پلانێكی نوێی له‌ نه‌ینه‌وا جێبه‌جێده‌كرێت

پلانێكی نوێی له‌ نه‌ینه‌وا جێبه‌جێده‌كرێت
نه‌ینه‌وا، حوزه‌یرانی 2019، خاڵێكی پشكنینی سوپای عیراق له‌ ناوچه‌كانی مه‌خمور فۆتۆ: وه‌زاره‌تی به‌رگری

كه‌ركوك ناو

وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، له‌رێی پلانێكی نوێی ئه‌منییه‌وه‌ هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان ده‌دات له‌ سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌ جیاوازه‌كانی نێو شاری موسڵ، له‌ نێویاندا ته‌قینه‌وه‌ و هێرشی موشه‌كی.

سه‌رباری نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌ كۆتایی داعش، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداری و مه‌ترسی هێرش له‌ چه‌ندین شار به‌ تایبه‌ت ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ جۆرێك هه‌فتانه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌ مه‌ده‌نی و سه‌ربازی ده‌بنه‌ قوربانی.

وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، هێزه‌كانی سوپا رێگای به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو قه‌زای مه‌خمور و دوبز كۆنتڕۆڵده‌كه‌ن، له‌رێی دانانی چه‌ندین خاڵی سه‌ربازییه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی سوپای عیراقی، هه‌وڵده‌درێت بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان پڕبكرێنه‌وه‌ و رێگری بكرێت له‌ دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش له‌ چیای مه‌خموره‌وه‌ بره‌و گوند و ناوچه‌كانی تر، كه‌ بۆمبی چێنراو ده‌چێنن و هێرشده‌كه‌ن.

ئه‌و هه‌وڵه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، چه‌ندین روداوی ئه‌منی له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا له‌ نه‌ینه‌وا تۆماركراون، له‌ نێویاندا ئاراسته‌كردنی موچه‌ك به‌ره‌و باره‌گا سه‌ربازییه‌كان و ته‌قینه‌وه‌.

شه‌وی سێشه‌ممه‌، 18ی حوزه‌یران، موشه‌كێك له‌ به‌ری راستی موسڵه‌وه‌ ئاراسته‌ی باره‌گایه‌كی ئه‌منی كرا له‌ به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی گیانی لێبكه‌وێته‌وه‌.

لیواروكن نومان عه‌بدولنه‌جم زوبه‌یعی، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نه‌ینه‌وا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رونیكرده‌وه‌ ئه‌و موشه‌كه‌ هیچ ئامانجێكی نه‌پێكاوه‌ و هێزه‌كانیش شوێنی ئاراسته‌كردنی موشه‌كه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌، بۆیه‌ دڵنیایی دایه‌ خه‌ڵك بارودۆخی ئه‌منی له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت.

چه‌ند كاتژمێرێك دوای ئاراسته‌كردنی ئه‌و موشه‌كه‌، ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئاشكرایكردووه‌، توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری نه‌ینه‌وا شوێنی موشه‌كه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌، به‌بێ ده‌ستگیركردنی هیچ كه‌سێك.

شاری موسڵ، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ حوكمڕانی داعش، له‌ ته‌مموزی 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌ و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت، تائێستاش هه‌زاران خێزانی سنوره‌كه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT