"لێپرسراوانی باڵا تێوه‌گلاون"
مه‌ترسی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان گه‌یشتۆته‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ كه‌ركوك

"لێپرسراوانی باڵا تێوه‌گلاون"<br>مه‌ترسی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان گه‌یشتۆته‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ كه‌ركوك
چه‌ند جۆرێك له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر

كه‌ركوك ناو

بازرگانیكردن و مامه‌ڵه‌كردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ خێرایی بڵاوده‌بنه‌وه‌ و ناوه‌نده‌كانی خوێندن، كافتریا و چایخانه‌كانی كه‌ركوك وه‌ك شوێنی بڵاوبونه‌وه‌ی باسده‌كرێت‌‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی پۆلیسی كه‌ركوك په‌یوه‌ندی به‌زیادبونی بانده‌كان و پشتگیری هه‌ندێك له‌ لێپرسراوانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌جۆرێك به‌شێك له‌و باندانه‌ توانای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌كداریی و به‌رگریكردنیان هه‌یه‌ دژ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی مافی مرۆڤی عیراق و پۆلیسی كه‌ركوك، مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا به‌فراوانیی و خێرایی گه‌یشتۆته‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن.

ئه‌و مه‌ترسییه‌ زیاتر له‌ سیمینارێكی زانكۆی كه‌ركوكدا ده‌ركه‌وت، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ خوێندكارانی زانكۆ و تیایدا لێپرسراوانی ئه‌منی، مافی مرۆڤ و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شداربون له‌ 28ی نیسان.

سه‌روین عه‌لی، ناوی خوازراوی خوێندکارێكی زانکۆیه‌ و له‌ سیمناره‌كه‌دا‌ به‌شداربوو، ده‌یویست ئه‌وه‌ به‌ به‌شداربوان بڵێت، كه‌ مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ زانكۆ.

ئه‌و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "وه‌رن ئه‌و راستییه‌ بزانن، لێره‌ له‌ زانكۆ مامەڵە بەو ماددەیەوە کراوە، به‌ڵام لێپرسراوانی زانكۆ بێئاگان... بانده‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ئێره‌ و خوێندكاریش هه‌یه‌ ئاڵوده‌ بووه‌".

وه‌رن ئه‌و راستییه‌ بزانن، لێره‌ له‌ زانكۆ مامەڵە بەو ماددەیەوە کراوە، به‌ڵام لێپرسراوانی زانكۆ بێئاگان

"من وه‌كو خوێندکارێک داوادەکەم کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە بکرێت، چونکە مەترسی گەورەی بۆ سەر شیرازەی کۆمەڵگاکەمان هەیە"، سه‌روین كه‌ (كه‌ركوك ناو) له‌به‌ر دروستبونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی ناوه‌كه‌ی به‌ خوازراو دانا وای وت.

ئه‌و سیمینیاره‌‌ نوسینگەی کەرکوکی مافی مرۆڤی عیراق رێكیخستبوو، ئه‌وه‌ش دوای هه‌ستكردنیان به‌ بڵاوبونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا له‌نێویاندا زانكۆی كه‌ركوك.

به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگەی كه‌ركوكی مافی مرۆڤ له‌ چوار مانگی رابردودا 70 حاڵه‌تی مامه‌ڵه‌كردن به‌و مادده‌یه‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌ تۆماركراوه‌.

"پێمانوایه‌ به‌خێرایی و به ‌فراوانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و بانده‌كان له‌ كه‌ركوك زیادده‌بن، ئاگاداریی چه‌ندین حاڵه‌تی ترسناكین و زیاتر له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و خوێندنگه‌كان به‌ربڵاوه‌"، سەجاد جومعە، سەرۆکی نوسینگەی کەرکوکی مافی مرۆڤ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت.

كه‌ركوك/حوزه‌یرانی 2018/ ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك كه‌س به‌ تۆمه‌تی مامه‌ڵه‌كردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیسی كه‌ركوك

ئه‌وانه‌ی له‌ سیمیناره‌كه‌دا به‌‌شداربون داوایانده‌كرد چاودێریی وردی ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكرێت به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

"ناکرێت بەمشێوەیە لێی بگەڕێین گەنجەکانمان بکرێنە ئامانجی باند و گروپە بەرژەوەندخوازەکان، بۆیە ده‌بێت هه‌موان پێكه‌وه‌ به‌ربه‌ست دابنێین"، سه‌جاد وایوت.

بانده‌كان به‌هێز بون و روبه‌ڕوی پۆلیس ده‌بنه‌وه‌

له‌ ‌چه‌ند رۆژی رابردودا به‌شی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ پۆلیسی كه‌ركوك 40 كه‌سی ده‌ستگیركرد به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ بانده‌كان به‌هێز بون و توانای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیان هه‌یه‌، وه‌ك پۆلیس ده‌ڵێت.

عەقید هوما ره‌وف، لێپرسراوی بەشی مادەی هۆشبەر لە پۆلیسی کەرکوک، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیركران مامه‌ڵه‌یان به‌ مادده‌ی کریستاڵه‌وه‌ كردووه‌".

وتیشی "له‌گه‌ڵ به‌شێكی باند و گروپه‌كان، روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری بوینه‌ته‌وه‌ و ئه‌ركه‌كه‌مان قورس بووه‌"، هه‌رچه‌نده‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ رێژه‌كه‌ هێشتا جێگه‌ی مه‌ترسی نییه‌ و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.

به‌پێی یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی په‌رله‌مانی عیراق له‌ ساڵی 2017، هه‌ركه‌سێك مادده‌ی هۆشبه‌ر هاورده‌ بكات، یان بیچێنێت به‌ ئامانجی بازرگانیكردن له‌ سێداره‌ده‌درێت یان به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزاده‌درێت.

هه‌روه‌ها هه‌ركه‌سێك مادده‌ی هۆشبه‌ری پێبێت، یان بیكڕیت، به‌كاریبهێنێت و بیگوازێته‌وه‌، به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزاده‌درێت، له‌گه‌ڵ غه‌رامه‌یه‌ك كه‌ له‌ 10 ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ 30 ملیۆن زیاتر نه‌بێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌پێی یاساكه‌.

هه‌ركه‌سێك مادده‌ی هۆشبه‌ری پێبێت، یان بیكڕیت، به‌كاریبهێنێت و بیگوازێته‌وه‌، به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزاده‌درێت

بەپێی دواین ئاماری دەستەی باڵای نیشتیمانی بۆ بەگژداچونەوەی ماددەی هۆشبەر، زیاتر لە 7000 هەزار ئالودەبوو بە ماددەی هۆشبەر لە عیراقدا هەن.

كێ له‌ پشت بانده‌كانه‌وه‌یه‌؟

پۆلیسی كه‌ركوك، نایشارێته‌وه‌ له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 – گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك- مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌شێوه‌ی فراوانتر بڵاوبۆته‌وه‌.

له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر جۆرێك له‌ فره‌ هێزی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌تایبه‌ت كه‌ركوك و قه‌زای دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بونی هه‌یه‌.

عەقید هوما ره‌وف وتی "ئێمه‌ وەک پۆلیس هەندێك کەسی بەرپرس و پلە باڵا بە پاڵپشت بۆ زیادبونی ئەو دیاردەیە دەزانین".

لە دواین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، له‌باره‌ی مادده‌ی هۆشه‌به‌ره‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ دیاردەی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان لە عیراق لە نێو هێزە چەکدارەکان پەرەیسەندووە و هۆشداریده‌دات "ئەگەر لە 10 ساڵی داهاتودا دیاردەکە لە عیراق بەو جۆرە خێراییە بەردەوامبێت ئەوا گەنجانی عیراق روبه‌ڕوی سه‌رگه‌ردانیی و ماڵوێرانی ته‌واو ده‌بنه‌وه‌".

به‌پێی یاسا سزای كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌ قورستر ده‌بێت.

پشتیوان بەیاد، توێژەری کۆمەڵایەتی، پێیوایە بێكاریی هۆكاری سه‌ره‌كی ئالوده‌بونه‌ به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ نێو گه‌نجان.

ئه‌و كه‌ له‌ سیمنیاره‌كه‌ی زانكۆی كه‌ركوك به‌شداربوو، وتی "ناوەندەکانی خوێندن، کافتریاکان، چایخانە و کۆلێژەکان زۆرترین شوێنی بڵاوبونەوە و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەره‌كانن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT