پارتی: سكاڵامان كرد و كاندیدمان نابێت
15 حزبى كوردى له‌ كه‌ركوك كار بۆ یه‌كلیستی ده‌كه‌ن

كه‌ركوك، ئابی 2019، كۆبونه‌وه‌ی نوێنه‌ری حزبه‌ سیاسییه‌كانی كه‌ركوك ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

15 لایه‌ن و حزبی سیاسی كورد له‌ كه‌ركوك، له‌ گفتوگۆدان تا لیستێكی هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پێكبهێنن، ئه‌وه‌ش به‌بێ به‌شداری پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ سكاڵای تۆماركردووه‌ و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كاندیدی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هه‌بێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ی ئاب له‌ باره‌گای كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ شاری كه‌ركوك، نوێنه‌ری مه‌كته‌ب و ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی 15 لایه‌نی كوردی كۆبونه‌وه‌ بۆ تاوتوێی پێكهێنانی یه‌كلیستی، به‌ ئامانجی یه‌كخستنی ده‌نگی كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا.

محه‌مه‌د جه‌لیل، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، وتی "هەمووان هاوڕابوین بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگا بكەین بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، كە پێشتر ئێمە بۆچونی پارتیمان بە تەلەفۆن وەرگرت".

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق به‌ كه‌ركوكه‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامبدرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ ده‌نگی به‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان نه‌دا به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌وه‌ به‌هۆی تێبینییان له‌سه‌ر بارودۆخی كه‌ركوك و ئه‌و رێكارانه‌ی تایبه‌ت به‌ پارێزگاكه‌ دانراون، له‌ كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كانی كه‌ركوكدا به‌شدارنه‌بون.

یاسای هەڵبژاردن ئەوەندە مەترسیدارە بۆ كورد، جگە لە یەك لیستی هیچ ڕێگایەكی ترمان لە پێش نییە

خه‌سرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی به‌ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌ لە دادگای فیدراڵی عیراق سکاڵایان تۆمار کردووە، دوای ئەوەش دوای په‌رله‌مان بڕیاریدا هەڵبژاردنی پارێزگاکان کەرکوکیش بگرێتەوە.

گۆران ره‌تیشیكرده‌وه‌ حزبه‌كه‌ی کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریکردبێت.

له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، چه‌ند مه‌رج و رێكارێك بۆ كه‌ركوك دانراون، له‌ نێویاندا وردبینی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌رێی به‌راوردكردنی كۆبونی خۆراك به‌ تۆماری باری شارستانی، تا ئه‌وانه‌ی وه‌ك یه‌ك نین ناوه‌كان بسڕدرێته‌وه‌.

رێبوار ته‌ها، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ دوو په‌رله‌مانتاری تری حزبه‌كه‌یدا به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كانی له‌ كه‌ركوك كرد، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی "15 حزب و لایه‌ن هاوڕابوین كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكات، چونكە كورد لەم شارە تاكە چاره‌سه‌ر یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگییه‌".

"یاسای هەڵبژاردن ئەوەندە مەترسیدارە بۆ كورد، جگە لە یەك لیستی هیچ ڕێگایەكی ترمان لە پێش نییە، ئێمە وەك پەرلەمتارانی كورد لە گەڵ هەمواری یاساكە نەبووین بەڵام بە زۆرینەی ئەندامانی غه‌یره‌ كورد یاساكە پەسەند كرا".

هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، ته‌مموزی ئه‌مساڵ په‌سه‌ندكرا، دوای چه‌ند مانگێك له‌ كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆ.

رێبوار ته‌ها داواده‌كات "وه‌ك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان یه‌كگرتووبن، تا ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر كه‌ركوكدا هاتووه‌ تێپه‌ڕێندرێت".

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 14 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له‌ نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT