230 ئاوارەی گەڕاوە سودمەندبون
دابەشكردنی چەكی قەرەبوكردنەوە دەستپێدەكات

كەركوك/ئایاری 2017/ لە ناوەندی شار، ئاڵای هەریەكە لە هەرێمی كوردستان و عیراق پێكەوە لەسەر قەڵا دەشەكێتەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

ئۆفیسی كەركوكی ماددەی 140 دەستیكردەوە بە پێدانی چەكی قەرەبوكردنەوە بەو ئاوارانەی كە لە سەردەمی حزبی بەعسدا لە كەركوكەوە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان راگوێزرابون، ئەوەش دوای لە ساڵی 2014ەوە پرۆسەكە راگیرابوو.

یه‌کشه‌ممە 7ی تەمموز، 230 خێزانی راگوێزراو چەكی قەرەبوكردنەوەیان پێدرا، كە هەر چەكێك بڕەكەی 10 ملیۆن دینارە.

کاکه‌ڕه‌ش سدیق، سه‌رۆکى لیژنه‌ى جێبەجێكردنی ماددە‌ى 140 لە ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "پرۆسەكە دەستیپێكردۆتەوە، دوای ئەوەی حكومەتی عیراق بۆ ئەمساڵ و لە بودجەدا بڕى 50 ملیار دیناری بۆ مادده‌ى 140 تەرخانكرد".

وتیشی "500 ناومان بۆ حكومەتی عیراق نارد تا چەكی قەرەبویان بۆ بكەن، بەڵام ئەوان وەك قۆناغی سەرەتا تەنیا 230 كەسیان قبوڵكرد و بڕیارە پرۆسەكە بەردەوامبێت".

500 ناومان بۆ حكومەتی عیراق نارد تا چەكی قەرەبویان بۆ بكەن، بەڵام ئەوان وەك قۆناغی سەرەتا تەنیا 230 كەسیان قبوڵكرد

قەرەبوكردنەوەی ئاوارەكان بەشێكە لە قۆناغێكی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، ئەوەش لەڕێی گەڕانەوەی ئەوانەی لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆكەوە بۆ دەرەوەی پارێزگاكە راگوێزرابون، هەروەها قەرەبوكردنەوەی ئەو خێزانانەی بۆ پارێزگاكە هاوردەكرابون.

ئەوانەی راگوێزرابون هەر خێزانێك بڕی 10 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، لە بەرامبەردا هاوردەكان بڕی 20 ملیۆنیان پێدەدرێت و رەوانەی شوێنەكانی خۆیان دەكرێنەوە.

كاكەڕەش سدیق هاوكات لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی جێبەجێكردنی ماددەی 140ە، وتی "له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی عیراق گفتوگۆمان كرد و داوامان لە حكومەتی عیراق كرد له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى ته‌رخان کراوه‌ 20 ملیارى دینارى بۆ ئۆفیسى که‌رکوکی جێبەجێكردنی ماددەی 140 تەرخانبكرێت، به‌ڵام ره‌زامه‌ندییان ده‌رنه‌بڕیوه،‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى بڕى پاره‌که‌ که‌مه‌، به‌ڵام به‌ڵێنیان پێداوین‌ پارەی زیاتر بدرێت بە ئۆفیسی كەركوك".

به‌ڵێنیان پێداوین‌ پارەی زیاتر بدرێت بە ئۆفیسی كەركوك

لەبارەی ریزبەندی ئەو خێزانانەی چەكەكەیان پێدەدرێت، كاكەڕەش وتی "ئێمه‌ سەرەتا ناوى ئه‌و خێزانانەمان ناردووە كە كەمدەرامەتن، یان نەخۆشییان هەیە و راپۆرتی پزیشكیان هەبووە، یان ئەوانەی باوك یان دایكیان لەدەستداوە.

ئەو 230 كەسەی یەكشەممە چەكەكەیان وەرگرت، ئەوانەن لە سەردەمی حزبی بەعس راگوێزرابون و هیچیان لە هاوردەكان نەبون.

جێبەجێكردنی ماددەی 140 لەڕێی سێ قۆناغەوە دەبێت، ئاسایكردنەوە، سەرژمێریی و راپرسی. بەڵام جێبەجێكردنی ماددەكە هێشتا لە قۆناغی ئاسایكردنەوەدایە كە قەرەبوكردنەوەی ئاوارەكان و ناردنەوەی هاوردەكان بەشێكە لەو قۆناغە.

بەپێی ئامارەكانی ئۆفیسی كەركوكی جێبەجێكردنی ماددەی 140، تائێستا 42 هەزار خێزان چەكی قەرەبوكردنەوەیان وەرگرتووە و 20 هەزار چەكی تر ماوە دابەشبكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT