پەروەردە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت
حاسیبە كێشە بۆ هەزاران خوێندكاری كورد لە كەركوك دروستدەكات

پەروەردە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت<br>حاسیبە كێشە بۆ هەزاران خوێندكاری كورد لە كەركوك دروستدەكات
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەرى سەرپەرشتیارى گشتى خوێندنى کوردى فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

هەزاران خوێندكاری كورد لە كەركوك داوای دوبارەكردنەوەی تاقیكردنەوەی وانەی كیمیای پۆلی شەشەمی ئامادەیی دەكەن و بەشێكیان هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان جێهێشت، ئەوەش دوای ئەوەی رێگرییان لێكرا ئامێری حاسیبە بەكاربهێنن لەوەڵامدانەوەی پرسیارەكاندا.

ئەو كێشەیە چوارشەممە 10ی تەمموز رویدا، كاتێك بەهیچ شێوەیەك رێگەنەدرا ئامێری حاسیبە ببرێتە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، ئەوەش ناڕەزایی فراوانی خوێندكارانی كوردی بەدواداهات.

كێشەكە بەهۆی ئەوەوەیە، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رێگەیداوە بە بەكارهێنانی حاسیبە لە وەڵامدانەوەی تاقیكردنەوەكانی ئەو وانەیە، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی عیراق قەدەغەی كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە خوێندنی كوردی لە كەركوك لەسەر پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمە.

پەروین فاتیح، بەڕێوەبەرى سەرپەرشتیارى گشتى خوێندنى کوردى، كە پابەندبووە بە بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی عیراقەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تەمموز، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كەركوك، وتی "ئەو کێشەیە هى ئێستا نییە، بەڵکو لە سەرەتاى دەستپێکردنى خوێندنى کوردییەوە لە کەرکوك روبەڕوی خوێندكاران بۆتەوە و چارەسەرنەكراوە".

ئەو کێشەیە هى ئێستا نییە، بەڵکو لە سەرەتاى دەستپێکردنى خوێندنى کوردییەوە لە کەرکوك روبەڕوی خوێندكاران بۆتەوە و چارەسەرنەكراوە

وتیشی "كرۆكی كێشەكە ئەوەیە پڕۆگرامی خوێندنی كوردی لە كەركوك لەسەر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمى کوردستانە و سستمى تاقیکردنەوەکانیشمان حکومەتى عیراقى بەڕێوەى دەبات کە ئەمە خۆى لەخۆیدا کێشەیە".

بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق بردنە ژورەوەی ئامێری حاسیبە بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بە قۆپییە ئەژماردەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بۆ هەردوو وانەی كیمیا و فیزیا رێگەپێدراوە، وەك پەروین جەختیلێكردەوە.

چارەسەر چییە؟

لێپرسراوانی خوێندنی كوردی، شاندێكیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە، تا داوا لە حكومەتی عیراق بكرێت تاقیكردنەوەی ئەو وانەیە دوبارەبكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی خوێندكارێكی زۆر زەرەرمەندەبن و هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان جێهێشتووە.

"داواکارین حکومەتى کوردستان بەزوترین کات پەیوەندى بە بەغداوە بکات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێـت، لەبەرئەوەى رۆژى شەممە 13ی تەمموز تاقیکردنەوەى وانەى فیزیا هەیە و هەمان كێشەمان روبەڕودەبێتەوە"، پەروین وایوت.

ۆژى شەممە 13ی تەمموز تاقیکردنەوەى وانەى فیزیا هەیە و هەمان كێشەمان روبەڕودەبێتەوە

ئەوەش لەكاتێكدایە دوو مانگ لەمەوبەر لێپرسراوانی خوێندنی كوردی، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمیان لەو كێشەیە ئاگاداركردۆتەوە تا لەگەڵ بەغدا قسە بكەن.

بۆ ئەمساڵی خوێندن، چوار هەزار و 248 خوێندكاری شەشەمی ئامادەیی بەشداریی تاقیكردنەوەكان دەكەن، بەڵام پەروین رەتیكردەوە ژمارەی ئەو خوێندكارانە ئاشكرابكات كە هۆڵی تاقیكردنەوەی وانەی كیمیایان جێهێشتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT