چیرۆكی خانوویه‌كی داڕماو
زه‌ینه‌ل و خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌ستی حكومه‌ت ده‌كه‌ن

چیرۆكی خانوویه‌كی داڕماو<br>زه‌ینه‌ل و خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌ستی حكومه‌ت ده‌كه‌ن
ته‌له‌عفه‌ر، 2019، زه‌ینه‌ل به‌شێكی ته‌مه‌نی له‌دروستكردنی خانویه‌كدا ته‌واو كرد و ئێستا هیچ به‌شێكی به‌پێوه‌ نه‌ماوه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

 جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

له‌سه‌ر داروپه‌رودوی خانوه‌ روخاوه‌كه‌دا، پیاوێكی ته‌مه‌ن 50 ساڵ راستاوه‌ و به‌ ده‌سته‌كانی ئاماژه‌ به‌ژوره‌كانی ماڵه‌كه‌ی ده‌كات؛ "له‌وێ نوستن هه‌بوو، ئه‌ویا ژوری میوان و ئه‌وه‌ش پاسكیلی منداڵه‌كه‌مه‌ كه‌ ته‌نیا چه‌ند رۆژێك به‌كاریهێنا".

ئه‌و خانووه‌ی زه‌ینه‌ل محراب باسی كرد، ماندوبونی زۆری ویست و ساڵانێك له‌ ته‌مه‌نی بۆ بنیاتنانی دانا، به‌ڵام ئێستا هیچ به‌شێكی به‌پێوه‌ نه‌ماوه.

"ساڵانێك شۆفیری تاكسی بوم، تا بتوانم خانویه‌كی ساده‌ بنیاتبنێم، زۆر ده‌ستم گرته‌وه‌ و خه‌رجی خێزانه‌كه‌م كه‌مكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ره‌سته‌كانی خانووه‌كه‌شم به‌ قیست هێنا"، زه‌نه‌ل وای وت.

"دوای چوار مانگ له‌ ئاواره‌یی، دراوسێیه‌كان ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و وتی خانوه‌كه‌ت ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌، له‌ نێویاندا 95 ته‌رمیش هه‌بوو".

به حه‌سره‌ت و ‌روخسارێكی ماندووه‌وه‌، فرمێسك له‌ چاوه‌كانیدا بوو كاتێك بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌ی ده‌كرد، "ته‌مه‌نم له‌ دروستكردنی ئه‌م خانوه‌دا ته‌واو كرد..، چۆن بتوانم جارێكیتر بنیاتی بنێمه‌وه‌، به‌بێ هاوكاری و قه‌ره‌بووی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان".

زه‌ینه‌ل و خه‌ڵكی تری ناوچه‌كه‌ ناتوانن به‌بێ هاوكاری خانوه‌كانیان بنیاتبنێنه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خانوه‌كه‌ی زه‌ینه‌ل محراب، ده‌كه‌وێته‌ سه‌نته‌ری قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر، له‌گه‌ڵ سه‌دان باڵه‌خانه‌ و ماڵی تری ئه‌و شاره‌دا، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌، زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ یان به‌ ته‌واوی روخاون.

موحسین حسێن زه‌ینلعابدین، به‌رێوه‌به‌ری شاره‌وانی ته‌له‌عفه‌ر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاتێك شاره‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی داعش، كاریانكرد بۆ وێرانكاری به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌وره، بۆیه‌ ژێرخانی قه‌زاكه‌ وێران بوو، خانوی زۆری هاوڵاتیان ته‌قێنرانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌، خوێندنگه‌ و دوكانی بازرگانی".

"داعش هه‌وڵیدا ده‌دا ته‌له‌عفه‌ر بكاته‌ ناوچه‌یه‌كی داخراو، به‌ربه‌ستی له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كاندا داده‌نا، هه‌زاران بۆمبی چاند، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر شه‌قامه‌ گشتیه‌كان و باڵه‌خانه‌كان، قه‌باره‌ی وێرانكاری به‌رزكرده‌وه‌، به‌ جۆرێك له‌ 400 مه‌تری شه‌قامێكی قه‌زاكه‌دا داعش 44 بۆمبی ته‌قاندۆته‌وه‌" زه‌ینلعابدین واده‌ڵێت.

ته‌له‌عفه‌ر، گه‌وره‌ترین قه‌زایه‌ له‌ عیراق، 23 گه‌ڕه‌ك و 30 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون له‌ خۆده‌گرێت، بۆیه‌ زیانه‌كانیشی له‌چاو ناوچه‌كانی تر زۆرتربون.

"150 داری زه‌یتون، باخێك له‌ جۆره‌ جیاوازه‌كانی میوه‌ و سه‌وزه‌، بیرێكی ئیرتیوازی و خانویه‌كی گه‌وره‌م له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ وێرانكارا دوای ئه‌وه‌ی به‌ ناچاری له‌ ته‌له‌عفه‌ر ئاواره‌بوم له‌ ساڵی 2014دا"، حه‌یده‌ر عه‌بدولئه‌میر له‌باسی زیانه‌كانی خێزانه‌كه‌یدا وای وت.

خه‌مه‌كانی حه‌یده‌ر ته‌نیا زیانی ماددی نیه‌، زیاتر له‌وه‌ی به‌سه‌رداهاتووه‌، بۆ (كه‌ركوك ناو)ی وتی "دوو كه‌سی خێزانه‌كه‌م له‌ ده‌ستدا و یه‌كێكی دیكه‌شمان به‌ سه‌ختی برینداربوو به‌هۆی بۆردومانی هاوه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ر خانوه‌كه‌مان كه‌وت".

ئه‌و ده‌پرسێت "كه‌ی حكومه‌ت ئاوڕێك له‌ ئێمه‌ ده‌داته‌وه‌ و قه‌ربوو ده‌كرێیینه‌وه‌ تا بتوانین خانوه‌ روخاوه‌كانمان بنیاتبنێینه‌وه‌ و بگه‌ڕێینه‌وه‌".

كه‌ركوك، شوباتی 2018، گه‌رانه‌وه‌ی یه‌كه‌م قۆناغی ئاواره‌كان بۆ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاتێك ته‌له‌عفه‌ر له‌ حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش، ده‌وروبه‌ری 225 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بون، كه‌ هێشتا نیوه‌یان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی وێرانكاری و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌.

به‌رێوه‌به‌ری شاره‌وانی ته‌له‌عفه‌ر ده‌ڵێت به‌هۆی داعشه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری پێنج هه‌زار خانوو زیانیان به‌ركه‌وت و زیاتر له‌ 600 حانوش به‌ ته‌واوی داڕوخان، له‌رێی ته‌قاندنه‌وه‌ یان سوتاندنیه‌وه‌.

به‌وته‌ی موحسین حسێن زه‌ینلعابدین، له‌كاتێكدا رێژه‌ی وێرانكاری له‌ ته‌له‌عفه‌ر ده‌گاته‌ سه‌دا 35، به‌ڵام به‌ده‌مه‌وه‌چون بۆ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ نیه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌و پێناوه‌دا له‌ هه‌موو ده‌رگاكانیان داوه‌، بێ ئه‌وه‌ی سودی هه‌بێت و شاره‌كه‌ش هه‌ر به‌ پشتگوێخراوی ماوه‌ته‌وه‌.

په‌رله‌مانی عیراق، پێشتر له‌ بڕیارێكدا ته‌له‌عفه‌ری وه‌ك شارێكی وێران ناساندووه‌، به‌وپێیه‌ش ده‌بوو بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ته‌رخانبكرێت و نه‌كراوه‌، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی شاره‌وانی قه‌زاكه‌ باسیده‌كه‌ن.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە زۆرینه‌ی توركمانی شیعه‌مه‌زهه‌ب و عەرەب پێكهاتون، لە ئابی 2017 له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.

كۆنگره‌ی گه‌نجان و رۆشنبیرانی ته‌له‌عفه‌ر، له‌ژێر ناوی "ته‌له‌عفه‌ر به‌ قه‌ڵاكه‌یه‌وه‌ جوانه‌"، هه‌فته‌ی رابردوو داوای له‌ لایه‌نه‌ حكومییه‌كان كرد دوباره‌ چاو به‌ دۆسیه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌دا بخشێننه‌وه‌ و قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان بكه‌ن، له‌ نێویاندا بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ڵایه‌ی داعش ته‌قاندیه‌وه‌، جگه‌ له‌ پێویستی گه‌ڕانه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان.

زۆرێك له‌ ئاواره‌كان و ئه‌وانه‌یشی بۆ ته‌له‌عفه‌ر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، چاوه‌ڕێی ده‌ستی هاوكاری ده‌كه‌ن تا دوباره‌ ژیانیان بكه‌وێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی خۆی، چونكه‌ ئه‌وان له‌ یه‌ككاتدا خه‌می بژێوی و بنیاتنانه‌وه‌ی خانوه‌كانیشیان هه‌یه‌.

زه‌ینه‌ل محراب، یه‌كه‌مجاری نیه‌ خانوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت بكرێت، پێشتر و له‌ ساڵی 2006یشدا ماڵه‌كه‌ی ته‌قێنرایه‌وه‌ و ئاواره‌ی گه‌ڕه‌كێكی تر بوو، "نه‌ من نه‌ هیچ كه‌سێك له‌ خێزانه‌كه‌م سه‌ربازی نین و هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی ئه‌منی و مه‌ده‌نیشمان نیه‌، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌رم كراوه‌ ته‌نیا پاڵنه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی بووه‌ و هیچی تر" زه‌ینه‌ل وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT