وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد

نێچیرڤان بارزانی: رێگه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵنابژێرین

  • 2019-06-10

كه‌ركوك ناو

نێچیرڤان بارزانی، دوای سوێندخواردنی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوای پێكه‌وه‌كاركردنی كرد له‌گه‌ڵ عیراق و وڵاتانی دراوسێ، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی كاتێك نه‌خشه‌ڕێگای هاوبه‌ش داده‌نێن، رێگه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵنابژێرین و به‌ره‌و ئاراسته‌ی دروست ده‌چن.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یران له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ ئاماده‌بونی لێپرسراوانی باڵای عیراق و وڵاتانی دراوسێ و حزبه‌ كوردییه‌كان، له‌ نێویاندا سه‌رۆككۆماری عیراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، نێچیرڤان بارزانی له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم سوێندی یاسایی خوارد و ده‌ستبه‌كاربوو.

له‌ یه‌كه‌م وتاریدا دوای ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، بارزانی كه‌ دوه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ دوای مه‌سعود بارزانی، داوایكرد پێكه‌وه‌ ئاراسته‌ی هاوبه‌ش ده‌ستنیشان بكه‌ن و كاربكه‌ن له‌گه‌ڵ عێراق، دراوسێ و وڵاتانی جیهان بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی گونجاو دابین بكرێت.

"كاتێك پێكه‌وه‌ نه‌خشه‌ڕێگای هاوبه‌ش بۆ كوردستان و عێراق داده‌نێین، رێگه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵنابژێرین و به‌ره‌و ئاراسته‌ی دروست ده‌چین".

نێچیرڤان بارزانی وتی "ئومێدمان به‌ ده‌ستوور هه‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌توانرا وه‌كو خۆی جێبه‌جێبكرێت و ئه‌و عێراق بنیانبنرێت كه‌ هه‌موو گه‌لانی خه‌ونیان پێوه‌ده‌بین و هه‌رێمی كوردستان رۆڵ و به‌شداری كارای هه‌بوو و به‌رگری لێكردووه"‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ "هیچ به‌دیلی دیكه‌ی ده‌ستوور نییه‌، به‌ ئه‌زموونیش بینیمان پشتگوێخستنی به‌ مه‌به‌ست و بێ مه‌به‌ستی ده‌ستوور ده‌بێته‌ هۆی كێشه‌ و لێكترازان له‌ نێوان پێكخهاته‌كان، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌ كاری هاوبه‌ش رێز له‌ ده‌ستوور بگرن و جێبه‌جێی بكه‌ن".

نێچیرڤان بارزانی، 28ی ئایار، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی چوارساڵ، ئه‌وه‌ش  له‌ نێو چه‌ند كاندیدێكدا و له‌ پشكی پارتی، به‌ 68 ده‌نگ له‌ كۆی 81 په‌رله‌مانتاری ئاماده‌بوو.

دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ساڵی رابردوو له‌لایه‌ن هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی و گۆڕانه‌وه‌ سڕكرا، دوای وازهێنانی مه‌سعود بارزانی له‌و پۆسته‌.

پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، له ‌دوای ساڵی 2005ه‌وه لای مه‌سعود بارزانی بوو، ئه‌وه‌ش‌ به‌رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان.

بارزانی دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو و لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی جێناكۆك پۆسته‌كه‌ی جێهێشت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌سه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دابه‌شكرد، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دوجار واده‌ی یاسایی پۆسته‌كه‌ی بۆ درێژكرایه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT