مەرجی گۆڕینی سیستمی سوتەمەنی ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆ غاز هەڵوەشایەوە

كه‌ركوك/ته‌مموزی 2017/ بازاڕێكی میللی شاره‌كه‌ له‌ نزیك قه‌ڵا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كەركوك

وەزارەتی ناوخۆی عیراق مەرجی گۆڕینی سیستمی سوتەمەنی ئۆتۆمبێلی لە بەنزینەوە بۆ غاز هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ كەمكردنەوەی هەندێك باج و رسوماتی مامەڵەی گۆڕینی ساڵنامە و دەركردنی مۆڵەتی شۆفێری.

ئەو بڕیارە كە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هاتوچۆ لە پارێزگاكانی عیراق گشتێنراوە، لەئێستا هەڵوەشاندنەوەی لە پارێزگای كەركوك چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

عامر نەریمان، لێپرسراوی راگەیاندن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەگەرچی پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆوە بڕیارێک هەبوو بەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگاکانی عیراق کە کاری کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، یاخود مەنەفێستە و ژمارەی بۆ نەکراوە، ئەوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکان مامەڵەکەی رادەگیرێت تاوەکو سیستمی سوتەمەنی ئۆتۆمبێلەکە لە بەنزینەوە نەگۆڕێت بۆ غاز".

بەڵام لەنوێترین بڕیاری وەزارەتی ناوخۆدا، وەك عامر نەریمان جەختیلێكردەوە "ئەو بڕیارە هەڵوەشاوەتەوە و لەمەودوا ئەو مەرجە رەچاوناکات"، زیاتر وتی "ئێستا لەكەركوك هەر ئۆتۆمبیلێک كە کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت یان خاوەنەکانیان بیانەوێت ساڵنامە و بریكارنامەكەی بگۆڕێت كارەكانیان راییدەكرێت بەبێ مەرجی گۆڕینی سیستمی سوتەمەنی".

ئەو بڕیارە هەڵوەشاوەتەوە و لەمەودوا ئەو مەرجە رەچاوناکات

هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە جگە لە تەكسی، تەواوی جۆرەكانی تری ئۆتۆمبێلیش دەگرێتەوە، تەنیا جگە لەو ئۆتومبێلە نەبێت کە بۆیەکەمجار دەهێنرێنە پارێزگاکە و ژمارەیان نییە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، حكومەت مەرجی گۆڕینی سیستمی سوتەمەنی ئۆتۆمبێلی لە بەنزینەوە بۆ غاز خستە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەش ناڕەزایی شۆفێرانی بەدواداهات.

ناڕەزاییەكە بەهۆی ئەوەوە بوو كە گۆڕینی سیستمەكە 500 هەزار دیناری تێدەچوو و لە ئەستۆی شۆفێر خۆی بوو.

وتەبێژی هاتوچۆی كەركوك، وتیشی "بڕیارێکی تری وەزارەتی ناوخۆ هەیە تایبەتە بە کەمکردنەوەی رسومات و باج لەسەر مامەڵەی هاوڵاتیان و شۆفێران، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی باری دارایی شۆفێران لەکۆی مامەڵەکاندا".

بەڵام ئەو بڕیارە و چۆنیەتی جێبەجێكردنی دراوەتە دەست لیژنەیەك و بەمنزیكانە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئاشكرادەكرێت، وەك وتەبێژی هاتوچۆی كەركوك وتی.

ئەو بڕیارە نوێیانە هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتیانی عیراق لەدژی نەبونی بێكاریی، خزمەتگوزاریی و گەندەڵی و هەوڵی فراوانكردنی ناڕەزاییەكان لە هەینی داهاتوو لە 25ی تشرینی یەكەم.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT