سه‌رۆكوه‌زیران: كێشه‌ی ترمان ناوێت
حكومه‌تی عیراق لیژنه‌یه‌كی بۆ كه‌ركوك پێكهێنا

سه‌رۆكوه‌زیران: كێشه‌ی ترمان ناوێت<br>حكومه‌تی عیراق لیژنه‌یه‌كی بۆ كه‌ركوك پێكهێنا
كه‌ركوك، 2014، دیمه‌نێكی ناوه‌ندی شار له‌سه‌ر قه‌ڵای مێژویی شاره‌كه‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌دواداچونی چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك پێكهێنا، له‌ نێویاندا په‌ككه‌وتنی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌‌نجومه‌ن و بودجه‌ی پارێزگاكه‌، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجی رێگریی له‌ دروستكردنی كێشه‌ی زیاتر.

به‌پێی به‌لاغی كۆبونه‌وه‌ی سێشه‌ممه‌ 18ی حوزه‌یرانی ئه‌نجومه‌نی عیراق، بڕیاریدراوه‌ به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكوه‌زیران بۆ چاره‌سه‌ری بابه‌تی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، تا ده‌نگ له‌سه‌ر پلانی پرۆژه‌كانی 2019 بدات و په‌سه‌ندی بكات.

ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری پلاندانان و ئه‌ندامێتی وه‌زیرانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، پیشه‌سازی، پارێزگاری كه‌ركوك، دیوانی چاودێری دارایی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوان پارێزگاكانه‌، دواتریش ده‌ره‌نجامی به‌دواداچونه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ و له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا وتی "نامانه‌وێت كێشه‌ی تر بۆ كه‌ركوك بوروژێنین، بۆیه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئێستا نیوه‌ی ساڵ تێپه‌ڕیووه‌، به‌ڵام هێشتا كه‌ركوك پلانی پرۆژه‌كانی په‌سه‌ندنه‌كراوه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نه‌یتوانیووه‌ كۆبێته‌وه‌.

به‌وته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، كاری لیژنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا پلانی پرۆژه‌كان په‌سه‌ندبكات.

به‌غدا، 18ی حوزه‌یرانی 2019، كۆبونه‌وه‌یه‌ی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

پێشتر و له‌ 11ی حوزه‌یراندا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌واژۆی زیاتر له‌ 21 ئه‌ندام له‌ نێویاندا زۆرینه‌ كورد، ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی پرۆژه‌كانی 2019، ئه‌وه‌ش له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاریدا، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك شكستی هێنا و نه‌یتوانی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان بۆ دانیشتنی ئاسایی كۆبكاته‌وه‌.

عه‌لی حه‌مادی، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كاروباری هونه‌ری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "واژۆی زیاتر له‌ 21 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن و یاداشتی كۆبونه‌وه‌ راوێژكارییه‌كه‌ به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی پلاندانان و ئه‌وانیش ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان كرد، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رێنمایی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و بڕیاریداوه‌ به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

"واته‌ كار به‌و یاداشته‌ی  كۆبونه‌وه‌كه‌ و واژۆكانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن نه‌كراوه‌".

وه‌ك حه‌مادی رونیكرده‌وه‌، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی پلاندانان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن کۆده‌بێته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ بۆ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی شاره‌که‌ ده‌كات، له‌ حاڵه‌تێکدا توانای ئه‌نجامدانی کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نه‌بوو ئه‌وا پارێزگار سه‌رپشک ده‌کرێت بۆ په‌سه‌ندکردنی بودجه.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، پێشتر ناكۆكی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر داواكارییه‌كی راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت بۆ ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بودجه‌ی پرۆژه‌كان و پاره‌ی پترۆدۆلار.

ئه‌و داوایه‌ ئه‌نجومه‌نی كرده‌‌ دوو به‌ره‌ و به‌شێكیان به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری داواكارییه‌كه‌ی جبوری-یان كرد، به‌وپێیه‌ی ورده‌كاریی پلانی پرۆژه‌كان و چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌یان پێشكه‌شنه‌كراوه‌.

كه‌ركوك، 11ی حوزه‌یرانی 2019، كۆبونه‌وه‌ی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاكه‌ره‌ش سدیق، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك پێشتر له‌باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ به‌ په‌سه‌ندكردنی پلانی پرۆژه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و هه‌نگاوه‌ یاساییه‌، چونكه‌ واژۆی 21 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن شه‌رعیه‌ت ده‌داته‌ پرۆسه‌كه‌ و ئێمه‌ش 23 واژۆمان هه‌بووه"، وتیشی "رێككەوتین پرسەكە تێپەڕێنین بەمەرجی ئەوەی تێبیەنیەكانی لیژنەی پرۆژەكان وەك خۆی جێبەجێبكرێت".

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، 9ى نيسان یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا دوای ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌ په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی، ئه‌وه‌ش بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ پارێزگاكه‌ له‌ نێویاندا بودجه و بڕیاریدا له‌ دانیشتنێكدا ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌كان بدات، به‌ڵام بۆ چه‌ندجارێك شكستیهێنا له‌ كۆبونه‌وه.

عه‌لی حه‌مادی ده‌ڵێت بڕیاره‌ لیژنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، گفتوگۆی هۆكاره‌كانی په‌ككه‌وتنی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكات، كه‌ هۆكاره‌ بۆ دواكه‌وتنی پرۆژه‌كان و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌.

یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك وتی "بودجه‌ی شاره‌كه‌ ده‌گاته‌ 313 ملیار دینار و به‌و بودجه‌یه‌ نزیكه‌ی 430 پرۆژه‌ و 20 هه‌زار هه‌لی كار ده‌ره‌خسێت، كه‌ ئێستا شاره‌كه‌ به‌ده‌ست نه‌بونی پرۆژه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت".

حه‌مادی هیواخواز بوو به‌ زویی ئه‌و لیژنه‌یه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات، له‌ نێویاندا كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بگاته‌ كۆتایی ساڵ و پلانی پرۆژه‌كان په‌سه‌ندنه‌كرێن، ئه‌وا بودجه‌كه‌ ده‌فه‌وتێت.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كه‌ركوك، دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ په‌كیكه‌وت كه ‌رۆڵێكی سه‌ره‌كی چاودێری بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT