شەوی رابردوو چی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا رویدا؟
كاندیدە نوێیەكانی پۆستی پارێزگاری كەركوك یارییەكەیان تێكدا

  • 2019-05-28
كەركوك/هەڵبژاردنەكانی 2013ی پەرلەمانی عیراق/ لایەنگرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

شۆڕش خالید

تا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی بەباشی دەڕۆیشت بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم. بەڵام لەپڕ یارییەكە تێكچوو، كاتێك ناوی چەند كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاراستەی پارتی كرا، لەشوێنی فەرەیدون عەبدولقادر، كە بەپێی راگەیەنراوی وتەبێژی پارتی رێكەوتنی كۆتایی لەسەر كرابوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایار، دوای سێ رێككەوتن و حەوت مانگ گفتوگۆ، پەیوەندی نێوان ئەو دوو حزبە چووە قۆناغێكی ترەوە، كە رەنگە كاریگەری لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم هەبێت. ئەوەش كاتێك رویدا یەكێتی بایكۆتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیان كرد، كە بەپێی رێككەوتنی هەردولایان نێچیرڤان بارزانی تاكە كاندیدیان بوو.

شەوی رابردوو چی روویدا؟

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان چەند رۆژێكە لە كۆبونەوە و گفتوگۆی چڕدایە، بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، بەڵام ناكۆكی نێوانیان وایكرد نەگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر چۆنیەتی بەشداریكردنیان لە دانیشتنی پەرلەمان.

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆچونی زاڵ لە سەركردایەتی یەكێتی ئەوە بوو یەكێتی چی دەستدەكەوێت لە دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی، بۆچی پارتی ئامادەنییە لە بەرامبەر دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار قبوڵبكات؟".

"ئەم بۆچونە تادەهات لەنێو سەركردایەتی و ئەندامانی یەكێتیش زیاتر دەبوو. بەڵام بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی باوەڕیان وابوو حزبەكەیان پابەندبێت بە واژۆی كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و هەروەها رێككەوتنە زارەكییەكەی لەگەڵ مەسعود بارزانی"، سەرچاوەكە زیاتر وتی "تا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 27ی ئایار بڕیاربوو یەكێتی رازی بێت بە كاندیدكردنی  فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بەپێی لێكتێگەیشتنی بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ".

هەولێر/28ی ئایاری 2019/ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

 

ئەو كە لەبەر هەستاری بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "بەڵام دواتر ناڕەزایی فراوان دروستبوو لەسەر ئەو كاندیدە و بڕیاردرا لەنێو خۆیان كۆببنەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە".

سەركردە ناڕازییەكان كێ بون؟

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (كەركوك ناو) دراوە، هەریەكە لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، بە تایبەتیش باڵی كەركوكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی، لەگەڵ كاندیدكردنی فەرەیدون عەبدولقادر نەبون و بەتەواوی رەتیانكردۆتەوە.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەركردەكانی كەركوكی یەكێتی زۆر توند بون دژی كاندیدكردنی فەرەیدون عەبدولقادر، دوای گفتوگۆی بەردەوام و تاوتوێكردنی، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیش هەمان بۆچونیان هەبووە، بۆیە درەنگانێكی شەوی رابردوو ناوی چەند كاندیدێكی تریان بۆ پارتی ناردووە".

بابەكر سدیق ناسراو بە (كاكەڕەش)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك لەنێو ئەو كاندیدانە بون كە ناوەكان بۆ پارتی دیموكرات نێردراوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك. بەڵام پارتی هەر دوێنی شەو هەردوو ناوەكەی رەتكردۆتەوە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە لە سەركردایەتی یەكێتی و پارتی.

بابەكر سدیق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو ئاگاداری ئەوە نییە كە سەركردایەتی حزبەكەی كاندیدیان كردبێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك".

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك/گەرمیانی پارتی دیموكرات، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارتی ئەو پێشنیارەی پێ سەیر بوو، چونكە كاك مەسعود و كاك كۆسرەت لەسەر كاندیدكردنی فەرەیدون عەبدولقادر رێككەوتبون و بڕابۆوە، بەڵام دیارە ئەوان هەر نایانەوێت حكومەت پێكبهێنرێت و پرسی كەركوكیان كردۆتە پاساو".

پارتی شەوی رابردوو پێشنیاری كاندیدی نوێی پێ سەیر بوو، چونكە كاك مەسعود و كاك كۆسرەت لەسەر كاندیدكردنی فەرەیدون عەبدولقادر رێككەوتبون

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە رونكردنەوەیەكدا ئەمڕۆ سێشەممە جەختیكردەوە "لە 4ی ئازاری ئەمساڵ لەگەڵ یەكێتی لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ڕێككەوتین. بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم"، ئەویش بەپێی رێككەوتنی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی.

"لە دوای راگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریكردنی بەڕێز فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێككەوتبون"، هەر بەپێی وتەبێژی پارتی.

بەڵام مەحمود محەمەد، نیگەرانی خۆی نیشاندەدات لەوەی "كەچی كاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەركردەیەكی یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركوك بۆ ئێمە ناردووە كە ئەمە پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بووە".

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان

 

یەكێتی و پارتی تائێستا سێ رێككەوتنامەی واژۆكراویان هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دابەشكردنی پۆستەكان.

لەتیف شێخ عومەر، بەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، لە رونكردنەوەیەكدا وتی "له‌ رێككه‌وتنمان لەگەڵ پارتی كه‌ركوكمان كرده‌ سه‌نته‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له ‌كێشه ‌و گرفته‌كانی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، مه‌به‌ستمان بوو پارێزگارێكی كورد له ‌یه‌كێتی و به ‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێرین... بەڵام هه‌تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان له‌لایه‌نی پارتی دیموكراتەوە نه‌ك نابیرێن، به‌ڵكو هه‌رجاره‌ی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كێتی، (وه‌كو رێككه‌وتبووین له‌سه‌ری)، دروستده‌كه‌ن".

ئەوەش وەك یەكێتی دەڵێت، هۆكاری بەشدارینەكردنیان بووە لە كۆبونەوەكەی پەرلەمان.

لەگەڵئەوەشدا وتەبێژی یەكێتی وتی "هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌بێ ده‌نگی فراكسیۆنی یه‌كێتی، پرسی بڕیاردان و شه‌رعییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م بارودۆخێكی نوێوه‌، هه‌روه‌كو پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ر و پێشهاتی تازەوە‌".

تا درەنگانێكی شەوی رابردوو، چەند سەركردەیەكی یەكێتی و پارتی، بەردەوام لە پەیوەندیدابون لەگەڵ یەكتر بە ئامانجی رێككەوتن لەوانە قوباد تاڵەبانی، ئەرسەلان بایز، عومەر فەتاح و بافڵ تاڵەبانی لە یەكێتی و نێچیرڤان بارزانی، وشیار زێباری و مەحمود محەمەد لە پارتی دیموكرات، بەڵام ئەنجامی نەبووە.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی. لەگەڵ زۆرینەی سەركردایەتی و سەركردەكانی كەركوكی یەكێتی لەگەڵ ئەوەدان پارتی رەزامەندی نیشانبدات لەسەر كاندیدێكی یەكێتی، جا چ كاندیدە كۆنەكان بێت یان نوێیەكان ئینجا بچنە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە. بەڵام كۆسرەت رەسوڵ، قوباد تاڵەبانی و دەستەی كارگێڕی لەگەڵئەوەدا نین ئەوە بكرێتە مەرجی رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ پارتی.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی. لەگەڵ زۆرینەی سەركردایەتی و سەركردەكانی كەركوكی یەكێتی لەگەڵ ئەوەدان پارتی رەزامەندی نیشانبدات لەسەر كاندیدێكی یەكێتی، جا چ كاندیدە كۆنەكان بێت یان نوێیەكان

وتەبێژەكەی یەكێتی دەڵێت "ئەنجام و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ناواقعییانه‌ هه‌رچییه‌ك بێت، ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی به‌رامبه‌ر".

بەڵام ئەندام سەركردایەتییەكەی پارتی، وتی "هیوادارین ئەم كات كوشتنەی یەكێتی، تەنیا كێشەی ناوخۆیان بێت و پەیوندی بە لایەنی دەرەكییەوە نەبێت، چونكە دۆخی هەرێم و ناوچەكە زۆر هەستیارە و بەرگەی هیچ ئاڵۆزییەك ناگرێت".

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە رونكردنەوەكەیدا دەڵێت "پارتی هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژیی و ئاسانكاری لەبەرانبەر یەكێتی گرتەبەر... پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن ئەو گومانەیش دروستدەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوابخرێت و پەكبخرێت و بە ئەنجام نەگات".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT