له‌ كه‌ركوك "خۆكوشتن" له‌ هه‌ڵكشاندایه
22 حاڵه‌ت تۆماركراوه‌ و سێیه‌مه‌ له‌ ئاستی عیراقدا

له‌ كه‌ركوك "خۆكوشتن" له‌ هه‌ڵكشاندایه<br>22 حاڵه‌ت تۆماركراوه‌ و سێیه‌مه‌ له‌ ئاستی عیراقدا
كه‌ركوك، ئازاری 2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

روداوه‌كانی "خۆكوشتن" له‌ كه‌ركوك، بۆته‌ جێی مه‌ترسی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و گه‌یشتۆته‌ ریزبه‌ندی سێیه‌م‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق، ئه‌وه‌ش دوای تۆماركردنی 22 حاڵه‌ت له‌ چوار مانگدا.

به‌پێی ئامارێكی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق، پارێزگاری كه‌ركوك له‌روداوه‌كانی "خۆكوشتن"ـدا له‌رێزبه‌ندی سێیه‌مدایه‌، دوای هه‌ردوو پارێزگای كه‌ربه‌لا و به‌سره‌.

ته‌نیا له‌ سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 15 حاڵه‌ت تۆماركراون له‌ كه‌ركوك، له‌كاتێكدا كه‌ربه‌لا 20 حاڵه‌ت و به‌سره 19 حاڵه‌ت بووه‌، كه‌مترین روداوی "خۆكوشتن"یش كه‌وتۆته‌ ئه‌نیار كه‌ دوو حاڵه‌ت، وه‌ك له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌.

سه‌جاد جومعه‌، به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە كەركوك 15 حاڵەتی خۆكوشتن تۆماركراوە، رێژەكەش لە هەڵكشاندایە و لە ماوەی تەنیا یەك مانگ دواتر، واته‌ تا 1ی ئایار ژماره‌كه‌ زیادیكردووه‌ و گه‌یشتۆته‌ 22 حاڵه‌ت".

له‌ نێو روداوه‌ تۆماركراوه‌كانی "خۆكوشتن" له‌ كه‌ركوك، ته‌نیا دوانیان له‌ ره‌گه‌زی نێر بون، ئه‌وانیتر كچان و ژنان بون، تائێستاش لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ به‌شێكیاندا نه‌گه‌یشتون به‌ ئه‌نجام.

به‌پێێ به‌دواداچونه‌كان بێكاری گه‌نجان هۆكارێكه‌ بۆ روداوه‌كانی "خۆكوشتن" فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

هۆكاره‌كانی هه‌ڵكشانی "خۆكوشتن"، به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ، سه‌ره‌كیترینیان بێ كارییه‌ و وایكردووه‌ روبه‌روی گرفتی ده‌رونی ببنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌ی دیارده‌ و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وه‌ك به‌شودانی له‌ ته‌مه‌نێكی بچوك.

"پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی ئه‌و هۆكارانه‌ بده‌ن و باری بژێویی و داهاتی هاوڵاتیان باشبكرێت، تا له‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ دوربكه‌ونه‌وه‌".

به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێت داواكراوكه‌ له‌رێی خوێندنگه‌ و وتاره‌كانی هه‌ینییه‌وه‌، رێنمایی خه‌ڵك بكرێت، به‌ تایبه‌ت خێزانه‌كان ئاگاداری منداڵه‌كانیان بن تا هانا بۆ "خۆكوشتن" نه‌به‌ن.

چه‌ند ساڵێكه‌ روپێوی ورد و گشتگیر له‌ عیراق نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئاماری پێشتر هه‌یه‌ و به‌پێی سایتی ده‌زگای ناوه‌ندی بۆ ئامار، رێژه‌ی بێكاری له‌ نێو گه‌نجاندا ده‌گاته‌ سه‌روو سه‌دا 20.

له‌و ئامارانه‌دا بۆ ساڵی 2014دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ رێژی بێكاری له‌ نێوان كه‌سانی ته‌مه‌ن 15 بۆ 24 ساڵ له‌ پارێزگای كه‌ركوك، سه‌دا 5.2 بووه‌ و ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ 2016دا به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ سه‌دا 28.7.

پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی هۆكاره‌كانی خۆكوشتن بده‌ین

یه‌كێك له‌ روداوه‌كانی "خۆكوشتن"، هه‌فته‌كانی رابردو له‌ گه‌ڕه‌كی بڵاغ-ی كه‌ركوك رویدا، ئه‌ویش گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 37 ساڵ بوو به‌ناوی عه‌باس ناسر.

جەمال ناسر، برای قوربانییه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ نێو ژورێكی ماڵه‌كه‌دا براكه‌م خۆی هەڵواسی بوو، ئیتر ئێمه‌ نه‌مانتوانی هیچی بۆ بكه‌ین و گیانی له‌ ده‌ستدا".

ئه‌و ده‌ڵێت براكه‌ی چەند ساڵێكە بە دوای كاردا گه‌ڕاوه‌ و هیچی ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوێنده‌واری نه‌بووه‌ و له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ وازی له‌خوێندن هێناوه‌.

"عه‌باسی برام حه‌زی ده‌كرد ژیانی خێزانی پێكبهێنێت، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونیه‌وه‌ نه‌یتوانی، له‌م ماوه‌یه‌ی دواییش ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل كۆنمان بۆ كڕی و به‌كرێ هاتوچۆی به‌ قوتابیان ده‌كرد".

ساڵانه‌ سه‌دان روداو و تاوانی جیاواز لە كەركوك تۆمارده‌كرێن، لە نێویاندا ئەو دۆسێیانەی ژنان تێیدا ده‌بنه‌ قوربانی، كه‌ به‌شێكی زۆری ئاماره‌كانی "خۆكوشتن"یش پێكده‌هێنن.

Caption

بەشێك لە ژنانی كەركوك لە دۆخێكی كۆمەڵایەتی ناهەمواردا ژیان دەگوزەرێنن، بەهۆی ئەوەی لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە مافەكانیان پێشێلدەكرێت ‌و روبەڕوی لێدان ‌و چاوسوركردنەوە دەبنەوە.

ناجێگری دۆخی ئابووری، داب‌ونەرێت، هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ژنی دووەم‌ و بەزۆر بەشوودان، بەهۆكارە دیارەكانی توندوتیژی دژی ژنان دادەنرێت لە كەركوك.

جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی مافه‌كانی مرۆڤ و كاروباری خانمان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەوەی من ئاگادارببم لە سه‌ره‌تای مانگی ئایاریش دوو بۆ سێ حاڵه‌تی تری خۆكوشتن تۆماركراوه‌، به‌داخه‌وه‌ین كه‌ركوك وه‌ك سێیه‌م پارێزگا دێت له‌و رووه‌وه‌ به‌پێی ریزبه‌ندییه‌كه‌ی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ".

به‌بڕوای جوان حه‌سه‌ن، یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی ژنان ئه‌وه‌یه‌ تائێستاش په‌ناگه‌یه‌ك نیه‌ روی تێبكه‌ن و له‌روی یاساییه‌وه‌ هاوكارییان بكات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق كاریان بكرێت و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بدرێت.

"ئەوانەی ئێستا كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن لە چینی گەنجانن، هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ به‌شێكی ئه‌م بارودۆخە سیاسیی و ئابورییەیه‌ ئێستا پارێزگاكه‌ی پێداتێده‌په‌ڕێت، له‌گه‌ڵ نه‌بونی هه‌لی كار، نه‌بونی شوێنێك بۆ كاتبه‌سه‌ربردنی گەنجان، بۆیه‌ نائومێد ده‌بن".

زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن لە چینی گەنجانن

جوان حه‌سه‌ن پێیوایه‌ نائومێدی هه‌یه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیشدا له‌لایه‌ن دزگا ئه‌منیه‌كانیه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌و گرفتانه‌ی روبه‌رویان ده‌بێته‌وه‌.

له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی روداوه‌ جیاوازه‌كاندا، سستی هه‌یه‌ و به‌رده‌وام جێی ناڕه‌زایی بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌و روداوانه‌ی كه‌سێك تێیدا ده‌بێته‌ قوربانی، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌بێ به‌دواداچونی ته‌واو وه‌ك "خۆكوشتن" ناوده‌برێن.

عەمید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی فه‌رمانده‌یی گشتی پۆلیسی پارێزگای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ تۆماركراوه‌ ته‌نیا پێنج حاڵه‌تی خۆكوشتن بووه‌ و دووحاڵه‌تیش به‌ر له‌وه‌ی گیان له‌ده‌ستبده‌ن رزگاركراون له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ زۆربه‌ی قوربانییه‌كان گه‌نجن و هۆكارێكی سه‌ره‌كیی روداوه‌كانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، "بۆ نمونه‌ خوازبێنی كچێكی كردووه‌ و پێی نه‌دراوه‌ یان كاری ده‌ستناكه‌وێت یاخود ده‌یه‌وێت ژیانی هاوسه‌ری پێكبهێنێت و توانای دارایی نییه‌.

عه‌مید ئه‌فراسیاو به‌پێویستی ده‌زانێت هه‌موو داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنی هۆكاره‌كان بكه‌ن و رێگربن له‌وه‌ی گه‌نجان هانا بۆ خۆكوشتن ببه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌ركه‌سه‌ و له‌ خێزانی خۆیه‌وه‌ ده‌ستپێبكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT