رۆژێك له‌ په‌ڵكانه‌
گوندێک لە نێوان زۆرانبازیی دوو پێکهاتە و دوو حكومه‌تدا

رۆژێك له‌ په‌ڵكانه‌<br>گوندێک لە نێوان زۆرانبازیی دوو پێکهاتە و دوو حكومه‌تدا
كەركوك/14ی ئایاری 2019/گوندی پەلكانە سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز فۆتۆ: گۆران بابان

 گۆران بابان – كه‌ركوك

چه‌ند كاتژمێرێك دوای دروستبونی بارگرژییه‌كه‌، چه‌ند هه‌مەرێكی سوپای عیراق گه‌یشتنه‌ ناو گونده‌كه‌ و به‌ پانتایی سێ كیلۆمه‌تر، هێزه‌كه‌یان بڵاوه‌یپێكرا و هاوشێوه‌ی ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازیی جێگیربون.

هێزه‌كه‌ی سوپا، له‌ هه‌ردوو بەرەی ئاڵۆزییه‌كەوە؛‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كورد و عه‌ره‌بیان ده‌ستگیركرد، به‌وه‌ش رێگریكرد له‌ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌، به‌رله‌وه‌ی هیچ زیانێكی گیانی بكه‌وێته‌وه‌. هاوکات، هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێدا بون، به‌ وریاییه‌وه‌ ده‌چونه‌ ماڵی یه‌كتریی و ده‌یانویست هه‌رچۆنێك بێت ده‌نگی ناڕەزایی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ میدیا و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن.

 خه‌ڵكی گوندی په‌ڵكانه‌ له‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، ئه‌و رۆژە‌؛ سێشه‌ممه‌ 14ی ئایار، چه‌ند كاتژمێرێكی ئاڵۆزییان به‌ڕێكرد، كاتێك زیاتر له‌ 100 هاوڵاتی هۆزی شه‌ممه‌ر به‌ حه‌وت ئۆتۆمبێلەوە گه‌یشتونه‌ته‌ گونده‌كه‌، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ریان و داوایانكردووه‌، ئه‌و سنوره‌ به‌جێبێهێڵن.

"ئه‌وان رۆژی پێشتر به‌ شیش و داره‌وه‌ هاتن، هه‌ڕە‌شه‌یان كرد و ده‌یانویست زه‌وییه‌كانمان داگیربكه‌ن"، مام عه‌لی  وای وت.

رۆژی پێشتر به‌ شیش و داره‌وه‌ هاتن، هه‌ڕە‌شه‌یان كرد و ده‌یانویست زه‌وییه‌كانمان داگیربكه‌ن

مام عه‌لی كه‌ ته‌مه‌نی 67 ساڵه‌ و جلێكی ره‌نگ خۆڵه‌مێشی له‌به‌ردابوو، له‌گه‌ڵ جوڵاندنی گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی به‌ توڕە‌ییه‌وه‌ باسی روداوه‌كه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌كرد و سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ ناڕۆن.

پەڵکانە و چەند گوندێکی تری ناحیەی سەرگەڕان له‌ قه‌زای دوبز-ی پارێزگای کەرکوک، پێشتریش بۆ چه‌ندجارێك بونه‌ته‌ جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵک‌ و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی، بەوتەی کورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەرکردنیان دەدرێت، لەکاتێکدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن. 

ئه‌و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌بانه‌ی رویانكرده‌ گونده‌كه‌، ئێستا لە روبه‌ری سێ كیلۆمەتردا له‌ پێنج ماڵدا به‌شێكیان به‌رانبه‌ر خێزانه‌ كورده‌كان جێگیربون، ئه‌وان كه‌ له‌ هۆزی شه‌ممه‌رن، ئاڵای عیراقییان له‌سه‌ر خانوه‌كان بەرزکردۆتەوە.

په‌یامنێرەکەی (كه‌ركوك ناو)، كه‌ له‌به‌ر مه‌ترسی ده‌ستگیركردن و پاراستنی ژیانی له‌نێو ماڵه‌كانه‌وه‌ روماڵی روداوه‌كانی ده‌كرد، نه‌یتوانی قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌دا بكات كه له‌و پێنج خانوه‌دا ماونه‌ته‌وه‌. هه‌وڵه‌كه‌ی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) بۆ خۆپاراستن، دوای ئه‌وه‌هات هه‌مان رۆژ كاروان ساڵحی، نێردراوی (كه‌ركوك ناو) بۆ سنوره‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی سوپای عیراقەوه‌ ده‌ستگیركرا و دوای شه‌ش كاتژمێر له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردن، به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكرا.

خه‌ڵكی گونده‌كه‌، چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی نوێنه‌ری میدیاكان بون، به‌ڵام به‌ر له‌ میدیا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌یشتن و ده‌ستبه‌جێ سوپای عیراقی بڵاوه‌ی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كرد. گوندی په‌ڵكانه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌، به‌ڵام دۆسیه‌ی ئه‌منی لای فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین-ـه‌. 

له‌ سه‌روبه‌ندی بارگرژییه‌كانی په‌ڵكانەدا‌، به‌شێك له‌ حزبه‌ كوردییه‌كان رونكردنه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، له‌ نێویاندا یه‌كێتیی نیشتیمانیی  کوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌رلایه‌كیشیان به‌جیا ئاماژە‌ به‌ هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كه‌ن، به‌بێ رونكردنه‌وه‌ی ورده‌كاریی ئه‌و هه‌وڵانه‌ یان گره‌نتی دوباره‌بونه‌وه‌ی روداوه‌كان.

كه‌ركوك/14ی ئایاری2019/ ئاڵۆزی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ گوندی په‌لكانه‌ی كه‌ركوك

گوندی په‌ڵكانه‌، ده‌كه‌وێته‌ باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك، نزیكه‌ی 25 ماڵی تێدایه‌ و روبه‌ره‌كه‌ی زیاتر له‌ 60 هه‌زار دۆنم زه‌ویی به‌پیتی كشتوكاڵی و نه‌وتی تێدایە. ئه‌و گونده‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری سه‌رگه‌ڕان، لەساڵی 1975 و سه‌رده‌می حوكمی به‌عس، چه‌ندجارێك روبه‌ڕوی پرۆسه‌ی "ته‌عریب" بونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ گواستنەوەی هاوڵاتیانی كورد لە ناوچەكانی خۆیان ‌و نیشتەجێكردنی هاتوانی عەرەب لە جێگەیاندا.

محەمەد ئیدریس، مامۆستا له‌ گوندی په‌ڵكانه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی عه‌ره‌ب بەیاسا نەیانتوانیوه‌ گرەوەكەمان لێ ببه‌نه‌وه‌ و زەویەكانمان بەیاسا وەربگرن، بۆیە ئێستا پەنایان بۆهێز بردوە". "ئەگەرچی ژمارەمان كەمە، بەڵام ئامادەنین جێگای باوباپیرانمان چۆڵبكەین، هه‌رچه‌نده‌ بەرگەگرتنی ئەم دۆخەش زۆر سەختە" مامۆستا محه‌مه‌د واده‌ڵێت.

بەیاسا نەیانتوانیوه‌ گرەوەكەمان لێ ببه‌نه‌وه‌ و زەویەكانمان بەیاسا وەربگرن، بۆیە ئێستا پەنایان بۆهێز بردوە

بەپێی ئەو بەڵگانەی نوسینگەی كەركوكی جێبه‌جێكردنی ماددەی 140 پێشتر بڵاویكردۆتەوە، چەند هۆزێكی عەرەب لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە نامەیەك خواستی خۆیان بۆ نیشتەجێبون لە جێی خێزانە كوردەكان لە سنوری سەرگەڕان نیشانداوە لەسەر داوای حكومەتی ئەوكاتی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن.

بەپێی نوسراوەكانی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، كە كۆپییان لای (كەركوك ناو) هەیە ‌و لە مانگی 11ی 2017دا ئاڕاستەی قایمقامی دوبز و ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین كراوە، داواكراوە هاوكاری هاوڵاتیانی عەرەب بكرێن بۆ گەڕانەوە بۆ پەڵكانە و گوندەكانی تری سەرگەڕان.

كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەوتونەتەوە ژێر دەستی هێزەكانی حكومه‌تی فیدراڵی دوای پاشەکشێی پێشمەرگە، كاتێك پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتنە ئەوپەڕی ئاڵۆزی. له‌وكاته‌شه‌وه‌ راكان سه‌عید به‌ وه‌كاله‌ت پارێزگاره‌.

راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت سه‌ره‌تای ساڵی رابردوو له‌ لێدوانێكدا تۆمەتباركردنی لەو دۆسیەیەدا رەتكرده‌وه‌ و وتی "ئەو گوندانە خانوی ئەو هاوڵاتییانەی تێدایە كە دوای ساڵی 2003 دەركراون، هێشتا خانوەكان و زەویەكان بە ناویانەوەیە".

ئەو گوندانە خانوی ئەو هاوڵاتییانەی تێدایە كە دوای ساڵی 2003 دەركراون

ئەوەشی رونكردەوە "ناڵێین زەوییەكان بە خێرایی دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو خێزانانە نزیكەی 13 ساڵە لە ماڵ و زەویەكانیان دورن كە بەپێی یاسا بە ناوی خۆیانەوەیە"، باسی لەوەشكرد خەڵك لە گەڕانەوەدا روبەروی دژایەتی دانیشتوانەكە بونەتەوە بۆیە پێویست بووە یاسا حوكم بەسەر هەمواندا بكات.

گوندەكانی سەرگەڕان هاوشێوەی تەواوی سنوری پارێزگای كەركوك، بەشێكە لە ناوچەی جێناكۆك بەپێی ماددەی 140ی دەستور كە چارەنوسی لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستاندا یەكلاییدەكاتەوە. بەپێی ماددەكه،‌ دەبێت چارەنوسی ئەو ناوچانه‌ بەسێ‌ قۆناغی ئاساییكردنەوە، سەرژمێریی و راپرسی یەكلابكرێنەوە، بەڵام تائێستا تەنیا بەشێكی زۆر كەم لە قۆناغی یەكەم جێبەجێكراوە‌ و چەند ساڵێكە بودجە بۆ ئەو پرۆسەیە دابین نەكراوە.

بەگوێرەی‌ بەشێکی قۆناغی یه‌كه‌می ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق، قه‌ره‌بوی عه‌ره‌بی هاورده‌ و خێزانه‌ راگواستراوه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك كراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و سنورانه‌، به‌ڵام دۆسیه‌ی زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كان بۆ خاوه‌نی راسته‌قینه‌یان یه‌كلایینه‌كرایه‌وه‌.

ساڵی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق داوای كاراكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری كرد، ئه‌وه‌ش له‌ نوسراوێكیدا بۆ دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی كه‌ركوك، كه‌ كێشه‌ی زۆرینه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان پێویسته‌ له‌ڕێی ئه‌و مادده‌یه‌ یه‌كلاییبكرێته‌وه.

زه‌وی كشتوكاڵی، جگه‌ له‌ كه‌ركوك، له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆكی پارێزگای دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین و نه‌ینه‌واش كێشه‌یه‌كی به‌رده‌وامی نێوان هاوڵاتیانه‌ و سه‌رباری هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیشی، زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT