لەسەر سكاڵاكە وتەی لێوەردەگیرێت... راكان سەعید گەیشتە دادگای كەركوك

كه‌ركوك، 19ی ئایاری 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

كەركوك ناو

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، كەمێك لەمەوبەر گەیشتە دادگای كەركوك بۆ وەرگرتنی وتەكانی لەبارەی ئەو سكاڵایەی لەسەری تۆماركراوە.

بەپێی سەرچاوەیەك لە دادگای كەركوك كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 11:30 راكان سەعید گەیشتە دادگای كەركوك و لە ئێستادا وتەی لێوەردەگیرێت و هێشتا لە دادگا ماوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".

"دادوەری لێكۆڵینەوە لە كەیسی راكان سەعید كشایەوە"
بەپێی سەرچاوەیەك لە دادگای كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، كەمێك لەمەوبەر (كاتژمێر 1:30) كەیسی لێكۆڵینەوە لە راكان سەعید، لە دادوەر سەباح مەجید ئیبراهیم وەرگیرایەوە و دراوە بە دادوەرێكی تر، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو دادوەرە فشاری لەسەرە و كشاوەتەوە، وەك سەرچاوەكە جەختیلێكردەوە.
دادوەر سەباح مەجید ئیبراهیم، كە دۆسیەكەی راكان سەعیدی لێ وەرگیراوەتەوە، پێشتر و لە 3ی حوزەیرانی 2018، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ رێبوار فایەق عەبدولمەجید (رێبوار تاڵەبانی)، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت دەركرد.
كۆتایی هەفتەی رابردوو، دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك، "بڕیاری دەستگیركردنی" راكان سەعید پارێزگاری كەركوك دەركرد، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوەی (كەركوك ناو) كە جەختیانكردەوە بڕیارەكە لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێك بووە بە تۆمەتی "بەهەدەردانی ٩٥٠ ملیۆن دیناری" ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش كۆنترۆڵكراونەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەیكی تری (كەركوك ناو) وتی "تەنیا بانگهێشتكردنە نەك بڕیاری دەستگیركردن".

تەنیا بانگهێشتكردنە نەك بڕیاری دەستگیركردن

كردنەوەی ئەو دۆسیەیە بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، كاتێك پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە كەركوك پرسی "بەهەدەردانی 950 ملیۆن دینارەكەی" بردۆتە داواكاریی گشتیی كەركوك و لەوێوە كەیسەكە جوڵێنراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاری ئەو دۆسیەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "دیلان غەفور، پەرلەمانتاری كەركوكی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دۆسییەكەی بردۆتە دادگای كەركوك و لەڕێی داواكاریی گشتییەوە سكاڵای كردووە، دواتر سكاڵاكە بۆ رەزامەندی نیشاندان ئاراستەی بەغدا كراوە".

وتیشی "دوای ئەوەی داواكە لە بەغداوە گەڕاوەتەوە، كۆتایی هەفتەی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كەركوك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ راكان سەعید دەركردووە، بەڵام راكان چۆتە بەغدا و هێشتا نەگەڕاوەتەوە".

سەرچاوەیەكی تر كە نزیكە لە وردەكاریی هەوڵەكانی دیلان غەفور پەرلەمانتارەكەی یەكێتی و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سكاڵاكەی دیلان لە دژی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەسەر بەهەدەردانى سامانى وڵات بووە".

سكاڵاكەی دیلان لە دژی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەسەر بەهەدەردانى سامانى وڵات بووە

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئەو دوو سەرچاوەیە بە (كەركوك ناو)یان داوە، بەشێكی زۆری ئەو پارەیەی كە بۆ ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دانراوە، "لە میوانخانەكەی راكان سەعید خەرجكراوە".

بەپێی چەند وەسڵێك كە چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە و چەند كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، ژەمە خواردن بە بڕی جیاواز جیاواز لە دوو ملیۆنەوە بۆ پێنج ملیۆن، بۆ میوانخانەی پارێزگار خەرجكراوە، بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی راستی ئەو بەڵگەنامانە بسەلمێنێت و هەروەها رون نییە ئایا لە ماوەی چەند-دا خەرجكراوە و ئەو خواردنە بۆ كێ و چۆن بووە. دیاریش نییە ئەو بەڵگانە چ پەیوەندییەكیان بە دۆسییەكەی پەرلەمانتار دیلان غەفورەوە هەبووە.

هەموو ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كرد و جەختیان لەسەر بونی بڕیارێك بۆ "دەستگیركردنی راكان سەعید" دەكردەوە، بەڵام هیچ كۆپییەكی بڕیارەكەیان پێنەبوو.

دیلان غەفور، لەبارەی ئەو كەیسەوە، رەتیكردەوە بچێتە ناو وردەكاریی بابەتەكەوە و تەنیا وتی "من چاوەڕوانی بڕیار و هەڵوێستی دادگام".

(كەركوك ناو)، نەیتوانی لێدوانی دادگا و پۆلیس لەسەر ئەو كەیسە وەربگرێت، هەروەها نوسینگەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت وەڵامی هیچ پەیوەندییەكیان نەداوەتەوە.

هاوکات، چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رەتیانكردەوە ئاگاداری ئەو پرسە ببن و تەنیا ئازاد جەباری، ئەندامی یەكێتیی لە لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی هەیە بڕیاری دەستگیركردن نییە، تەنیا بانگهێشتكردنێكی پارێزگارە لەسەر ئەو دۆسیەیە و شتێكی وا نییە".

راكان سەعید، لە 11ی حوزەیران سەردانی دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوكی كرد و لە راگەیەنراوێكدا وتی "سەردانە بۆ پیرۆزبایی مانگی رەمەزان بووە".

جگە لە دۆسییەكەی دیلان غەفور، چالاكوانی مەدەنی ئەدهەم جومعە، یەكێكە لەو كەسانەی سكاڵای لەسەر پارێزگاری بەوەكالەت تۆماركردووە، لەسەر ئەوەی "ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كەركوكی تێكداوە و بە بڕیاری ئەوە هێرشی كردۆتە سەر خۆپیشاندەران".

ئەدهەم جومعە بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵێك و شەش مانگ لەمەوبەر خۆپیشاندانمان كرد دژی ئەوەی ئاشتەوایی پێكهاتەكانی تێكداوە، بەڵام لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە بە بڕیاری راكان سەعید دەستگیركراین، ئێمەش لە پۆلیس و مافی مرۆڤ سكاڵامان تۆماركرد".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT