ئاگر گه‌یشته‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كۆجۆ

ئاگر گه‌یشته‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كۆجۆ
نه‌ینه‌وا، 11ی حوزه‌یرانی 2019، ئاگر زیانی زۆری به‌ جوتیارانی گوندی كۆجۆی شنگال گه‌یاند فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئیبراهیم ئێزیدی – شنگال

ئاگری ده‌غڵ و دانه‌كانی شنگال، جگه‌ له‌ سوتاندنی روبه‌رێكی فراوان له‌ زه‌وی كشتوكاڵی، گه‌یشته‌ ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی ئاماده‌كراون بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی قوربانیانی ده‌ستی داعشی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

له‌ قه‌زای شنگال و به‌ تایبه‌ت له‌ گوندی كۆجۆ، ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ زه‌وی چێنراو به‌ گه‌نم و جۆ كه‌وۆته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ زیانی زۆر به‌ جوتیاران كه‌وت و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی قه‌زاكه‌ش، خه‌ڵی ئاواره‌ كرد.

مه‌ترسیی ئاگره‌كه‌ له‌ گوندی كۆجۆ بوو، به‌هۆی هه‌بونی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و گرنگی ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك دژی توندوتژییه‌كانی داعش دژی ئێزیدی، كه‌ شوێنی كۆمه‌ڵكوژی سه‌دان هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه و زێدی نادیه‌ موراد، كچه‌ رزگاربوی ئێزیدی و باڵێۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و براوه‌ی نۆبڵی ئاشتییه‌.

ئاگر گه‌یشتۆته‌ ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ له‌ گوندی كۆجۆ ئاماده‌كراون فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئیدریس به‌شار، كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی له‌ گوندی كۆجۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "داواكارین به‌ زوترین كات گۆڕه‌كان هه‌ڵبدرێنه‌وه‌، وا بۆ پێنج ساڵ ده‌چێت كه‌سوكاری ئێمه‌ كۆمه‌ڵكوژكراون و له‌و گۆڕانه‌دان.

مه‌ترسی ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌وه‌دایه‌ وه‌ك چۆن له‌ زستاندا لافاو و بارانی به‌خوڕ زیانی به‌ گۆڕه‌كان گه‌یاند، ئاگری ده‌غڵ و دانی جوتیارانیش زیان به‌ شوێنی گۆڕه‌كان و به‌ڵگه‌كان بگه‌یه‌نێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌مڕۆ ئاگره‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ چه‌ند گۆڕێكی ئاماده‌كراو بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌.

"ده‌سته‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان وه‌ك پێویست كارناكه‌ن، به‌وشێوه‌یه‌ كاتی زۆریان ده‌وێت، ئه‌گه‌ریش گۆڕه‌كان ئاگری زۆری پێبگات ئه‌وا ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ ونبونی به‌ڵگه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا هات".

یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له‌ گونجی كۆجۆی قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراق له‌ 15ی ئازاری ئه‌مساڵدا هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌ستیپێكرد و له‌وكاته‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، تائێستاش 10 گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌ و 138 روفاتی نێو گۆڕه‌كان ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون، بۆ پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، 11ی حوزه‌یرانی 2019، ئاگر له‌ناحیه‌ی قه‌یره‌وانی شنگال چه‌ندین خێزانی ئاواره‌كرد فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

باسر ئه‌لیاس، رۆژنامه‌نوس له‌ گوندی كۆجۆ بۆ‌ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد ئاگره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی شنگال گه‌یشتۆته‌ سنوری گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش زیانی به‌ ماڵی هاوڵاتیان گه‌یاندووه‌.

له‌و گونده‌، ته‌نیا یه‌ك ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ هه‌بووه‌ و به‌هۆی فراوانی ئاگره‌كه‌وه‌، كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌سته‌م بووه‌ و مه‌ترسی هه‌یه‌، ته‌واوی سنوری گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و پرۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان زیانیان به‌ربكه‌وێت.

بەپێی دوایین ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدیان له‌ وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه‌ مێژوه‌كانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش له دوای ‌ئابی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

جگه‌ له‌ گوندی كۆجۆ، هه‌ر ئه‌مڕۆ ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ گونده‌كانی ناحیه‌ی قه‌یره‌وان كه‌وتنه‌وه‌ و به‌هۆی نزیكی له‌ ماڵه‌كانه‌وه‌، ده‌یان خێزان ئاواره‌ بون.

روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عیراق، به‌ تایبه‌ت له‌ نه‌ینه‌وا و قه‌زای شنگال، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ وه‌رزی دروێنه‌ و جگه‌ له‌ زیانی ماددی، له‌ رۆژانی رابردودا زیانی گیانیشی لێكه‌وته‌وه‌ و دوو جوتیار به‌هۆی سوتانه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ستدا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT