سازان ئازایانە روبەڕوی کۆمەڵگا دەبێتەوە

سازان (18 ساڵ)، هەر لە منداڵییەوە کە فامى کردۆتەوە ئارەزوى نەبووە وەکو کچێک رەفتار بکات و بژیت، ئەوەش روبەڕوی كێشەی كردۆتەوە فۆتۆ: ژینۆ خەلیل

ژینۆ خەلیل

"وازم لە خوێندن هێنا بەهۆى ئەوەى  هاوڕێکانم لە قوتابخانە گاڵتەیان پێدەکردم کە من وەکو کوڕ رەفتار دەکەم و جلوبەرگى کوڕانە لەبەر دەکەم"، سازانى تەمەن 18 ساڵ، لەیەکێک لەناحیەکانى گەرمیان دەژى و بەڕەگەز کچە وایوت.

ئەو هەر لە منداڵییەوە کە فامى کردۆتەوە ئارەزوى نەبووە وەکو کچێک رەفتار بکات و بژیت، هەمیشە کوڕێک بووە لەبەرگى کچدا.

تا منداڵ بوو ئەم هەڵسوکەوتەى بەلاى کۆمەڵگا و خێزانەکەیەوە ئاسایى بوو، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانى تەمەنی و گەورەبونى، خۆیی و خێزانەکەى روبەڕوى پلارو توانجی خەڵکى ناحیەکەیان دەبویەوە، بەوپێیەى کچەو هەڵسوکەوتی کوڕانەیە.

سازان هەناسەیەکى قوڵى هەڵکێشاو وردە وردە خەمەکانی بۆ دەگێڕایەوە "تەمەنم پێنج ساڵان بوو، دایکم بۆ بازاڕ بردمى، بۆ ئەوەى جلى جەژنم بۆ بکڕێت، جلێکی کچانەى بۆ هەڵبژاردم، بەڵام من گریام و هاوارم کرد وتم نامەوێت! دەستم برد بۆ جلێکى کوڕانە و داوامکرد ئەوەم بۆ بکڕێت، دایکم دڵى نەشکاندم و بۆی کڕیم".

ئەو هەر لە منداڵییەوە کە فامى کردۆتەوە ئارەزوى نەبووە وەکو کچێک رەفتار بکات و بژیت، هەمیشە کوڕێک بووە لەبەرگى کچدا

بەقسەى خۆی، هەر لەمنداڵییەوە حەزی لێبوە جلوبەرگى کوڕانە لەبەر بکات و هاوڕێیەتى کوڕان بکات، بەڵام لەئێستادا بۆ ئەو زەحمەتە، چونکە روبەڕوی سەرزەنشتی خەڵک دەبێتەوە "ئێستاش کە گەورە بووم جیاواز لەکچانی دیکە، نامەوێت هاوسەرگیرى بکەم، چونکە هەستم بۆهیچ پیاوێک نییە".

سازان هەر لەمنداڵییەوە لەپاڵ خوێندنەکەیدا شوانکارەیە، ڕۆژانە رانەمەڕەکەیان بۆ لەوەڕ دەبات،  وەک خۆى دەڵێت حەزى بەکارى ماڵەوە نییە، هەمیشە وەکو پیاوێک کارەکانى دەرەوە رادەپەڕێنێت.

"لەپۆلى 10 وازم لەخوێندن هێنا، چونکە خوێندکارەکان بەردەوام گاڵتەیان پێدەکردم، کەمن لەگەڵ کوڕەکان یارى تۆپێن دەکەم و بەجلوبەرگى کوڕانەوە دەچمە قوتابخانە. پێیان دەوتم (نێرەموک)، لەکۆتایدا بێزاربوم لەم قسەو قسەڵۆکانەو وازمهێنا".

لەبەرکردنی جلی کوڕانەو حەزکردن بە هاوڕێیەتی کوڕان و هەڵسوکەتی کوڕانەى سازان، دەرەنجامەکەى دروستکردنی بارێکی دەرونی شێواو و ناچارکردنی ئەو کیژۆڵەیە بوو بەدەستبەرداربونی خوێندن، ئەمەش بێگومان رێڕەوی ژیانی گۆڕی.

بەقسەى خەبات رەشید، لێپرسراوی نوسینگەى مافی مرۆڤ لەگەرمیان، ئەوەى کراوە بەرامبەر سازان، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە، لەهەمانکاتدا رونیکردەوە کە "هیچ یاسایەک نییە بۆ رێگریکردن لەو کەسانەى کە نایانەوێت وەکو رەگەزى خۆیان بمێننەوە و بژین، ئەوە تەنها کۆمەڵگایە ئازادى بە تاکەکەس نادات بەوشێوەیە هەڵسوکەوت بکات، بەتایبەت ئەگەر کچ بێت".

هیچ یاسایەک نییە بۆ رێگریکردن لەو کەسانەى کە نایانەوێت وەکو رەگەزى خۆیان بمێننەوە و بژین

بەقسەى خەبات رەشید، ئەوان وەک دامەزراوەى مافی مرۆڤ، کەئەرکیان پاراستن و چاودێریکردنى پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە بەهەماهەنگى رێکخراوەکان یاسایەک نییە بۆ جیاوازى جێندەرى، بەڵام دەتوانین پشتببەستن بەڕێککەوتننامەى (سیداو) کە ساڵى 1979 عێراق واژۆی کردووە.

رێککەوتننامەی سیداو پاڵپشتى ژنان دەکات و تەواوى مافەکانى ژنان لەناوەرۆکەکەیدا فەراهەمکراوە، بەڵام "بەداخەوە نەبونى هۆشیارى کۆمەڵگا وادەکات ئێمە زانیارى تەواومان نەبێت بۆ بەدەستهاتنى مافەکانمان و راڤەکردنی"، خەبا وایوت.

قۆناغى مناڵى هەستیارترین قۆناغى ژیانە، بەپێى یاساى عێراقى ئەم کچە بەمناڵ ئەژمار دەکرێت، ئازادى تاکەکەسى لێ زەوتکراوە، ئەمەش بەپێشێلکارى ئەژماردەکرێت، پێچەوانەى ڕێککەوتننامەى مافە مەدەنیەکانە.

خەبات وتی "پاڵپشت بەیاساى ژمارە 4ى ساڵى 2010ى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان دەتوانین لەدژى رێگرییەکانى بەردەم ئەم کیژۆڵەیە سکاڵا تۆمار بکەین، ئەمەش پاڵپشت بەلێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە".

بەقسەى سازان ئەو ناتوانێت جلی کچانە لەبەر بکات، ئەمە توشی کێشەى کردووە لەماڵەوە و چەندینجار روبەڕوی لێدان و ئەشکەنجە بۆتەوە لەسەر دەستی براو کەسوکارەکەى.

هەروەک چەند جارێکیش رایکردوە و ماڵەوەى جێهێشتووە، بەڵام پەناگەیەک نەبووە بۆیە گەڕاوەتەوە ماڵەوە.

دایکی سازان دەڵێت "ئێمە بەهۆى کچەکەمانەوە سەرمان شۆڕبووە، هەموو خەڵک قسەمان پێدەڵێت، براکانى سازان بەردەوام لەدەرەوە قسەیان پێ دەوترێت، بۆیە کە دێنەوە ماڵەوە لێى دەدەن و دەڵێن بەهۆى تۆوە حەیامان چووە"، وتیشی "من و باوکى حەز دەکەین سازان بنێرینە دەرەوەى وڵات بۆ ئەوەى رزگارى ببێت".

ئێمە بەهۆى کچەکەمانەوە هەموو خەڵک قسەمان پێدەڵێت

بەقسەى خەبات رەشید لێپرسراوی نوسینگەى مافى مرۆڤى گەرمیان، رێکارى قانونی هەیە دژی ئەوانەى لەلایەن کەسوکارەکەیانەوە روبەڕوی لێدان و توندوتیژیی دەبێتەوە "تەنها بەسکاڵایەک دۆسیەیەکى تایبەت بەم پرسە دەکرێتەوە و قانون رێڕەوى خۆى دەگرێت، ئەگەر کیژۆڵەکەش ژیانى لەمەترسیدا بێت ئەوە شوێنى داڵدەدان هەیە، بەپێى بڕیارى دادوەر دەخرێتە ئەو جێگایە و ژیانى پارێزراو دەبێت".

 ئەو وتی "ئەگەر کەسەکە خۆشى نەیەتە لامان تەنها بەپەیوەندییەکى تەلەفۆنى یاخود لەڕێگەى ڕاگەیاندنەوە بزانین ڕاپۆرتى خۆمان پێشکەشی داواکارى گشتیى دەکەین، لەو حاڵەتە ئاگاداریان دەکەینەوە ئەوانیش لاى خۆیانەوە سکاڵاکە دەجوڵێنن".

سازان لەگێژاوێکی دەرونیی خراپدا دەژیت، هەم دایکی و هەم خۆیشی حەزدەکەن بچێتە دەرەوەو لەم گرفتە رزگاری ببێت و لەوێ ئازادانەتر ژیانی بەڕێبکات.

"ئاواتم ئەوەیە بچمە دەرەوەى وڵات بۆ ئەوەى باقى ئەو تەمەنەى ماومە بەم ئازارانەوە تەواوى نەکەم و بەخۆشىیی و دور لە توندوتیژى بژیم"، سازان وایوت.

دکتۆر دڵنیا ئەسعەد مەحمود، پسپۆر لەجینیتیک، پێیوایە ئەم حاڵەتە پەیوەندى بەگۆڕانى کرۆمۆسۆمەکانەوە هەیە ودەڵێت "بەهۆى زیدبون یان کەمى کرۆمۆسۆمەوە ئەم حاڵەتانە رودەدەن، بەزۆرى ئەو کەسانە رەگەزیان دیاریکراو نییە، ناتوانین بڵێین ژنن یان پیاون".

ئەو پزیشکە رونیکردەوە کە هۆکارەکەى بۆماوەییە، بازدانێکە لەکاتى دروستبونى گەمیت یان سپێرم دەگوازرێتەوە، ئەمەش کاردانەوەى دەبێت لەسەر هۆرمۆن و ناخى ئەو کەسە، هۆرمۆنیان تێکدەچێت و کاردەکاتە سەر کەسایەتیان لەڕوى جێندەرەوە. هەمیشە ئەو کەسانە لەناو کۆمەڵگادا توشى فشارى دەرونى دەبنەوە زیندانی دەكرێن و ناتوانن وەکو خەڵکێکى ئاسایى بژین.

ئەم راپۆرتە بەرهەمی به‌شداریکردنە له‌ خولێکی رێکخراوی (Internews) سەبارەت بە هه‌ستیاری جێنده‌ری.

 

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT