رێكخراوه‌كانی توركمان پێنج داواكاریی ده‌ده‌نه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن

رێكخراوه‌كانی توركمان پێنج داواكاریی ده‌ده‌نه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن
كه‌ركوك، ئایاری 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی توركمانی ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی توركمانی، له‌رێی پێنج داواكارییه‌وه‌ بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌یانه‌وێت گره‌نتی وه‌ربگرن تا هیچ ساخته‌كارییه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی پارێزگای كه‌ركوكدا روونه‌دات.

ئه‌و داواكارییه‌ی رێكخراوه‌كانی توركمانی، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ شاری كه‌ركوك، به‌هۆی تێپه‌ڕینی ساڵێك به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئایاری 2018ی عیراق، كه‌ ئه‌وان له‌ ئه‌نجامه‌كانی ناڕازی بون.

سەفوەت ساڵح، ئەندامی تۆڕی رێكخراوە ناحكومیه‌كانی توركمان له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌ڵوێسته‌ و داواكارییه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ جارێكیتر پێشێلكاریی له‌ پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردندا دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك پرۆسه‌یه‌كی شه‌فاف و بێگه‌رد بێت.

ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك، ساڵی رابردو بۆ نزیكه‌ی مانگێك مانگرتنی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا دژی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، به‌هۆی گومانی ساخته‌كارییه‌وه‌.

رێكخراوه‌ توركمانییه‌كان له‌و كۆنگره‌یه‌دا پێنج داواكارییان ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌لبژاردنه‌كان كرد، وه‌ك سه‌فوه‌ت ساڵح باسیكرد، یه‌كه‌میان تایبه‌ت به‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا.

كه‌ركوك، 2019، كۆمسیۆن هانی خه‌ڵك ده‌دات بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماره‌كانیان فۆتۆ: كۆمسیۆن

له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا، مادده‌ی 35 تایبه‌ته‌ به‌ كه‌ركوك و له‌ بڕگه‌یه‌كیدا داوای پێداچونه‌وه‌ی به‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا كراوه‌، ئه‌گه‌ریش له‌و ماوه‌یه‌ نه‌كرا لانیكه‌م له‌ شه‌ش مانگ دوای ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵبژێردراو ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنرێت.

داواكاریی دوه‌می رێكخراوه‌كان گۆڕانكاریی و رێكخستنه‌وه‌ی لقی كه‌ركوكی كۆمسیۆنه‌، هه‌روه‌ها خاڵێكی تر بۆ دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانه‌یه‌ كه‌ به‌وته‌ی ئه‌وان ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی رابردودا.

سه‌فوه‌ت ساڵح وتیشی داواكارییه‌كانی تریان پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست له‌ كۆمسیۆن كارده‌كه‌ن به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هاوسه‌نگی نێوان پێكهاته‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ داهاتوودا به‌ده‌ستی نه‌ك ئه‌لیكترۆنی.

رێكخراوه‌ توركمانییه‌كان هۆشدارییان دا ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نه‌درێت مانگرتنی ناڕه‌زایی راده‌گه‌یه‌نن.

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق و په‌رله‌مان، سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییی هونه‌ریی و یاساییه‌كانن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵدا، به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

ماردین گوك قایا، لێپرسراوی تۆڕی رێكخراوەكانی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی توركمانی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌ وته‌ی دانپێدانانی لێپرسراوانی عیراق و كۆمسیۆن كرد، وه‌ك ئه‌و نمونه‌ی هێنایه‌وه‌، كه‌ ئه‌وانیش باسیان له‌ ساخته‌كاری كردووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا، بۆیه‌ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ترسیان هه‌یه‌ و داوای گره‌نتی نه‌بونی پێشێلكاریی ده‌كه‌ن.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 14 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له‌ نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی دانیشتوانی كه‌ركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT