ئاڵۆزی له‌ گوندی په‌لكانه‌ی كه‌ركوك‌ رویدا
گوندنشینێك: ده‌یانه‌وێت خانوو و زه‌وییه‌كانمان داگیربكه‌ن

ئاڵۆزی له‌ گوندی په‌لكانه‌ی كه‌ركوك‌ رویدا<br>گوندنشینێك: ده‌یانه‌وێت خانوو و زه‌وییه‌كانمان داگیربكه‌ن
كه‌ركوك/14ی ئایاری2019/ ئاڵۆزی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ گوندی په‌لكانه‌ی كه‌ركوك

كه‌ركوك ناو

ئاڵۆزی له‌ نێوان هاوڵاتیانی كورد و عه‌ره‌ب له‌ گوندی په‌لكانه‌ی كه‌ركوك رویدا و به‌پێی سێ سه‌رچاوه‌ی نێو گونده‌كه،‌ هێزێكی سوپای عیراق به‌ هه‌مه‌ر و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ستتێوره‌دانیان كردووه‌ و له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌ ده‌ستگیر كردووه‌.

روداوه‌كه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی ئایار رویدا، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر نزیكه‌ی 200 هاوڵاتی عه‌شیره‌تی شه‌مه‌ر چونه‌ته‌ گونده‌كه‌ و داوایانكردووه‌ گوندنشینه‌ كورده‌كان ناوچه‌كه‌ چۆڵبكه‌ن، ئه‌مڕۆش چماره‌یه‌كی تریان جارێكی تر چونه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌مان گوند و ناكۆكی دروستبووه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی هه‌ڵۆ جه‌وهه‌ر خه‌ڵكی گونده‌كه‌.

هه‌ڵۆ كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌وان داواده‌كه‌ن ناوچه‌كه‌ چۆڵبكه‌ین، له‌كاتێكدا موڵكی خۆمانه‌، سوكایه‌تیمان پێده‌كه‌ن و پاڵپشتیان له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا هه‌یه‌.... فه‌وجی مغاویری فرقه‌ی 14ی سوپای عیراق، به‌ هه‌مه‌ر و ئۆتۆمبێلی سه‌رباوی هاتون بۆ گونده‌كه‌ و ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نین گونده‌كه‌مان چۆڵبكه‌ین".

له‌ ئێستادا هاتوچۆ له‌ناو گونده‌كه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ و گوندنشینه‌ كورده‌كان له‌ماڵه‌كانی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵۆ وتی "خانوییه‌كی من ده‌ستیبه‌سه‌رداگیراوه‌ و باوك و دوو برام، له‌گه‌ڵ مامێك و دوو ئامۆزام له‌لایه‌ن سوپاوه‌ ده‌ستگیركراون".

نوعمان شوكر، هاوڵاتییه‌كی تری گونده‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "نزیكه‌ی 20 هه‌مه‌ر و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی له‌ناو گونده‌كه‌دا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و ناهێڵن خه‌ڵك له‌ماڵه‌كانیان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌".

عه‌لی ئه‌حمه‌د، موختاری گوندی په‌لكانه‌،‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هێزه‌كه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ هاتوون و له‌هه‌ردولایان ده‌ستگیركردووه‌، له‌ئێستادا بارودۆخه‌كه‌ هێوربۆته‌وه‌ و هه‌وڵی ئاسایكردنه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو پێكهاته‌كه‌ ده‌درێت".

هێزه‌كه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ هاتوون و له‌هه‌ردولایان ده‌ستگیركردووه‌

وتیشی "عه‌ره‌به‌كان ده‌یانه‌وێت كورد گونده‌كه‌ چۆڵبكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌كرد، ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی ناكۆكی و ئاڵۆزی نێوانیان".

پەڵکانە و چەند گوندێکی تری ناحیەی سەرگەڕان-ی پارێزگای کەرکوک، پێشتریش بۆ چه‌ند هەفتەیەک بونه جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵک‌ و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەوتەی کورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەرکردنیان دەدرێت لەکاتێکدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.

گوندەکانی سەرگەڕان له‌ قه‌زای دوبز باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك، هاوشێوەی تەواوی سنوری پارێزگای کەرکوک، بەشێکە لە ناوچەی جێناکۆک بەپێی ماددەی 140ی دەستور کە چارەنوسی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستاندا یەکلاییدەکاتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT