"پارتی بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە"
هەرێم و ناوەند نزیكدەبنەوە لە رێككەوتن

كەركوك/ئایاری 2017/ لە ناوەندی شار، ئاڵای هەریەكە لە هەرێمی كوردستان و عیراق پێكەوە لەسەر قەڵا دەشەكێتەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سۆران محەمەد – کەرکوك

هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەند نزیكدەبنەوە لە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لە نێویاندا دۆخی ئەمنی، سەربازیی و زەوییە كشتوكاڵییەكان، بڕیاریشە وەك یەكەم هەنگاو پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی بارەگاكانی بەدەستبهێنێتەوە و دواتر بۆ ئەو پارێزگایە بگەڕێتەوە.

ئەو هەوڵە نوێیە دوای گفتوگۆیەكی چڕی سێ مانگی لیژنەیەكی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی دێت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، كە تەواوی گفتوگۆكان بە سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوەدەچن.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە و گفتوگۆکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک گەیشتۆتە ئاستێکی باش و گرنگ، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".

لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە و گفتوگۆکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک گەیشتۆتە ئاستێکی باش و گرنگ

لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی گفتوگۆكان بەردەوامی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لەنێویاندا گەڕانەوەی حزبەكەیان كە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە چالاكییەكانیان لەو پارێزگایە راگرتووە و نەگەڕاونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (كەركوك ناو) دراوە، گفتوگۆكان لەسەر سێ ئاست بەڕێوەدەچن، بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی ناو شار، دۆسیەی سەربازیی و كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان، لەگەڵ چۆڵكردن و رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكرات لەو شارە كە لەئێستادا هێزە عیراقییەكان لێی جێگیربون.

شاخەوان عەبدوڵا وتی "بابەتی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی و گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە پەیوەستە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و هەڵگرتنی ئەو دۆخە سەربازییەی لەسەر شارەکە هەیە".

سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی لێكتێگەیشتن و دانوستانەكان بێت بەمنزیكانە رێككەوتنی كۆتایی رادەگەیەنرێت و پارتیش لە ناوەڕاستی مانكی تەمموز دەگەڕێتەوە كەركوك و هەموو بارەگاكانی بەدەستدەهێنێتەوە".

لەسەر پرسی دۆسیەی ئەمنی ناو كەركوك، رای زاڵ ئەوەیە رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت، ئەم بۆچونەش نەتەوەیەكگرتوەكان پشتیوانی دەكەن، هەروەها سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەكانی حەشد و پێشمەرگەش لە دەرەوەی پارێزگاكە جێگیربكرێن، پرسی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بۆ پەرلەمانی عیراق جێبهێڵدرێت، كە لە ئێستادا پەرلەمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.

پرسی دۆسیەی ئەمنی ناو كەركوك، رای زاڵ ئەوەیە رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت، ئەم بۆچونەش نەتەوەیەكگرتوەكان پشتیوانی دەكەن

خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی و ئەندامی دانوستانکار بۆ دۆخی کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "نزیکەی سێ مانگە کۆبونەوەکان بەجدی بەڕێوەدەچن بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوک، نەتەوەیەکگرتوەکان راستەخۆ سەرپەرشتی دەكەن، لە کۆبونەوەکاندا هەنگاوی باش نراوە بە تایبەت لەسەر دۆسیەی زەویە کشتوکاڵییەکان، بابەتی ئەمنیی و سەربازیی شاری کەرکوک".

"ئومێدەوارم لە داهاتویەکی نزیکدا بگەینە رێکەوتنی یەکجاری بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک"، خالید شوانی وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT