه‌وه‌ش زیاتر منداڵانانی به‌كارهێنرا له‌ گۆڕینی ئایین و هاندانیان دژی بیرباوه‌ڕی ئێزیدیی.

به‌شێك له‌و منداڵانه‌ی رزگاركراون، به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نیان له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بون، بۆیه‌ زۆرینه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ ته‌واوی چونه‌ته‌ سه‌ر ئایینی ئیسلام و هیچ له‌باره‌ی ئێزیدییه‌وه‌ نازانن، زمانی خۆشیان بیرچۆته‌وه‌ یان نایزانن، له‌ بری ئه‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بی و توركمانی قسه‌ ده‌كه‌ن.

شێخ فاخر خه‌ڵه‌ف، پیاوێكی ئایینی ئێزیدی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "تائێستا توانیومه‌ 95 منداڵی رزگاربوی ده‌ستی داعش بگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئایینی خۆیان" شێخ فاخر هیچ شوێنی تایبه‌ت یان له‌ خوێندنگه‌دا ئه‌و كاره‌ ناكات، به‌ڵكو خۆبه‌خشانه‌ ده‌چێته‌ كه‌مپه‌كان و رۆژانه‌ دوو كاتژمێر وانه‌ی ئایینی به‌ منداڵانی پێكهاته‌كه‌ی ده‌ڵێته‌وه‌.

چه‌ند ساڵێكی تر ئه‌و منداڵانه‌ گه‌وره‌ ده‌بن و ئه‌گه‌ر ئێستا فێری ئایینی ئێزیدی نه‌كرێنه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ئایینده‌دا‌ قورس بێت

"ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی ئایینیه‌ و به‌رده‌وام ده‌بم، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ رۆڵی خۆمان نه‌گێڕین ئه‌ی كێ ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئه‌و منداڵانه‌، چه‌ند ساڵێكی تر ئه‌و منداڵانه‌ گه‌وره‌ ده‌بن و ئه‌گه‌ر ئێستا فێری ئایینی ئێزیدی نه‌كرێنه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ئایینده‌دا‌ قورس بێت".

ناوی ئێزیدییەكان بە سادەیی "یەزدانپەرست" دەگەیەنێت، هەر لەوەشەوە ئێزدییەكان وەسفی خۆیان دەكەن، هەموو تێكستە ئایینییەكانیان بە دیالێکتی كرمانجی کوردییە.

شێخ فاخر ده‌ڵێت په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و منداڵانه‌ زۆر قورسه‌، چونكه‌ زمانی خۆیان له‌بیركردووه‌، به‌ عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كه‌ن و به‌شێكی دیكه‌ی به‌ زمانه‌كانی تر له‌ نێویاندا توركمانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وان كۆڵناده‌ن و هه‌وڵی فێركردنیان ده‌ده‌ن.

هاوڵاتیانی ئێزیدی، له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ ئابی 2014دا روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه،‌ شه‌ش هه‌زار و 417 كه‌سیان رفێنران، كه‌ هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار ژن و منداڵ و پیاو دیارنییه.

هه‌ندێك له‌ منداڵان 50 رۆژ وانه‌یان پێده‌وترێته‌وه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی كاریگه‌ری داعش فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

شێخ حه‌سه‌ن عه‌لی كوبۆ، سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنگه‌ی كانی سپی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ ساڵی 2014وه‌ تائێستا زیاتر له‌ 300 منداڵی ئێزیدیی رزگاربوی ده‌ستی داعش له‌رێی ئێمه‌وه‌ خراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئایینی ئێزیدیی".

ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی كه‌به‌رتوو، ته‌نیا وانه‌ی ئایینی تێدا ده‌وترێته‌وه‌، له‌ ساڵی 2014دا دامه‌زراوه‌ به‌بێ پشتگیری دارایی حكومی، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی روحانی ئێزیدی هه‌یه‌ و وه‌رگرتنی خوێندكار ئاره‌زومه‌ندانه‌یه‌.

"فێركردنی منداڵه‌كان زۆر قورسه‌، داعش مێشكی ئه‌وانی پڕكردوه‌ له‌ توندوتیژی و كوشتن، كاتێك دێنه‌ خوێندنگه‌كه‌ به‌شێكیان به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن كافر .. ته‌نیا ئایینی ئیسلام به‌ راست ده‌زانن" به‌وته‌ی شێخ حه‌سه‌ن، له‌رێی مامۆستای زۆر شاره‌زاوه‌ جارێكیتر باوه‌ڕی ئێزیدییانه‌ بۆ منداڵه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

خواوەندی مەزنی ئێزیدییەكان ناوی "یەزدان"ە و پایەیەكی بەرزی هەیە لایان، بەجۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو خاوەن هێزێكی شاراوەیە، لەگەڵ ئەوەی خوڵقێنەری گەردونە، بەڵام پاسەوانی نییە‌ و حەوت رۆحی تر لەو خوداوەندەوە سەرچاوەیانگرتووە و گەورەترینیان مەلەك تاوسە كە جێبەجێكەری كارای ویستی پیرۆزە.

تائێستا زیاتر له‌ 300 منداڵی ئێزیدیی رزگاربوی ده‌ستی داعش خراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئایینی ئێزیدیی

منداڵانی ئێزیدیی، دوای رزگاركردنیان له‌ ده‌ستی داعش ده‌برێنه‌ لالش، دوای رێوشوێنێكی ئایینی ره‌وانه‌ی خوێندنگه‌كه‌ ده‌كرێن و له‌گه‌ڵ تۆماركردنی ناوه‌كانیاندا، جلوبه‌رگی كلتوری ئێزیدییان پێده‌درێت و وانه‌ ده‌خوێنن.

"هه‌ندێك منداڵ هه‌ن زیاتر له‌ 50 رۆژ وانه‌یان پێده‌وترێته‌وه‌، تا بتوانین بیروباوه‌ڕی داعش له‌ مێشكیاندا به‌ ته‌واوی بسڕینه‌وه‌" شێخ حه‌سه‌ن وای وت.

ئه‌نجومه‌نی باڵای روحانی ئێزیدیی، له‌ دوایین بڕیار و فه‌توایدا ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ژنانی رزگاربوی ده‌ستی داعش، به‌ منداڵه‌كانیشیانه‌وه‌، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك جێی مشتومڕ و بۆچونی جیاوازیی نێو ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بوو.

ئه‌و بڕیاره‌ دوائه‌وه‌دێت به‌شێك له‌ ژنانی رزگاربوی ئێزیدیی، له‌ نێو كه‌سوكار و پێكهاته‌كه‌یاندا خرانه‌ به‌رده‌م دوو بژارده‌، وه‌رگرتنه‌وه‌یان به‌ ته‌نیا و به‌جێهێشتنی ئه‌و منداڵه‌ی له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربونیان لای داعش له‌دایكبون، یاخود له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیاندا بڕۆن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT