دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی
عه‌ره‌بی كه‌ركوك خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا

دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی<br>عه‌ره‌بی كه‌ركوك خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا
كه‌ركوك، 12ی ته‌مموزی 2019، خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب دژی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

ده‌یان هاوڵاتی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركوك، دژی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی پارێزگار خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا، داوایانكرد رێگریی بكرێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بارودۆخی پارێزگاكه‌ بۆ پێش روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.

له‌و خۆپیشاندانه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12ی ته‌مموز له‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگا به‌رێوه‌چوو، ده‌یان هاوڵاتی عه‌ره‌ب و لایه‌نگرانی حزبه‌ عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك، به‌ دروشمی "به‌ گیان و خوێن قوربانیت بۆ ده‌ده‌ین كه‌ركوك" دژی هه‌وڵه‌كانی دانانی پارێزگاری نوێ وه‌ستانه‌وه‌.

خۆپیشاندانه‌كه‌دا، كاتژمێر 5ی ده‌مه‌وئێواره‌، له‌ رێوشوێنی توندی ئه‌منیدا ئه‌نجامدرا و به‌شداربوان، دژایه‌تی خۆیان بۆ كاندیده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی راگه‌یاند.

تەیب جەبار، وەكو كاندیدی لیستی برایەتی، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە قبوڵكرا، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە نیوەڕۆی پێنجشەممە 11ی ته‌مموز راگەیەنرا.

لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكۆتۆبەری 2017ەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن راكان سەعید جبوری، لەپێكهاتەی عەرەب بەوەكالەت بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی نەجمەدین كەریم، لە پشكی كورد پۆستەكەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە لێسەندرایەوە.

هاوكاتی خۆپیشاندانه‌كه‌، ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، كه‌ زۆربه‌ی حزبه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی تێدایه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا جگه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی، داوایانكرد رێگری بكرێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی شاره‌كه‌ بۆ به‌ر له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ ئه‌وان به‌ سه‌رده‌می "ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی، دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی نه‌ناسراو، تاڵانی و خاپوركردنی گونده‌كان" ناوی ده‌به‌ن.

ئاشكراكردنی كاندیده‌كه‌ی پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەكاتێكدایە هیچ وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی لە ئەنجومەنی پارێزگا دانەنراوە، كە پێویستی بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی ئەنجومەن هەیە.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە پەكیكەوتووە و تەنیا لەیەك دانیشتندا نیسابی یاسایی ئەندامان تەواوبووه‌، به‌هۆی بایكۆتی پارتییه‌وه‌.

پێشتریش عه‌لی مه‌هدی، وته‌بێژی به‌ره‌ی توركمانی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك موڵكی كورد نیه‌ به‌پێی ده‌ستور و یاسای عیراقی" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی.

هه‌روه‌ها وتی "رێككه‌وتن له‌ نێوان هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ حكومییه‌كان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی هه‌یه‌ بۆ خوڵقاندنی قه‌یرانی ئیداری و سیاسی و ئه‌منی له‌ كه‌ركوك كه‌ عه‌ره‌ب و توركمان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن".

پارێزگای كەركوك كە لە 2005ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تێدا نەكراوە، ئێستا ئەنجومەنەكە لە 41 ئەندام پێكدێن، 26 ئەندامی لیستی برایەتی، نۆ ئەندامی كوتلەی توركمان و شەش ئەندامی پێكهاتەی عەرەب.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT