792 هه‌زار ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن
خـه‌رجی رۆژانـه‌یان نزیكه‌ی چـوار ملیۆن دۆلاره‌

شنگال/ منداڵێكی ئاوارەی ئێزیدی لە دەلاقەیەكی ژورێكی ماڵەكەیدا دەڕوانێتە خێمەی ئاوارەكان لەسەر چیای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم شنگالی

كه‌ركوك ناو

له‌ هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌ 792 هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌ و خه‌رجی رۆژانه‌یان ده‌گاته‌ نزیكه‌ی چوار ملیۆن دۆلار، له‌و ژماره‌یه‌ش ژماره‌یه‌كی كه‌میان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا 212 هه‌زار كه‌سیان له‌ كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین.

به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاواره‌ تۆماركراوه‌كان له‌ 792 هه‌زار و 915 كه‌س پێكهاتون، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 247 هه‌زار په‌نابه‌ری سوریا، توركیا، ئێران و فه‌له‌ستین.

له‌ كۆی ژماره‌ی ئاواره‌كان، ته‌نیا 212 هه‌زار و 903 كه‌س له‌ كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین، كه‌ له‌ 40 هه‌زار خێزان پێكهاتون و دابه‌شبون به‌سه‌ر 29 كه‌مپدا له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا، وه‌ك له‌ ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كاندا هاتووه‌، ته‌نیا هه‌زار و 303 ئاواره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 275 خێزان پێكهاتون، له‌ به‌رانبه‌ردا هه‌ر له‌و مانگه‌،  748 كه‌س دوباره‌ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان بونه‌ته‌وه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان.

به‌پێی ناوه‌ندی قه‌یرانه‌كان؛ خه‌رجی داواكراوی رۆژانه‌ی ئاواره‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته‌ سێ ملیۆن و 800 هه‌زار دۆلار، ئه‌وه‌ش بۆ مانگێك 115 ملیۆن و له‌ ساڵێكیشدا ئه‌و خه‌رجییه‌ ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار ده‌كات.

زۆرینه‌ی ئاواره‌كان ده‌كه‌ونه‌ پارێزگای دهۆك، به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 47 و به‌دوای ئه‌ودا هه‌ولێر، سه‌دا 27ی ئاواره‌ و پارێزگای سلێمانیش سه‌دا 26ی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانی عیراق له‌ خۆده‌گرن.

ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا 40یان له‌ عه‌ره‌بی سونه‌، سه‌دا 30 له‌ ئێزیدی، سه‌دا 13 له‌ كورد، سه‌دا 7 له‌ كریستیان و سه‌دا 10ی دیكه‌ش له‌ توركمان و شیعه‌ و شه‌به‌ك و ئه‌رمه‌نی پێكهاتون.

ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان، له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، 189 رێكخراوی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ نێویاندا ئاژانسه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان وه‌ك هاوبه‌شی مرۆیی له‌ دۆسیه‌ی ئاواره‌كاندا كارده‌كه‌ن و زۆرینه‌یان ده‌كه‌وێته‌ پارێزگای هه‌ولێر.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT