مه‌‌ترسی هه‌یه‌ 63 ملیار دیناری كه‌ركوك بۆ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه‌

مه‌‌ترسی هه‌یه‌ 63 ملیار دیناری كه‌ركوك بۆ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه‌
كه‌ركوك/8ی كانونی دووه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

گۆران بابان – كه‌ركوك

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ترسی هه‌یه‌ 63 ملیار دینار‌ی پترۆدۆلاری شاره‌كه‌ بۆ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی شكستهێنانی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن بۆ چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌.

ئه‌و مه‌ترسییه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7ی ئایار ئاشكراكرا، دوای ئه‌وه‌ی بۆ جاری سێیه‌م نیسابی یاسایی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ته‌واو نه‌بوو و دانیشتنه‌كه‌ شكستیهێنا.

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی لیستی برایەتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "حكومه‌تی عیراق 63 ملیار دیناری له‌ به‌شه‌ پترۆدۆلاری كه‌ركوكی ناردووه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نه‌یتوانیوه‌ بڕیار له‌سه‌ر خه‌ر‌جكردنی بدات له‌به‌ر په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانه‌وه‌".

"بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ترسی ئەوه‌مان هەیە بەغدا پارەکەی كه‌ركوك بۆ ناوه‌ند بگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌مه‌ش زیانه‌كه‌ ته‌نیا به‌ر خه‌ڵك ده‌كه‌وێت و خزمه‌تگوزارییان بۆ ئه‌نجامنادرێت"، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری وایوت.

بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ترسی ئەوه‌مان هەیە بەغدا پارەکەی كه‌ركوك بۆ ناوه‌ند بگه‌ڕێنێته‌وه‌

بڕیاربوو له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌دا، تاوتوێی چه‌ند پرسێك، له‌ نێویاندا گفتوگۆی كۆتایی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی بودجه‌ی پترۆدۆلار بكرێت.

په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بون نه‌گه‌یشته‌ 20 كه‌س و دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە، هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی پێویستی به‌ ئاماده‌بونی په‌نجا كۆ یه‌كی ئه‌ندامان هه‌یه‌.

مانگی رابردوو راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، داوای واژۆی 15 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كرد، بۆ خه‌رجكردنی 63 ملیار دینار له‌ بودجه‌ی پترۆدۆلار، به‌ڵام پرسه‌كه‌ ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌ و بڕیاردرا له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن یه‌كلاییبكرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها حکومەتی عیراق بڕی 450 ملیار دیناری تری وه‌كو به‌شه‌ بودجه‌ی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی پارێزگاكه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری وتی "پارەکە زۆرە و خەڵکی کەرکوکیش پێویستی بە خزمەتگوزارییە، بۆیە ئەوانەی ئامادەی کۆبونەوەکان نابن بەرپرسن لە چارەنوسی چۆنییەتی مامەڵەکردن بەو بڕە پارەیەوە کە مافی کەرکوکییەکانە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT