سێیەكی دەنگدەرانی كەركوك كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووە

كەركوك/23ی ئەیلولی 2019/ هەڵمەتێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ هاندانی دەنگدەران بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان فۆتۆ: راگەیاندنی كۆمسیۆن

سۆران محەمەد – كەركوك

سێیەكی دەنگدەرانی كەركوك، كارتی بایۆمەتری (دەنگدان)یان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا كەمتر لە 20 رۆژ ماوە وەك دوا وادە بۆ بایۆمەتری.

ئەو زانیارییانە لەلایەن وتەبێژی لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە لە سیمینارێكدا خرایەڕوو كە نیوەڕۆی پێنجشەممە 26ی ئەیلول رێكخرا.

عەبدولباست دەروێش، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)ی وت "ئامانجی ئەم سیمینارە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکانی تازەکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری بكەن".

نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی كۆمەڵی مەدەنیی و دەزگاکانی راگەیاندن لە سیمینارەكەدا بەشداربون.

بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی كەركوك، لە ملیۆنێك و 11 هەزار دەنگدەر، تەنیا 700 هەزار كەس كارتی دەنگدانیان وەرگرتووە، كە لەسەدا 67ی دەنگدەران دەكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دەبێت دەنگدەر كارتی بایۆمەتری پێبێت ئینجا دەتوانێت دەنگبدات.

عەبدولباست دەروێش وتی "لەئێستادا کۆمیسیۆن هەموو هەوڵێکی داوە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە مردن و ناوی دوبارە".

دەربارەی ئەوەی کێ مافی دەنگدانی نابێت، وتەبێژەکەی کۆمسیۆن وتی "هەر هاوڵاتییەک تەمەن 18 ساڵ بێت و لەڕوی یاساییەوە مامەڵەی فەرمی هەبێت مافی دەنگدانی دەبێت، ئێمە لایەنێکی جێبەجێکارین تا ئێستا ئەنجومەنی کۆمسیاران هیچ نوسراوێکی فەرمی بۆ نەناردوین کە کێ مافی دەنگدانی نییە لە کەرکوک".

لەبارەی ئاوارەكانیشەوە، جەختیكردەوە "ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکان نیشتەجێن دەبێت لەناو کەمپەکانی خۆیان دەنگبدەن و سندوقی دەنگدان لە کەمپەکان دادەنرێت، بەڵام ئەو هاوڵاتییانەی کە لە شارەکانی هەرێمن دەبێت لە شارەکانی خۆیان دەنگبدەن بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT