ڤێتێرنه‌ری پێنج ساڵه‌ بێ پاره‌یه‌
‌ماوه‌ی چوار ساڵ هیچ ئاژه‌ڵێك له‌ حه‌ویجه‌ نه‌كوترا

ڤێتێرنه‌ری پێنج ساڵه‌ بێ پاره‌یه‌<br>‌ماوه‌ی چوار ساڵ هیچ ئاژه‌ڵێك له‌ حه‌ویجه‌ نه‌كوترا
كه‌ركوك، ئایاری 2019، فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌ی ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك له‌كاتی كوتانی ئاژه‌ڵان دژی نه‌خۆشییه‌ وه‌رزییه‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

نه‌خۆشخانه‌ی ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك، به‌هۆی بێ بودجه‌ییه‌وه‌ روبه‌ڕوی گرفت بۆته‌وه‌، له‌ كاتێكدا پێویسته‌ له‌ وه‌رزه‌كاندا ئاماده‌كاری نه‌خۆشییه‌ باوه‌كان بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ كه‌ بۆ چوارساڵ هیچ ئاژه‌ڵێك نه‌كوترا.

له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ زیاتر له‌ 15 بنكه‌ی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تاقیگه‌ و نه‌شته‌رگه‌ری.

ئەكرەم كەمال عارف، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنه‌ری كەركوك بە (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە ساڵی 2014وه‌ تائێستا یەك دینار بودجەمان پێ نەدراوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ریژەیەكی كەم داودەرمانمان به‌ده‌ست ده‌گات".

نه‌بونی بودجه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك، ساڵانه‌ سێ بۆ چوار هه‌ڵمه‌تی كوتانیان هه‌یه‌ و له‌ ئێستاشدا، كۆتان دژی نه‌خۆشی (برۆسله‌)، كه‌ توشی مه‌ڕ، بزن، مانگا و گامێش ده‌بن.

ئه‌كره‌م كه‌مال وتی "له‌سه‌رده‌می داعش، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هیچ ئاژه‌ڵێك له‌ حه‌ویجه‌، عه‌باسی، ریاز و ره‌شاد كوتانی دژی نه‌خۆشییه‌كان بۆ نه‌كرا، به‌ڵام ئه‌مساڵ هه‌ڵمه‌تی كوتانمان ده‌ستپێكردووه‌ و تائێستا 60 هه‌زار مه‌ڕ و 35 هه‌زار مانگا كوتراون".

نه‌خۆشخانه‌ی ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك، له‌هه‌موو پارێزگاكه‌دا 120 فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌، به‌وته‌ی به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌ی، پێویستیان به‌ 50 فه‌رمانبه‌ری تر هه‌یه‌، چونكه‌ ساڵانه‌ خه‌ڵكیان خانه‌نشین ده‌بێت و كه‌س ناخرێته‌ جێگه‌كانیان، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌رچوی كۆلێژی ڤێتێرنه‌ری هه‌یه‌ و دانامه‌زرێندرێن.

به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ گله‌یی له‌ نه‌بونی چه‌ند جۆرێك له‌ ده‌رمان كرد بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی ئاژه‌ڵ، له‌ نێویاندا ده‌رمانی دژی هه‌وكردن.

جگه‌ له‌ نه‌بونی بودجه‌، بارودۆخی ئه‌منی به‌ربه‌ستێكی تری به‌رده‌م كاره‌كانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌یه‌، تائێستاش هه‌ندێك ناوچه‌ی دوره‌ده‌ست ناتوانن سه‌ردانی بكه‌ن و له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی داعشدا، زۆربه‌ی باڵه‌خانه‌كانیان روخێنراو زیانیان به‌ركه‌وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT