"عادل عەبدولمەهدی داوایكردووە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دوابخرێت"

بەغدا/4ی ئەیلولی 2019/ كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری كورد و توركمان

كەركوك ناو

عادل عەبدولمەهدی، داوایكردووە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دوابخرێت، ئەوەش بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا كە جەختیكردەوە هۆكارەكەی "بۆ پاراستنی هاوسەنگیی و دۆخی ئێستای شارەكەیە".

ئاوات محەمەد، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "دانانی کەسێکی کورد وەک پارێزگاری کەرکوک ئەگەر بۆ ماوەی یەک هەفتەش بێت دەستکەوتە بۆ کورد و پێویستە هەوڵی جدی بۆ بدرێت،  گفتوگۆکان لەگەڵ عەرەب وتورکمان بەردەوامی هەیە و لە ئێستادا ناتوانین بڕیاری ئەوە بدەین کە ئاخۆ پرسی دانانی پارێزگار پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت یان دوادەخرێت".

زیاتر وتی "بیرمان نەچێت عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، داواکارییەکی ئاراستەی سەرکردایەتی کوردی کردووە و تیایدا هاتووە: بۆ پاراستنی هاوسەنگیی و دۆخی ئێستای کەرکوک جارێ پرسی دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ماوەیەک دوابخەن یان، بخرێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک".

ئەو وتەیە لەكاتێكدایە هەوڵەكانی لیژنەی دانوستانكاری كورد لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی توركمان و عەرەب بەردەوامی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك. لە دواین كۆبونەوەشیاندا شەوی 4ی ئەیلول لە بەغدا دانوستانەكانیان ئەنجامی نەبوو.

شەمسەدین مەحمود، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لەبارەی دواكەوتنی دانانی پارێزگار، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەوردی چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆکانین کە لەبەغدا بەڕێوەدەچێت و نامانەوێت پرسی دانانی پارێزگار بخرێتە دوای هەڵبژاردن، چونکە ئێمە رێکكەوتنمان لەگەڵ پارتی ئەوەیە پێش هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار یەکلاییبکرێتەوە".

لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی، پارتی سورە لەسەر ئەوەی پێویستە پێکهاتەکانی دیکە بەو پرسە رازیبکرێن و دڵنییایان پێبدرێت.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە 11ی ته‌مموزی 2019 بڕیاریاندا به‌ كاندیدكردنی ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك.

شەمسەدین مەحمود وتی "ناکرێت پرسەکە لەوە زیاتر دوابخرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT