جوتیارێك كوژراو نۆی تر برینداربون
زۆرینەی بەروبومی گوندەكانی ناوچەی حەفتەغار و كاكەییەكان سوتا

داقوق/29ی ئایاری 2019/ لەكاتی گەیشتنی نۆ بریندار بە نەخۆشخانە و گواسنتەوەیان بۆ كەركوك فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد ئەڵماس – داقوق

جوتیارێك گیانیلەدەستداو نۆی تریش بە سەختی برینداربون، لەوكاتەی هەوڵیاندا ئاگری بەروبوم و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لە قەزای داقوق بكوژێننەوە، بەڵام لە چەند لایەكەوە تەقەیان لێكراوە.

كاتژمێر 10ی شەوی 29ی ئایار، زۆرینەی بەروبوم و زەوییە كشتوكاڵی ناوچەی حەفتەغار و گوندە كاكەیینشینەكان لە قەزای داقوق سوتاو، هێرشی چەكداریش كرایە سەر ئەو جوتیارانەی كە دەیانوسیت ئاگری بەروبوم و زەوییەكانیان بكوژێننەوە.

پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە قەزای داقوق، رایگەیاند، كە ئاگرەكە لە سەرچاوەی نادیارەوە لەیەككاتدا چوار گوندی باشوری داقوقی گرتۆتەوە، لەوانە گوندەكانی دارا و عەلی مەسنور لە ناوچەی حەفتەغار، هەروەها گوندە كاكەیینشینەكان لەوانەش عەلی سەرایی و تۆپزاوە.

وتیشی "جوتیاران و گوندنشینان هەریەكە بەرەو زەوییە كشتوكاڵییەكانیان رۆیشتون بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنەوەی ئاگرەكە، بەڵام لە چەند لایەكەوە دەستڕێژی گولەیان لێكراوە و روبەڕوبونەوە رویداوە، بەهۆیەوە جوتیارێك بە تەقە كوژراوە و نۆی تریش برینداربون و برینەكانیان سەختە".

كەمێك لەمەوبەر، پەیامنێری (كەركوك ناو) لە نەخۆشخانەی گشتی قەزای داقوق گەڕایەوە، لەوكاتەی بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە لە داقوقەوە بەرە و كەركوك بەڕێكران.

ئەو وتی "ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن لە كەركوكەوە بەهانای بریندارەكان هاتووە بۆ گواستنەوەیان، چونكە داقوق تەنیا سێ ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی لێیە".

لەكاتی هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە، تراكتۆرێكی جوتیاران بە تەواوی سوتاوە و شۆفێرەكەی رزگاری بووە.

بەپێی وتەی گوندنشینان كە لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق قسەیان بۆ (كەركوك ناو) دەكرد، لەچەند لایەكەوە تەقە لە جوتیاران كراوە، بۆیە بەناچاری ناوچەكەیان چۆڵكردووە و لە كوژاندنەوەی ئاگری بەروبومەكانیان كشاونەتەوە.

لە ئێستادا ئاگری بەروبومی جوتیاران و زەوییە كشتوكاڵییەكان كۆنترۆڵنەكراوە و بەرگری شارستانی نەگەیشتونەتە ناوچەكە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی.

هێشتا رون نییە، سەرچاوەی ئاگرەكە چی بووە و ئەو چەكدارنەش كێن كە هێرشیانكردۆتەوە سەر ناوچەكە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT