یەكێتیی و پارتی دوای 21 مانگ رێككەوتن
تەیب جەبار، كاندیدی لیستی برایەتییە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك

یەكێتیی و پارتی دوای 21 مانگ رێككەوتن<br>تەیب جەبار، كاندیدی لیستی برایەتییە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك
ئەندازیار تەیب جەبار، كاندیدی لیستی برایەتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك

هەردی عەبدوڵا

تەیب جەبار، وەكو كاندیدی لیستی برایەتی، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە قبوڵكرا، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیەنرا.

لە كۆنگرەكەدا كە هەریەكە لە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و حاكم قادر، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئامادەی بون، رێككەوتنی نێوانیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك راگەیاند.

مەحمود محەمەد، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، وتی "ژمارەیەكی زۆر سیڤیمان بۆ هاتبوو بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئێمەش هەندێك مەرجمان هەبوو بۆ ئەو كەسەی دەبێتە كاندید بۆ ئەو پۆستە، دواجار تەیب جەبار وەكو كاندیدی لیستی برایەتی قبوڵكرا".

ژمارەیەكی زۆر سیڤیمان بۆ هاتبوو بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئێمەش هەندێك مەرجمان هەبوو بۆ ئەو كەسەی دەبێتە كاندید

وتیشی "ئێمە لەگەڵ پێكەوەژیانی پێكهاتەكانداین لە كەركوك و پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكەین بۆ ئارامیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، هەوڵەكانیش بەردەوامدەبێت قۆناغ بەقۆناغ بۆ ئەنجدامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك".

حاكم قادر، وەك نوێنەری یەكێتیی لە كۆنگرەكەدا، وتی "ئەوانەی خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردبوو هەمویان خەڵكی باش و بەهەڵوێست و دڵسۆز بون... پارێزگاری داهاتوی كەركوك پارێزگاری هەموو نەتەوەكان دەبێت بەبێ جیاوازی".

وتیشی "لەگەڵ نەتەوەكانی تر گفتوگۆ دەكەین لەبارەی كەركوك و لەگەڵ ئاشتەواویی و ئارامیداین بۆ شارە".

تەیب جەبار كاندیدی قبوڵكراو بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، خەڵكی گوندی تەپەلوی باشوری خۆرهەڵاتی كەركوكە و ئەندازیارە، پێشتریش پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەبووە لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی دادەنیشێت.

كاندیدكردنی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەكاتێكدایە هیچ وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی تەیب جەبار لە ئەنجومەنی پارێزگا دانەنراوە، كە پێویستی بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی ئەنجومەن هەیە.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە پەكیكەوتووە و تەنیا لەیەك دانیشتندا نیسابی یاسایی ئەندامان تەواوبووە.

پەككەوتنی كارەكانی ئەنجومەن، دوای ئەوە هات ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا، كە 11 ئەندامن، دانیشتنەكانیان بایكۆت كرد و دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئامادەنەبون بگەڕێنەوە بۆ ئەو پارێزگایە و شارەكە بە "داگیركراو" دادەنێن.

لیستی برایەتی لە ئەنجومەن كە تەیب جەبار تاكە كاندیدیانە بۆ پۆستی پارێزگار، لە 26 ئەندام پێكدێت و لەحاڵەتێكدا ئەگەر توركمان و عەرەبیش بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەن بكەن، هەر دەتوانن پارێزگاری كەركوك هەڵبژێرن.

پارێزگای كەركوك كە لە 2005ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تێدا نەكراوە، ئێستا ئەنجومەنەكە لە 41 ئەندام پێكدێن، 26 ئەندامی لیستی برایەتی، نۆ ئەندامی كوتلەی توركمان و شەش ئەندامی پێكهاتەی عەرەب.

لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكۆتۆبەری 2017ەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن راكان سەعید جبوری، لەپێكهاتەی عەرەب بەوەكالەت بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی نەجمەدین كەریم، لە پشكی كورد پۆستەكەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە لێسەندرایەوە.

تەیب جەبار، كە لەئێستادا چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو پۆستەیەتی، لە ساڵی 1954 لە گوندی تەپەلوی ناحیەی قەرە حەسەن لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی هەر لە كەركوك خوێندوە و ساڵی 1976 كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی سلێمانی تەواوكردووە و نزیكە لە بنەماڵەی تاڵەبانییەوە.

جگەلەوەش ناوبراو، شاعیرە و دۆستایەتی هەیە لەگەڵ ئەدەبدا و خاوەنی ژمارەیەك كتێبی ئەدەبییە.

یەكێتیی پێشتر دەیان كەسی تری بۆ ئەو پۆستە كاندیدكرد، بەڵام پارتی ئامادەنەبوو قبوڵیان بكات و چەند جارێكیش جەختیكردەوە "ئەوانەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە نابێت ببنە پارێزگاری كەركوك".

پارتی پێیوایە بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتیی و ئەوانەی پێشتر كاندیدكرابون هۆكاربون بۆ كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT