لە رزگار عەلییەوە تا رزگار عەلی
ئەو پیاوەی 16 ساڵە پارتی ناهێڵێت ببێت بە پارێزگاری كەركوك

رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و كاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك فۆتۆ: كوردسات

گۆران بابان - كەركوك

"پارتی كاندیدی خۆی هەیە و پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت"، ئەمە بۆچونی دواین كۆبونەوەی یەكێتیی و پارتی نییە لەسەر پرسی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، بەڵكو مێژووەكەی بۆ 16 ساڵ لەمەوبەر و بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە؛ قوربانی یەكەمی ئەو ململانێیە 16 ساڵییەی نێوان ئەو دوو حزبە لە كەركوك، رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە.

ئەو بۆچونەی پارتی دیموكراتی کوردستان دوای ئەوە هات، كە یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و خودی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردوی ئەو حزبە، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنەوەی كەركوك، رزگار عەلی-یان بۆ پۆستی پارێزگار كاندید كرد، ئەوكاتەی كورد لە كەركوك دەسەڵاتی گرتەدەست و حزبی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن لە دەسەڵات لابرا.

ئەنجومەنی كاتی بێلایەنێكی كردە پارێزگار

لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس لە 9ی نیسانی 2003دا، بەهەوڵی هاوپەیمانان و بە رێككەوتنی نێوان پێكهاتەكان، ئەنجومەنێكی كاتی بۆ كەركوك دانرا و هەریەكە لە یەكێتیی و پارتیش كەوتنە ململانێیی توندەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگار.

رزگار عەلی، كە ئەوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و پارێزگاری كەركوك بوو لە ئیدارەی سلێمانی، بە بڕیاری خودی جەلال تاڵەبانی و سەركردایەتی حزبەكە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندید كرا.

محەمەد کەمال، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و لێپرسراوی لقی سێی پارتی، كە وەك خۆی دەڵێت ئامادەی زۆرینەی دانیشتنەكانی ئەوكات بووە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەش وەک پارتی ئەوكات کاندیدی خۆمان هەبوو، دانانی پارێزگار ئەوكاتیش هەروا سادە و ئاسان نەبوو، دوای گفتوگۆی چڕ و ماوەیەك بۆ ئەو مەبەستە، لەپێناو یەکڕیزی ماڵی کوردی كاندیدەكەمان كشاندەوە".

ئێمەش وەک پارتی ئەوكات کاندیدی خۆمان هەبوو، دانانی پارێزگار ئەوكاتیش هەروا سادە و ئاسان نەبوو

دانوستانەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە سەرەتای روخانی رژێمی بەعسدا ئەنجامی نەبوو، بەهۆی بونی دوو كاندید بۆ ئەو پۆستە، هەر بۆیە لە ژێر فشاری ئەمریكادا هەردولا قایلکران بە دەنگدان بە كاندیدێكی بێلایەنی كورد، ئەویش عەبدولڕەحمان مستەفا بوو.

عەلی قەڵایی، کارگێڕی مەڵبەندی کەرکوکی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارتی جۆرێک لە رەتکردنەوەی هەبوو بۆ کاندیدی یەکێتی کە رزگارعەلی بوو، مام جەلالیش دواتر ئەو كێشەیەی رەواندەوە و كۆدەنگی كرا لەسەر دانانی عەبدوڕەحمان مستەفا".

هەرچەندە محەمەد كەمال، دەڵێت ئەوان رزگار عەلییان رەتنەكردۆتەوە، بەڵام دەڵێت پارتی كاندیدی خۆی هەبوو.

"زۆرینەی بڕیارەكان لە سەرەتادا هەر بەدەستی ئەمریكا و وڵاتانی هەرێمایەتی بوو، ئەوان رۆڵی گەورەیان بینی لەوەی پرسی پارێزگارێكی كاتی بۆ كەركوك تا هەڵبژاردنی 2005 زۆر نەخایەنێت و رێككەوتن كرا"، محەمەد كەمال وایوت.

ئەو ئەنجومەنە كاتییە و پارێزگاری كاتی كەركوك، تا 30ی كانونی دووەمی 2005 لەكاردابون كە ئەوكات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو و تیایدا رزگار عەلی وەك سەرۆكی لیست و عەبدولڕەحمان مستەفا كاندیدێكی لسیتەكە بوو بۆ ئەنجومەنی پارێزگا.

رزگار عەلی، لە ناوەڕاستی وێنەكە، كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، لە چەپییەوە عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشوتری كەركوك و لە دەستە راستییەوە رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت

ئەو لیستە (برایەتی)، كە لە حزبە كوردییەكان و ژمارەیەك كەسایەتی عەرەب، توركمان، كریستیانی و بێلایەن تیایدا كاندید بون، بە 26 كورسی بووە هێزی یەكەمی ئەنجومەنەكە لە كۆی 41 كورسی.

ئەوكات جارێكی تر یەكێتی خواستی خۆی بۆ كاندیدكردنەوەی رزگار عەلی بۆ پۆستی پارێزگار نیشاندا، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەمریكییەكان جارێكی تر پێیانباشبوو كاندیدێكی بێلایەن ئەو پۆستە وەربگرێت.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی برایەتیی و لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوكاتیش هاوشانی ئێستا ناكۆكی هەبوو لەنێوان یەكێتی و پارتی لەسەر ئەو پۆستە و هەردولا دەیانویست كاندیدی خۆیان بسەپێنن، بەڵام كۆی پرسەكە ئەمریكییەكان چارەسەریان كرد و هەر خۆیان سەرپەرشتی دۆخەكەیان دەكرد، تا عەبدولڕەحمان مستەفا، وەك پارێزگار دانرایەوە".

یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی هەڵبژێردراو لە 6ی ئازاری 2005دا بەڕێوەچوو تا كۆتایی ئازاری 2011، عەبدولڕەحمان مستەفا لە پۆستەكەیدا مایەوە.

عەرەب و توركمان بە هەردولایان 16 ئەندامی ئەنجومەنیان هەبوو، جوان وتی "ئەوانیش دەنگیان بە عەبدولڕەحمان مستەفا دا، لە بەرامبەردا جێگری پارێزگار و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بەو دوو پێكهاتەیە درا".

رزگار عەلی، بەو هۆیەوە بۆ جاری دووەم نەیتوانی پۆستەكە بەدەستبهێنێتەوە و وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردرا، تا كۆتایی 2011 بەپێی رێككەوتنی پێكهاتەكانی كەركوك پۆستەكەی بۆ حەسەن تۆران لە پێكهاتەی توركمان جێهێشت.

عەلی قەڵایی، کارگێڕی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، وتی "بەگشتی پارتی هەر لەسەرەتاوە داژیەتی یەكێتی دەكرد، بۆ نمونە سەرەتای كەوتنی حزبی بەعس لە 2003دا نیگەرانی خۆیان گەیاندبووە ئەمریكییەكان لە هاتنەناوەوە و مانەوەی پێشمەرگەكانی یەكێتی لەناو شار".

بەگشتی پارتی هەر لەسەرەتاوە داژیەتی یەكێتی دەكرد

بەپێی وتەی قەڵایی، ئەوكات عەرەب و توركمان زۆر رۆڵیان نەبوو لە یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسانە، پرسەكە زیاتر دەتوانرا یەكێتی و پارتی یەكلاییبكەنەوە.

"رەتكردنەوەی رزگار عەلی لەلایەن پارتییەوە ئەوكات زۆر جێگای نیگەرانی ئەندامانی یەکێتی نەبوو، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی خراپیان بینی و بووە جێی نیگەرانی مام جەلال و نیگەرانییەكانیشی پێگەیاندبون"، عەلی قەڵایی واده‌ڵێت.

رزگار عەلی، كاندیدی نوێی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك فۆتۆ: پەیجی بڵێسە جەبار فەرمان

پارتی بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، له‌نێو لیستی برایه‌تیدا كه‌ رزگار عه‌لی، ئه‌ندامی ئێستای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، حه‌وت كورسی به‌ده‌ستهێنا لە هەڵبژاردنەكەی 2005 و دوای ئه‌و یه‌كێتیی به‌ پێنج ئه‌ندام، یه‌كگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی هه‌ریه‌كه‌ به‌ سێ ئه‌ندام. هەشت كورسییەكەی تریش بەسەر حزبە كوردییەكانی تر، بێلایەن، كریستیان، توركمان و عەرەبەكانی نێو لیستی برایەتیدا دابەشبوون.

محەمەد کەمال، كە دوای هەڵبژاردنەكە وەكو سەرۆكی لیستی برایەتی دیاریكرا، بە (كەركوك ناو)ی وت "مەسەلەی کەرکوک بابەتێکی هەستیار و ئاڵۆزە، تەنیا پەیوەست نییە بە پارتیی و یەکێتییەوە، بۆیە هەموو خەتاکە لە ئەستۆی ئەو دووانە نییە".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ساڵی 2005دا، بەپێی یاسای بریمەر بەڕێوەچوو، بەپێی یاساكە لیستی براوە، پۆستی پارێزگاری بردەوە.

"پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن بۆ لیستی برایەتی بوو، چونكە زۆرینەی رەهای برد، دواتر عەبدولڕحمان هەمیشە بەوە ناودەبرا کە بەپاڵپشتی پارتی ئەو پۆستەی پێدراوە"، جوان وایوت.

پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن بۆ لیستی برایەتی بوو، چونكە زۆرینەی رەهای برد

عەبدولڕەحمان مستەفا كە هەشت ساڵ پارێزگاری كەركوك بوو، هەردەم خۆی وەكو كەسێكی بێلایەن ناودەبرد و لە لیستی برایەتیشدا كاندیدی ژمارە چوار بوو.

بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك لە ساڵی 2011دا گۆڕانكاریی لە پۆستە سیادییەكاندا كرا، لەو نێوەندەدا یەكێتی نەجمەدین كەریم-ی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندید كرد و سەرۆكی ئەنجومەنیش كە لای رزگار عەلی بوو، درا بە پێكهاتەی توركمان.

رزگار عەلی كە ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە،  بە بڕیاری حزبەكەی لە ساڵی 2011 كرا بە لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی و تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بۆ هیچ پۆستێكی كەركوك ناوی نەهێنرا.

نەجمەدین كەریم، بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق و دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ە كە بەهۆیەوە هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك گەڕانەوە، لە پۆستی پارێزگاری كەركوك لابرا و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی جارێكی تر رزگار عەلی بۆ پۆستی پارێزگار كاندید كردەوە.

بەهۆی پەككەوتنی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و نەگەڕانەوەی ئەندامەكانی پارتی بۆ كەركوك
(بە پاساوی خراپی دۆخی ئەمنی)، نەتوانراوە رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن تەواوبكرێت و بەو هۆیەوە رزگار عەلی نەیتوانیووە پۆستەكە بەدەستبهێنێتەوە.

كه‌ركوك/ئایاری 2017/ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو 

هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك، بەستراوەتەوە بە بڕیاری پارتی بەهۆی بونی 11 ئەندامی ئەنجومەن كە دەتوانن پرسەكە یەكلاییبكەنەوە.

دوای ئەوەی یەكێتی لەو ماوەیەدا نەیتوانی پرسەكە لە بەرژەوەندی رزگار عەلی، لەگەڵ عەرەب و توركمان یەكلاییبكاتەوە، جارێكی تر لەگەڵ پارتی كەوتەوە گفتوگۆکردن.

تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا، ئەو دوو حزبە دەیان كۆبونەوەیان بۆ ئەو كردووە، بەڵام پارتی كاندیدكردنی رزگار عەلی و چەند كاندیدێكی تری یەكێتی رەتكردۆتەوە.

پاساوی پارتی ئەوەیە، "هیچ كاندیدێك قبوڵناكات بەشداریی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری كردبێت"، بەڵام بە رونی تا ئێستا لەسەر بەشداریی رزگار عەلی لە 16ی ئۆكتۆبەر هیچی نەوتووە.

یەكێتی لە ئێستادا پرسی بەشداریی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەستۆتەوە بە پەسەندكردنی یەكێك لە كاندیدەكانی، كە لە دواین هەڵوێستیدا ئەم هەفتەیە ناوی سێ كاندیدی بۆ پارتی ناردووە لە نێویاندا رزگار عەلی تیادایە.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لە دواین هەڵویستی حزبەكەیدا 26ی حوزەیران وتی "بەڕاشکاوی بە یەکێتیمان وتووە ئێمە قارەمانەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک قبوڵناکەین، چۆن سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێممان بێ یەکێتی هەڵبژارد، دەتوانین حکومەتیش پێکبهێنین"، لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا.

بەڕاشکاوی بە یەکێتیمان وتووە ئێمە قارەمانەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک قبوڵناکەین

دوای 16 ساڵ، رزگار عەلی، ئێستا چاوەڕێی ئۆكەی پارتی دەكات لەبارەی رەتكردنەوەی یان پەسەندکردنی بۆ پۆستی پارێزگار و لەو بارەیەشەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەكە رزگار عەلی نییە، پۆستی پارێزگار پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان یەكێتیی و پارتییەوە هەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT