كەیسی سێ هەزار بێسەروشوێن لە دادگای كەركوكە

كەركوك/4ی ئابی 2019/ پیاوێكی بە تەمەن، وێنەیەكی كوڕە بێسەروشوێنەكەی بەدەستەوەیە و بۆی دەگریت، لە كۆنگرەی خاچی سوری نێودەوڵەتی فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – كەركوك

راکان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئاشكرایدەكات كە كەیسی سێ هەزار كەسی بێسەروشوێن و ونبوو لە دادگای كەركوكە و جەختیشیكردەوە "حزب هەیە هێزی ئەمنی هەیە و بەشێك لە ونبووەكان لای ئەوانن"، بەبێ ناوهێنانیان.

ئەو وتەیەی راكان سەعید، لە كۆنگرەیەكی رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیدا هات بە هاوكاری نوسینگەی كەركوكی مافی مرۆڤی عیراق كە ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاب بەڕێوەچوو، بە بۆنەی رۆژی جیهانی ونبووان.

راکان سەعید وتی "تاوەکو ئێستا 3000 هەزار کەسی بێسەروشوێن لە كەركوك هەن و كەیسەكانیان لە دادگای كەركوكە و سكاڵایان تۆماركردووە، بەڕونی دەڵێم کە حزب و هێزی ئەمنی هەیە مۆڵەتی لە حکومەتی عیراق وەرگرتووە و بەشدارن لە دیارنەمان و بێسەروشوێنكردنی هاوڵاتیان، ئەوانەی بیسەروشوێنن یان چارەنوسیان نادیارە بەشێکیان بەهۆی کاری سیاسییەوە بووە و بەشێکی تریان بەهۆی تیرۆرەوە".

حزب و هێزی ئەمنی هەیە مۆڵەتی لە حکومەتی عیراق وەرگرتووە و بەشدارن لە دیارنەمان و بێسەروشوێنكردنی هاوڵاتیان

"ئەو کەسانەی بەهۆی تیرۆرەوە بێسەروشوێنن با بدرێن بە یاسا، ئەگەر تاوانبارن با یاسا سزایان بدات، بەشێکی تریان بەهۆی کاری سیاسییەوە دەستگیرکراون، بەڵام لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە لە نوسینگەی مافی مرۆڤ هیچ حاڵەتێکی بێسەروشوێنکردن بوونی نەبووە".

نوک هاپ، لێپرسراوی عیراقی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی، وتی "ئەم کۆنگرەیە بەشێکە لە زنجیرە چالاکییەک کە لەسەرانسەری عیراق رێکخراوە، ئامانجمان گەیاندنی چەند پەیامێکە بۆ دەسەڵاتداران و ئەو کەسانەی کە رۆڵیان هەیە لە دۆزینەوەی چارەنوسی ونبوەکان، ئێمە هەوڵدەدەین بەردەوام بگەڕێین بەدوای ئەو کەسانەی چارەنوسیان نادیارە لە سایەی ناکۆکی چەکداریییەوە".

wnbu (3)

كەركوك/4ی ئابی 2019/ سێ منداڵ كە باوكیان چەند ساڵێكە بێسەروشوێنە و چارەنوسی نادیارە، لەگەڵ دایكیان بەشدارییان كرد لە كۆنگرەی خاچی سوری نێودەوڵەتی فۆتۆ: سۆران محەمەد

رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی لەماوەی دوو ساڵدا توانیویەتی چارەنوسی 1500 کەس بگەیەنێت بە كەسوكاریان، كە پێشتر هیچ هەواڵێكیان نەبووە.

نوك هاپ وتی "ئەو ژمارەیە ژمارەیەکی زۆر زۆر کەمە بەراورد بەو کەسانەی کە تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە".

لە 20ی تەمموزی ئەمساڵ، گردبونەوەى سیاسى عەرەبى لە کەرکوک، ناوی 1000 بێسەروشوێنی رادەستی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك كرد و هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتیان تۆمەتباركرد بە دەستگیركردن و زیندانیكردنی رۆڵەكانیان.

راكان سەعید، ئەوكات لە وتارێكی كۆنگرەكەدا، وتی "رۆڵەى هەموو ئەوانەى دانیشتون، بەبێ فەرمانى دادوەر دەستگیرکراون... پێویستە بەغدا و هەرێمى کوردستان ئاگاداربن بۆ ئەوەى دەستگیرکراوەکان یاخود کەسوکارەکانیان هۆکارى دەستگیرکردنەکەیان بزانن و بە گفتوگۆ ئازادیان بكەن".

هەروەها وتی "هەزار یان دوو هەزار کەسمان لەدوای ساڵی 2003وە لەلایەن ئاسیشى پارتی و یەکێتییەوە دەستگیرکراون، بەڵام با رەخنە لە خۆشمان بگرین بەهۆى پێشوازى لە داعشەوە لە ناوچەكانمان زیاتر لە 7000 کەسمان کوژران و سەربڕدران".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT